بەشی دەیەمی فەلسەفە؛ تایبەتمەندییەکانی بیرکردنەوەی زانستییانە:

زانست زانیاری کەڵەکەکراوە، زانیارییە زانستییەکان لە باڵەخانە دەچن کە نهۆم لە سەر نهۆم بنیاد نرابێت


گەرچی توێژەران لە پاش و پێشخستنی ئەم تایبەتمەندیانەدا جیاوازن، بەڵام لەوە دەچێت تێکڕا لەسەر ئەم خاڵانە کۆک بن کە ئەمانەن:
١ – کەڵەکەبوونێتی:
زانست زانیاری کەڵەکەکراوە، زانیارییە زانستییەکان لە باڵەخانە دەچن کە نهۆم لە سەر نهۆم بنیاد نرابێت، تەنیا یەک جیاوازی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە دانیشتوانی ئەم باڵەخانە زانستییە بەردەوام بەرەو نهۆمە نوێیەکانی سەرەوە دەگوێزرێنەوە و ئەوەی لە ژێریاندایە جێی دێڵن، لەمەدا بە پێچەوانەی فەلسەفەیە.
چونکە فەلسەفەی نوێ، ئەوەی پێش خۆی ناسڕێتەوە و ونی ناکات، لەگەڵ هاتنی هەر فەلسەفەیەکی نوێدا، فەلسەفە کۆنەکە نابێتە (مێژوو)یەکی ڕووت، وەک لە زانستدا ڕوو دەدات و بیردۆزە کۆنەکە دەبێتە ڕووداوێکی (مێژوویی) ڕووت، ئەم تایبەتمەندێتی کەڵەکەبوونێتیە، خاڵێکی سەرەکی ڕاستەقینەی زانست دەردەخات کە (ڕێژەییە) بە واتای زانست گەشە دەستێنێ، ئەوەی بە ڕاستییەکی زانستییانە دانراوە پاش ماوەیەک گۆڕانکاری تێدا کراوە، یان بە جارێک لابراوە و شتێکی دی جێی گرتووەتەوە.
بۆ نموونە بیردۆزی (بەتلیمۆس) یان فیزیکی نیتون، لە سەردەمی خۆیاندا ڕەهای تەواو بوون، کەچی تێڕۆانینی نوێی گەردوون بە بیردۆزی کۆپەرنیکۆس و هەروەها فیزیای ئاینیشتاین جێی ئەوانیان گرتەوە، ئەمە واتای (ڕێژەییە)لە هەمان کاتدا ڕێژەییەکی یەقینە، چونکە ڕاستییەکی بابەتیانەی بێ لایەنە، پابەندی هەست و سۆزمان نییە، وەک چێژی هونەری تابلۆیەک نییە، لەوەدا یەقینە کە لەسەردەمی خۆیدا ڕاست بووە.
گەشەکردنی کەڵەکەبوونێتی بە دوو ئاراستەدا دەڕوات، ئاڕاستەی ستوونی و ئاراستەی ئاسۆیی – لە ستوونیدا زانست بە دوای هەمان دیاردە دەگەڕێت کە پێشتر لێکۆڵینەوەی لە بارەوە کردووە، بەڵام بە تێڕوانینێکی نوێتر، بۆ نموونە بابەتی سرووشتی تەن و مادەکان بابەتێکی کۆن و نوێیە، چونکە بەردەوام پەرەدەسێنێ و قوڵ دەبێتەوە، بەڵام ئاسۆیی بریتتە لە ئاراستەی زانست بۆ فراوانبوون و درێژبوونەوەی بۆ بوار و پسپۆری نوێتر، تا ئەو ڕاددەیەی کە زانستەکان لە سرووشتی نازیندوویش دەکۆڵنەوە، تا گەیشتنە لێکۆڵینەوەی مرۆڤ بە شێوەیەکی بەرنامەییانەی زانستی، وەک لە بواری کۆمەڵناسی و دەروونناسی بەدی دەکرێت.
٢- ڕێکخستن:
زانست وێکخەری ڕێبازی بیرکردنەوەمانە و ڕێکخەری شێوازی ژیریمانە، ئەمە واتای زاڵبوونە بەسەر خوو و ڕەفتاری جۆراوجۆرمان و ملکەچکردنی بیرکردنەوەمان بۆ وسیتە هۆشمەندییەکانمان.
٣- سەراپاگیرێتی و بابەتیانە:
زانیاری زانستییانە سەراپاگیرییە (گشتگیرە)، واتا: گشت نموونەکانی دیاردەکە دەگرێتەوە، هیچ پەیوەندی بەسەر دیاردە تاکەکانەوە نییە، کاتێک زانست لەمەڕ کەوتنە خوارەوەی تەنەکان دەدوێت، ئەو ئاخاوتنەی یان ئەو دۆزینەوەیەی، پەیوەندی بە باسکردنی کەوتنە خوارەوە تاکە تەنێک نییە لەو تەنانەی هاوشێوەی خۆی ئەمە لە لایەک، لەلایەکی ڕاستی زانستییانە لەوەدا سەراپاگیرییە کە هەر ژیرییەک شارەزای بوو، بە پەسەندی دادەنێت و بڕوای پێدەکات، بە بێ گوێدانە حەز و ئارەزووی توێژەرەکە.
٤- وردەکاری و بیرکردنەوەی وەسفیی (چەندێیتی):
زمانی زانست لە زمانی ئاسایی ناچێت، لە زمانی زانستدا وردەکاری هەیە، لە زمانی ئاساییدا دەبیستین دەڵێن: دڵم وام پێدەڵێت، یان وای بۆ دەچم…ئەمانە وتەی تەواون و مەبەست دەردەبڕن، بەڵام زانست بەم زمان و ئاخاوتنە ڕازی نابێت، بەڵکوو دەیەوێت زمانی بیرکاری بەکاربێنێت، بە تایبەتی لەم سەردەمەدا.ا

تعليقات