بەشی بیست و شەشەمی ئەدەب؛ پەخشانی کوردی:

وشەی پەخشان وەکوو لە فەرهەنگدا هاتووە لە وشەی پەخش وەرگیراوە کە بە مانای بەرز دێ وەکوو زاراوەش وشەی پەخشان بۆ ئەو بەرهەمە ئەدەبی و زانستییە بە کاردێ کە نەخرابێتە چوارچیوەی کێش و سەروا و زمانی هەڵبەستەوە.


وشەی پەخشان وەکوو لە فەرهەنگدا هاتووە لە وشەی پەخش وەرگیراوە کە بە مانای بەرز دێ وەکوو زاراوەش وشەی پەخشان بۆ ئەو بەرهەمە ئەدەبی و زانستییە بە کاردێ کە نەخرابێتە چوارچیوەی کێش و سەروا و زمانی هەڵبەستەوە، ئاشکرایە یەکەم دابەشکردنی ئەدەب لە ڕووی شێوە و ڕووخسارەوە، ئەوەیە کە ئەدەب دەکا بە دوو جۆر:
هەڵبەست و پەخشان: لە زۆر کۆنەوە هەڵبەست و پەخشان هەبوونە و نموونەی هەر دوو جۆرمان لە سەردەمی کۆنەوە بۆ ماوەتەوە، ئەگەرچی لە زۆربەی ئەدەبی نەتەوەکاندا لە کۆنا پەخشان کەمتر بووە و هەڵبەست زیاتر بووە، بەڵام لە سەردەمی ئێستاماندا پەخشان لە هەڵبەست زیاتر بەکاردێ بۆ نووسینی هونەرە (جۆرە) ئەدەبییەکانی بەڵام ئایا هەڵبەست و پەخشان کامەیان کۆنترە؟ لەم بارەیەوە دوو ڕای جیاواز هەیە:
ڕای یەکەم: دەڵێ هەڵبەست لە پەخشان کۆنترە. ئەوانەی ئەم ڕایە پەسەند دەکەن بەڵگەیان ئەمەیە:
١. هەڵبەست زمانی هەست و سۆزە و لە ویژدانی هەڵبەستوانەوە هەڵ دەقوڵێ، کەچی پەخشان زمانی هۆش و ژیرییە و لە مێشکەوە پێدەگا جا لەبەر ئەوەی مرۆڤ پێشتر هەست و سۆزی جولاوە و ویژدانی کەوتووەتە کار ئینجا هۆشی گەشەی سەندووە و پێگەییووە و دەسەڵاتی بەسەردا پەیدا کردووە، بەو پێیە دەبێ هەڵبەست پێش پەخشان هەبووبێ.
٢. هەڵبەست لەبەر کێش و سەروا و ئاوازەکەی لەبەرکردنی ئاسانە و دەکرێ بە دەقی خۆی پارێزگاری بکرێ هەروا بێتە خوارێ، کەچی پەخشان لەبەرکردنی سەختتر و ڕاگرتنی دەقەکەی زەحمەتترە مەگەر لە هەندێ ڕستەی کورتی سەروادار و کێشداری وەکوو قسەی نەستەق و پەندی پێشینیان نەبێ.
٣. لە لای هەر نەتەوەیەک کۆنترین دەقی ئەدەبی مابێتەوە هەڵبەستە نەک پەخشان، وەکوو داستانی گلگامێشی سۆمەری و ئەلیادە و ئۆدێسای هۆمیرۆسی یۆنانی و دراما بەناوبانگەکانی یۆنان کە هەموو بە هەڵبەست هەڵبەستراون.
ڕای دووەم: دەڵێ پەخشان پێش هەڵبەست هاتووە. لایەنگرانی ئەم ڕایە، ئەم بەڵگانەیان هەیە:
١. مرۆڤ یەکەم جار کە زمانی پژاوەو قسەی کردووە، بە ئازادی هەست و بیری خۆی دەربڕیوە، پاشان هەوڵی داوە ئەو هەست و بیرە بخاتە ناو چوارچێوەی کێش و سەرواوە، لە دونیا شتی ئازاد پیش شتی دەستوور بەند دەکەوێ، بۆیە پەخشان کۆنترە چونکە ئازادە و هەڵبەست دواتر داهاتووە چونکە بە پێی دەستووری تایبەتی دادەڕژێ.
٢. لە سەردەمی هەرە کۆنەوە پەخشان (پەخشانی سەروادار) لە پەرسگاکان بە کارهاتووە و کتێبە ئاسمانییەکانیش هەر هەموویان بە پەخشان نووسراون، جگە لەوەی نووسینی کورتی سەر دەرگا و دیواری کۆشک و قەڵا کۆنەکان و کێلی گۆڕەکان بە پەخشان بووە، بۆیە دەبێ پەخشان پێش هەڵبەست هەبووبێ.
لەم دوو ڕایە کامەیان؟ ئەستەمترە؟ مەسەلەی پێشکەوتنی هەڵبەست یان پەخشان یەک لا بکرێتەوە، بەڵام لایەنگرانی ڕای یەکەم زیاترن و بەڵگەکانیان بەهێزترن. لە کوردیشدا کۆنترین بەرهەمی ئەدەبی کە دۆزرابێتەوە و تا ئێستا مابێتەوە ئەوەیە کە هەڵبەست نووسراوە نەک پەخشان، دوور نییە دوا ڕۆژ دەقی هەڵبەست یا پەخشان لەوانەی ئێستا کۆنتر بدۆزرێتەوە، ئەمەش شتێکی ترە.
جیاوازی نێوان هەڵبەست و پەخشان:
هەڵبەست و پەخشان، وەکوو دوو شێوەی (شکل) نووسینی ئەدەبی، لە زۆر لاوە جیاوازن. گرنگترین جیاوازییان ئەمانەن:
١. هەڵبەست لە ویژدان و سۆزەوە هەڵدەقوڵێ، کەچی پەخشان زادەی هۆش و ژیرییە، واتە هەڵبەست لەگەڵ دڵ و ویژدانی مرۆڤ دەدوێ و هەوڵ دەدا ببزوێنێ، کەچی پەخشان لەگەڵ ئەقڵ و هۆشی مرۆڤ دەدوێ و هەوڵ دەدا بە ژێربێژی و وردەکاری ڕاستەقینەکان بخاتە ڕوو، هەر لەبەر ئەمەشە هەڵبەست زیاتر کەسێتی هەڵبەستوانی پێوە دیارە پەخشان کەمتر کەسێتی نووسەرەکەی دەردەخا.
٢. زمان و دەربڕین لە هەڵبەستدا ئاوێتەییە ( تەرکیبی)یە کەچی لە پەخشاندا شیکارییە (تەحلیلی)یە، چونکە هەڵبەست پێویستی بە چڕی دەربڕین و کورتبڕی هەیە، کەچی پەخشان پێویستی بە شیکردنەوە و درێژە پێدان و لێکدانەوە هەیە.
٣. کێش و سەروا دوو ڕەگەزی زەق و بنجێ هەڵبەستن بە تایبەتی هەڵبەستی دێرین، کەچی ئەمانە لە پەخشاندا مەرج نین، تەنیا لە هەندێ پەند و قسەی نەستەقدا سەروا هەیە، ئەویش بۆ جوانییە.
٤. لە هەڵبەستدا، زۆرجار کێش و سەروا هەڵبەستوان ناچار دەکەن ڕێزی وشەکان لە ڕستەدا تێک بدا و وشەکان پاش و پێش بکا، بۆیە هەڵبەستوان لێی ناگیرێ وشە لە هەر شوێنێکی ڕستەی هەڵبەست دابنێ، بەمەوە داڕشتنی ڕستەکانی ناسرووشتی دەردەچن کەچی لە پەخشاندا ڕێزی وشەکان دەبێ لە شوێنی خۆی بێ و بۆیە ڕستەی پەخشان ڕەوانتر و ئاساییترە لەهی هەڵبەست.
٥. نەخشەی دابەشبوونی هەریەکە لە هەڵبەست و پەخشان لەسەر لاپەڕەدا جیایە، واتە تۆبۆگرافیای دەقی هەڵبەست جیایە لە هی پەخشان، لە هەڵبەستی کلاسیزمی هەر دێڕەی بەسەر دوو لەتدا دابەش دەبێ و سەرواش بە گوێرەی جۆری هەڵبەستەکە دەگۆڕێ، غەزەل و قەسیدە و چوارین و مەسنەوی و موستەزاد…هەر یەکە جۆرە سەروایەکی هەیە و جۆرە نەخشەیەک بە هەڵبەستەکە دەدا لەسەر لاپەڕەدا، کەچی پەخشان هەمووی بەسەر یەکەوە دەنووسرێ و تەنیا بە تەواوبوونی پارچەیەک، دێڕێکی نوێ دەست پێ دەکا.
جۆرەکانی پەخشان
پەخشان بە پێی ناوەڕۆک دەکرێ بە دوو جۆر:
١. پەخشانی هونەریی ٢. پەخشانی زانستیی.
١. پەخشانی هونەریی: ئەو پەخشانە ئەدەبییانە دەگرێتەوە کە هەست و سۆزی نووسەرەکەی پیشان دەدا. نووسەر لەم جۆرە پەخشانەدا لە ڕۆانگەی خودی و تایبەتی خۆیەوە سەیری ژیان و کۆمەڵ و سرووشت دەکا، ئەم جۆرە پەخشانە خۆی لە بابەتی مەوزوعی وەکوو ئابووری و زانیاری گشتی و…. هتد لادەدا.
نموونەی پەخشانی هونەریی، وەکوو وتاری ئەدەبی، چیرۆک، کورتە ڕۆمان، ڕۆمان… ئەم جۆرە پەخشانە پێویستە شێوازێکی بەرزی هەبێ، وشەکانی بژاردەبن و داڕشتنی پتەوبێ، ئەم جۆرە پەخشانە هونەرییە لە ڕووی شێوەوە دەکرێ بە دوو جۆر:
ئەلف – پەخشانی سەروادار بە- پەخشانی ڕەوان
ئەلف – پەخشانی سەروادار: ئەو پەخشانە هونەرییەیە کە بەشەکانی ڕستەی دوو دوو سێ سێ یان… هاو سەروا دەبن، ئەم سەروادارییە هەنگاوێ لە هەڵبەست نزیکی دەکاتەوە، تەنانەت هەندێ لەوانەی باسی سەرەتاکانی هەڵبەستیان کردووە، دەڵین لە پەخشانی سەروادارەوە پەرەی سەندووە و پێگەیشتووە کە لە پەرستگاکان باو بووە، نموونەی پەخشانی سەروادار، وەکوو عەلائەدین سەجادەی لە پێشەکی باسی مەلای جەباریدا، دەڵێ:
(پیری مەیخانەی خەیاڵ شناسان، بادە ئەنۆشێ لە جەرگەی خاسان. ڕشتەی مرواری قسە و باسیە، نەوای قومرییان وێنەی ڕازییە. بێنی هەناسەی شنەی شەماڵە، تێکەڵ بە بیری بەرزی خەیاڵە…)
لەم جۆرە پەخشانەدا، دەبێ پارچەکانی هەر ڕستەیەک سەروایان یەک بێ، جا پارچەکان لە درێژیدا بەقەد یەک بن یا نا گرنگ نییە.
بە – پەخشانی ڕەوان: ئەم جۆرە پەخشانە بایەخ بە سەروای پارچەکانی ڕستە نادا، نووسینەکە بە شێوەیەکی ڕەوان و بێ گرێ و گۆڵ دەڕوا، پەخشانی ڕەوان دەبێ لە تێگەیشتنی فراوان و خەیاڵێکی ئازاد و داڕشتنێکی سفت و پتەوەوە هاتبێ، ئەگەرنا جێگای خۆی ناگرێ.
نموونەی پەخشانی ڕەوان وەکوو شاکر فەتاح، لە (ژینی نوێ)دا دەڵێ:
(جیهان بەرەو چاکی دەڕوا: لەگەڵ ئەم هەموو شەڕ و شۆڕ و بەدکردارییەشدا کە ئیمڕۆ لە جیهاندا دەیبینین، من باوەڕم وایە کە جیهان بەرەو چاکی دەڕوا و دوایی هەر دەگاتە ئەو ئامانجەی ئاواتی بۆ دەخوازین، واتە دەبێتە یەک خێزان لە ناو یەک خانوودا، بەڵام خێزانێکی بەختیار لە خانوویەکی ناوازەدا…)
ئەم پارچە نووسینە بە کوییەکی پەتی و ڕەوان باسی لە ناوچوونی شەڕ و بەدکاری سەقامگیر بوونی ئاشتی و ئاسایش دەکان، نووسینەکە وەکوو ئاوی ڕووناک بە نەرم و لووسی دەڕوا و خوێنەر هەست بە هیچ گرانی و زبرییەک ناکا.
٢. پەخشانی زانستیی: ئەو پەخشانەیە کە بە شێوەیەکی بابەتی ( موضوعی) باسی ڕاستییەکانی زانست دەکا، هەر زانستێک: بیرکاری، فیزیا ، کیمیا، جوگرافیا…هتد. زمانی ئەم جۆرە پەخشانە دوورە لە خوازە و دووبارە کردنەوە و هونەری ڕەوانبێژی تر، ئەم جۆرە پەخشانە ناکەوێتە ژێر کاریگەری هەست و سۆزی نووسەر و هەست و سۆزی خوێنەر نادوێنێ، بەبێ لایەنی و بە یارمەتی کۆمەڵە زاراوەیەکی تایبەتیەوە بە دەڕبڕینێکی ورد، زانست شی دەکاتەوە.
نموونەیەک بۆ پەخشانی زانستی وەکوو مەحموود نووری قەرەداغی لە باسی کۆمپیوتەردا دەڵێ:
(مێشکی ئەلکترۆنی پێک هاتووە لە ژمارەیەکی گەلێ زۆر لە بەربەستەی (صمام) ئەلەکترۆنی یان ترانسستەرو لە پارچەی زۆر وردی ئەلەکتریک کە کۆمەڵ کۆمەڵ داڕێژراون و کۆکراونەتەوە، زمانی ئەم ئامێرە لە وشەی (بەڵێ – و – نەء) پتری نییە، بە مانای زانیاری ئەلەکتریک، تەزووی ئەلەکتریک (بڕوا) و (نەڕوا) و هیچ جۆرە ئامانجێک ناداتە دەست ئاگادار و سەرپەرشت ناکرێت…)
لێرەدا نووسەر بایەخی بە هەڵبژاردنی وشە نەداوە، زمانی خوازەیی و ڕەوانبێژی بەکار نەهێناوە، تەنانەت هەوڵی نەداوە، ڕستەکانیشی ئەوەندە تۆکمە و ڕێک بن، چونکە گەیاندنی زانیاری لەلای ئەو لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی لێ دەگیرێ کە دەیتوانی هەر بەو وشانە ڕستەی ڕێک و پێکتر دروست بکا و ئەگەر نەختێ وشەکانی پاش و پێش بکردایە، هەندێ ڕستەی ڕەسەنتر دەردەچوون.
هونەرەکان (ژانراکان)ی پەخشان:
هونەرەکانی ئەدەب، بە هەردوو شێوەی هەڵبەست و پەخشانەوە لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ زۆر گۆڕانیان بە سەردا هاتووە، لە گەشەسەندنی ئەدبی جیهاندا، هەندی هونەر شێوەیان گۆراوە وەکوو دراما کۆنەکان هەموو بە هەڵبەست نووسراون، کەچی ئیستا دراما بە پەخشان دەنووسرێ، یان هەندێ هونەر دەوریان بەسەر چووە و ئێستا پێیان نانووسرێ، وەکوو: داستانی پاڵەوانێیی و دڵداری، هەندێکی تر تازە داهاتوون و تەمەنیان لە چەند سەدەیەک زیاتر نییە وەکوو: کورتە چیرۆک و کورتە ڕۆمان و ڕۆمان، جگە لەوەی ڕۆژنامەگەری زۆر هونەری تازەی هێنایە کایەوە و گەشەی پێدان وەکوو: وتاری ئەدەبی و بیری ڕاگوزاری و گاڵتە و گەپ و… ئەمانە هەندێکن لەو هونەرانەی بە پەخشان نووسراون:
هەقایەت ( بەهەموو جۆرەکانییەوە)، ئەفسانە، وتاری ئەدەبی، خوتبە، کورتە چیرۆک، کورتە ڕۆمان، ڕۆمان، شانۆگەری، ژیاننامە، بیری ڕاگوزاری(خاطرة)، لێکۆڵینەوە و ڕەخنەی ئەدەبی، نامە، وتووێژ، گاڵتە و گەپ، پەندی پێشینان…
هەریەکە لەم هونەرانە، لە کوردیدا مێژووی پەیدابوون و گەشەسەندی خۆی هەیە، هەر یەکە دەستوور و شێوازی نووسینی خۆی هەیە و هەر یەکە جۆری تایبەتی خۆی هەیە. لە شوێنی خۆیدا باسیان دەکرێ.
سەرەتای سەرهەڵدانی پەخشانی کوردی:
لە کوردیشدا، لەو میراتە ئەدەبییەی بۆمان ماوەتەوە، هەڵبەست کۆنترە و پەخشان بە قەد ئەو کۆن نییە.
کۆنترین پەخشانی کوردی کە تا ئێستا دۆزرابێتەوە و لەبەر دەستدابێ کتێبەکەی عەلی تەرماخییە کە لە ساڵی هەزاری کۆچیدا (١٥٩١- ١٥٩٢) لە ژیاندا بووە، کتێبەکەی لەبارەی ڕێزمانی عەرەبی و فارسی و کوردییە.
کتێبەکە لە ئەسڵدا دوو ناوی بۆ داندراوە:
– هذا کتاب عبارة علی ترەماخی.
– هذا کتاب صرف لسان کردی.

کتێبەکە پێشەکییەک و سی و یەک (وەرز)ە. چواردە وەرزی پێشەوە لەبارەی ڕێزمانی عەرەبییە و شازدە وەرزەکەی دوای ئەو لەبارەی ڕێزمانی فارسییە و لە کۆتایی زۆربەی وەرزەکاندا هەمان بابەتی لە کوردیشدا باس کردووە. وەرزی کۆتایش بووە بە (خاتمة).
زمانی نووسینەوەی کتێبەکە کوردییەکی پڕ وشە و دەستەواژەی عەرەبییە. ئەو زمانەیە کە مەلاکانی کوردستان لە حوجرەکاندا دەرسی (وانەی) علیم و شەرعیان پێ دەگوتەوە.
ئەمەش نموونەیەک لە پەخشانی تەرەماخی:

– فەسڵ د. بەحسا فیعلا موزاریعدایە: د زمانێ کورمانجیدا پێنج سیغە بدەر دکەڤن، زێدە نابی وەکوو نها: (دچی). (دچە)، (دچن)، (دچم)، (دچین). ئەفعالێدمایی ژی لڤان قیاس بکە …)
– فەسڵ د بەحسا ئەمری حازریدایە: بزمانێ کرمانجی دیسانی پێنج سیغە د ئەمری حازریدا ژی دبە، مەسەلا وەکوو نها: (بدە)،یانی موفرەدی موخاتەبە،چەموزەککەر چە موئەننەسە (بدن) یانی هون تەسنیە و جەمعا غایبان چەموزەککەر چە موئەننەس، (بدم) یانی ئەز کو موتەککەلیمی وەحدەمە، (بدەی) یانی ئەم کو موتەکەللیم مەعەلغەیرین، ئەم (بدەین).
دوای عەلی تەرەماخی، (عقیدة کردیة)ی مەولانا خالید دێ کە بە (ئاقیەی مەولانا) یان (ئاقیەی کوردی) ناسراوە، بێ گومان مێژووی بۆ پێش ١٨٢٦/١١/١٧ دەگەڕێتەوە کە مەولانا لەو ڕۆژەدا کۆچی دوایی کردووە، ئاقیەکە باسی پێنج روکنی ئیسلام و شەش ئەسڵی ئیمان دەکا، لە باسی (پردی قیامەت)دا دەڵێ:
(پردێ قیامەت کە پردێکە لە موو باریکترە، لە تیغ تیژترە، بە ئەمری خودای تەعالا دەینێنە سەر پشتی جەهەننەمی، ئەمر دەکەنە هەمووان بەسەریدا ڕابوورن، هەر کەسێ بەهەشتی بێ، هێندێک وەک بورسکە، هێندێک وەک با، هێندێک وەک ئەسپی لەنگ بەسەریدا ڕادەبوورن، هەر کەسێ جەهەننەمی بێ، پێی هەڵدەخلیسکێ دەکەوێتە جەهەننمەوە، خودای تەعالا وەهای پێ موقەددەرە هەر کەس لە دونیادا لەسەر ڕێگای شەریعەتدا چاتر ڕابووردبێ، لەسەر پردی قیامەتدا چاتر ڕادەبوورێ).
گرنگی ئەو بەرهەمە لەوەدایە یەکەمین هەنگاوە بۆ جێبەجیکردنی داخوازی گیانی و کلتووری کۆمەڵی کوردەواری بە زمانی خۆی، هەندێ تێبینی لەسەر شێوازی بەرهەمەکە:
– ئەو بەرهەمە دەری دەخا، ئەوسا سلێمانی هێشتا ڕازی جێگرتووی خۆی نەبووە چونکە کە شاری سلیمانی دامەزرا خەڵکی زۆر ناوچەی خاوەن زاری جیا جیا هاتنە شار و هەر کەسە جۆری ئاخاوتنی خۆی هەبوو، دوای ماوەیەکی زۆر ئینجا ئەو زارە گەڵاڵە بوو کە ئێستا خەڵکی شار قسەی پێ دەکەن.
– هەندێ دیاردەی وشە سازی لە بەرهەمەکەدا هەن، جێگای لێ وردبوونەوەن، وەکوو بەکارهێنانی (دە) کە لە جیاتی (ئە)ی کاری ڕانەبردوو، مانەوەی (ت) لە کۆتای کاری ڕانەبردوو بۆ کەسی سێیەمی تاک، بەکارهێنانی (دی) لە جیاتی (تر)ی ئێستای ناوچەی سلێمانی.
– هەندێ وشە هەن ئەوسا بە جۆرێکی تر بەکارهاتوون، وەکوو: (بۆن) ئەوسا (بێن)بووە،(بچووک) ئەسا (بچووک) بووە…
دوای ئەم دەقە پەخشانە، بەرهەمەکانی مەلا مەحموودی بایەزیدی دێن، کە لە ساڵی ١٨٥٦ و بەدواوە نووسیویەتی، بۆ نموونە وەکوو:
– مەم و زین ١٨٥٦
– عادات و ڕوسووماتنامەی تەوایفی ئەکرادیە و ئوسوولی نیزاماتی کرمانجی.١٨٥٨- ١٨٥٩.
– جامع یی رسالیان و حکایەتان بزمانی کورمانجی ١٨٦٠.
(مەم و زین)ەکەی مەحموودی بایەزیدی کورت کردنەوەی (مەم و زین)ی ئەحمەدی خانییە و بە پەخشان و بەزاری بایەزیدی نووسراوەتەوە، ئەمەش نمووەیەک لە دەقی چیرۆکەکە:

(دوێ وەقت و زەمانێدا، لەوان کناران، عادەتەکی قەدیم بوو کو ساڵێ جارەکی دوەقتێ نەورۆزێدا سەری ساڵ دکرن، وێ ڕۆژێ، ئەهلی و خەڵکی باژێڕ حەموو، فەقیر و دەوڵەمەند، مەزن و بچووک، نێر و مێ، عمووی، ژبۆ گەشت و گەڕییانێ، ب دەرەڤە دچوونە دەشت و سەحرایێ. جنس جنس و ڕەف ڕەف، ژ دەرڤە ڕەسمی کەیفخۆشی نەورۆزێ ل وێ دەرێ ئیجرا دکرن، لەورا وێ زەمانێ قسمێ تایفا ژنێد موسڵمان حەموو مەستوورە و ڤەشێرتێ بوون، بە ڕوویێ نا مەحرەم و بیانیان نەدکەتەن. لاکن ڕۆژا کو ئەو عیدا نەورۆزێ دبوو، حیجاب و پەردە ژتایفا ژنان ڕادبوو، مێر و ژن وێ ڕۆژێ بە هەڤ خویا دبوون…)
دوای ئەم بەرهەمانە هەر لە ساڵی ١٨٦٠ شێخ حوسێنی قازی مەولوودنامەکەی خۆی نووسیوە کە پەخشانێکی سەروادار و ڕەوانە و بەزاری کرمانجی خواروو (ناوچەی سلێمانی) نووسراوە، ئەمەش نموونەیەک لەو مەولوودنامەیە:
(حکایەت کراوە لە زەمانی ئەمیری ڕەشید – هاروونە ڕەشید – لە شاری بەسرە جوانێک هەبوو پیس و پەلید، لە فاسقیدا شاگردی ئەوی بوو یەزید، چ چاکەی نەبوو لەپاش ئیمان، فەقەت کە مانگی مەلوود دادەهات غەسل و تۆبەی دەکرد تەماعێکی لێ دەنا دیخوێند مەولوودی حەزرەتی پێغمبەری ئینس و جان. وەختێ کە مرد لەبەر خراپی یان فڕێیان دایە سەر گووفەکان، نەیانبردە سەرقەبران، بانگێک هات لە ئاسمان، ئەو ئەهلی بەسرە حازر ببنە سەر جەنازەی فلان جوان، کە وەلیێیکە لە ئەولیای خوداوەندی ڕەحمان. ئەهلی شار جوان و پیر و پادشا و دەروێش و گەدا و فەقیر، حازری جەنازە بوون دەفنیان کرد بێ تەئخیر. لە خەویان دیت ئەووەل شەو لەسەر تەختی بەهەشتی دانیشتییە ڕووی وەک مانگ دەدا پڕقە و، پێیان وت ئەتۆ لە دونیا زۆر فاسق بووی و ئەحەمەق، بەچی سەبەب شادبووی بەحوور و قوسوور و لیباسی سوندوس ئیستبرەق، گوتی بەسەبەبی تەعزیمی مەلوودی ئەو حەزرەتەی کە بە ئیشارەتی ئەنگوستی مانگی دەکرد شەق).
ئەم مەولوودنامەیە لە ڕووی ناوەڕۆک و ڕووخسارە:
١- چۆنیەتی دروست کرانی دونیا چونکە لە شەرافەتی پێغەمبەر دروست کراوە (لولاک لولاک لما خلقت الافلاک).
٢- هەندێ چیرۆکی کورتی تێدایە، گەورەیی و کاریگەی مەلوودی پێغەمبەر پێشان دەدەن و نموونەی سەرەوە یەکێکە لەو چیرۆکانە.
٣- باسی چۆنیەتی لە دایکبوونی پێغمبەر دەکا.
٤ – مەولوودنامەکە بە پەخشان نووسراوە و جاروبار پارچە هەڵبەستێکی تێ هەڵکێش کراوە.
٥- زۆربەی هەر زۆری بە پەخشانی سەرودار نووسراوە، بە زۆریش هەر جارەی کۆمەڵێ دەستەواژە و ڕستەی زۆر دەبن بەهاو سەروا.
٦- زمانەکی پڕە لە وشەی فارسی و عەرەبی، هەر ئەو زمانەیە کە هەڵبەستوانانی سەدەی نۆزدەیەمی ناوچەی سلێمانی هەڵبەستیان پێ نووسیوە.
دوای ئەم بەرهەمانە کە پەخشان نووسراوە و لەبەرە بەری کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم پەخشانی کوردی دەروویەکی زۆر گەورەی بۆ کرایەوە و لەوە بە دواوە بە فراونی کەوتە بڵابوونەوە و گەشەکردن، ئەو دەرووەش لە ١٨٩٨/٠٤/٢٢ لە قاهیرە لە لایەن میقداد مەدحەت بەدرخانەوە دەرچوو بۆ ماوەی چوارساڵ بەردەوام بوو. نموونەیەک لە پەخشانێکی ڕۆژنامەی کوردستان:
(وەک ئەز دبهسیم کوردا گەلەک دەوڵەمەند هەنە، گەلی دەوڵەمەندێن کوردا، بابێن وە ب دوگاز جوای سپی چوون بەر ڕحما خودێ، ئون ژی وەی وەلی بچن لەوان زێر و زێڤێن عولبەکرین وەدە دەردێخن، ڕێیا خودێدە مەکتەب و مەدرەسا چێ کەن، زارویێن بێ دێ و باب بدن خوندن دا ئون دنیا ئاخرەتی ڕاحەت بکن، خودێ ژ وە ڕازی ببە. دەرێن ئەز لی گەڕابیم من گەلەک مرۆڤێن دەوڵەمەدن دیتنە زاراوێین فەقیر دانە خوێندن ڕێکرنە ئەستانبولێ، مەکتەب و مەدرەسەیێن مەزن، نهۆ حمەی مەزن بینە، حەمەی ژی مەئموور و زابتێن دەولەێینە…).
لەو ساوە تا ئێستا چی ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردی دەرچووە، هەموو دەوریان لە پێش خستنی پەخشانی کوریدا هەبووە، چونکە ڕۆژنامەگەری هەموو دونیا هەر پەخشانە و تەنیا جاروبار دەقی هەڵبەست بڵاو دەکاتەوە، ئەویش ڕێژەیەکی زۆر کەمە لە چاو هەموو نووسینەکانی دی، جگە لەوەی پەرەسەندنی زیاتری چاپ و چاپەمەنی وای کرد پەخشان زیاتر گەشە بکات و هەموو هونەرەکانی پەخشان بە کتێبیش بکەونە بەر دەستی خوێنەران… لەباسی ڕۆژنامەگەریدا، ڕۆڵی ڕۆژنامە لە گەشەسەندنی پەخشان ڕوونتر دەکرێتەوە، جۆرەکانی تری پەخشانیش وەکوو وتار و چیرۆک و ڕۆمان…هەر یەکە لە شوێنی خۆیدا باسی لێیەوە دەکرێ.

تعليقات