بەشی دەیەمی ئیسلام و شمشێر؛ شمشێری ئێمە و شمشێری ئەوان:

بەشی دەیەمی ئیسلام و شمشێر؛ شمشێری ئێمە و شمشێری ئەوان:


باسی ئەوەمان کرد کە (١٣) ساڵ لە شاری مەککە لەگەڵ ئەوەی ئازاری جەستەیی و دەروونی لە هەموو ڕوویێک ڕووی لە پێغەمبەر (د.خ) لەسەر و یارانی کردبوو، بەڵام نە تەنها شمشێر بوونی نەبوو بەڵکوو ڕووبەڕووبوونەوەی سادەش بوونی نەبووە.

توندوتیژی لە کارنامەی ئایینی تازەدا بوونی نەبوو، لەبەر ئەوەی کە ئیسلام بڕیاری چەک دەدات، ئامانجێک هەیە لەو بڕیارەی کە کەڵکی بۆ مرۆڤایەتی بە ئاشکرا و ڕوون هەبێت، لە هەر سەردەمێک ئامانجێکی بەکەڵک بوونی نەبووە بێجگە هانا بردن بۆ بەکارهێنانی چەک، ئەگینا چەک ماڵ ئاوایی دەکرد، کەواتە هانا بردن بۆ چەک لە ئیسلامدا میکانیزمە نەک مەبەست و ئامانج، ئەوەتە خودای کارزان دەفەرمووێت:

{وَمَا لَكُمْ لَا تُقَاتِلُونَ فِي سَبِيلِ اللَّـهِ وَالْمُسْتَضْعَفِينَ مِنَ الرِّجَالِ وَالنِّسَاءِ وَالْوِلْدَانِ الَّذِينَ يَقُولُونَ رَبَّنَا أَخْرِجْنَا مِنْ هَـٰذِهِ الْقَرْيَةِ الظَّالِمِ أَهْلُهَا وَاجْعَل لَّنَا مِن لَّدُنكَ وَلِيًّا وَاجْعَل لَّنَا مِن لَّدُنكَ نَصِيرًا ﴿٧٥﴾سورة النساء،(ئه‌ی ئیماندارن) ئه‌وه چیتانه‌ و بۆچی ناجه‌نگن له‌ پێناو ڕه‌زا‌مه‌ندی خودا و ڕزگار کردنی لاوازکراو و چه‌وساوه‌کان؟ له‌ پیاوان و ئافره‌تان و ئەو منداڵانه‌ی که ده‌ڵێن: په‌روه‌ردگارا تۆ ڕزگارمان بکه له‌م شاره‌ی که خه‌ڵکه‌که‌ی سته‌مکارن و له‌لایه‌ن خۆته‌وه پشتیوان و یارمه‌تیده‌رێکمان بۆ ساز بکه‌. (٧٥)سورة النساء.

کەواتە جەنگ لە ئیسلامدا بۆ ئازادی کەش و هەوای بیر کردنەوەیە، بۆ ئەوەیە مرۆڤەکان بە ئازادی بیر بکەنەوە بە چاوی ڕاستەقینەی خۆیان جوانییەکانی ژیان ببینن، لە سەر قاچەکانیان بوەستن، جەنگ لە ئیسلامدا بۆ ئازاد کردنی چەوساوەکانە لە منداڵ و ئافرەت و پیروپەککەوتەکانی ژیان، بۆ بەرژەوەندی ساتێک و گرووپێک و کۆمپانیایەک نییە، بۆ خواردنی خێر و بێری وڵاتە بێهێز و بەهێزەکان نییە.

شمشێر لە ئیسلام بۆ لابردن و تاشینی ئەو نینۆکانەیە کە دەیانەوێ کڕنۆشی کڕنۆش بەران بۆ ڕووگەی بەرژەوەندیەکانیان ئاراستە بکەن، شمشێری ئێمە بۆ لادانی هەموو ئەو دڕک و دارە زیان بەخشانەیە، کە ڕێگرن لە بەردەم ئازادی هاتووچۆی بیروباوەڕدا.

شمشێری ئێمەی موسڵمان بۆ بەرژەوەندیەکی تەسک نییە، بەڵکوو بۆ بەرژەوەندی نەوەکانی ئادەمییە، دەپرسین ئەگەر شمشێر لە ئیسلامدا بۆ چەسپاندنی بیروباوەڕی ئیسلامییە؟ بۆچی ئەوانەی کە بوونەتە موسڵمان ڕۆژگارێک دەست بەرداری ئایینەکەیان نەبوون؟ لە دوای لاواز بوونی دەسەڵاتی ئیسلامی و بەتایبەت لە سەدەی نۆزدە و بیست کە دەبینین موسڵمانان لە چ ژیانێکی بێهێز و پڕ تراژیدیادا دەژین؟ چۆن لەبەر ئەوەی خۆری شارستانییەتی خۆرئاوا لەوپەڕی گەشاوەیدا، خۆی ئاراستەی ڕۆژگاری مرۆڤەکان دەکات؟

بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی تازە موسڵمانان لە هەموو بستێکی ئەم زەویە ڕوو لە زیادبووندایە، ئەی ئەگەر خەڵک بە شمشێر دەست بەرداری ئایینی باوک و باپیرانیان بوون؟! بۆچی لە ئیسلامدا یەکێک لەو مەرجانەی کە بۆ ئاشتی لە نێوان موسڵمانان و ناموسڵماناندا هەبووە و هەیە بە هاوڵاتی بوونە لە دەوڵەتی ئیسلامیدا؟

ئەگەر چی دەست بەرداری ئایینیان نەبوون، ئەگەر شمشێری ئێمە بۆ کۆشتن و ڕاوەدوونان و تاڵان بووە؟ بۆچی لە کاتی ڕێککەوتنی لایەنی بەرامبەر لە سەر پابەندبوونیان بە پاراستنی ئارامی و نەبوونی هەڕەشە لە سەر بانگەواز و موسڵمانان و دەوڵەتی ئیسلامیدا ئەمەیان لێ وەرگیراوە؟

بۆچی لە بیست و سێ ساڵ تەمەنی پێغەمبەرایەتی پێغەمبەردا، تەنها ژمارەی کوژراوەکان لە شەڕی هەردوولادا (٥٠٠) کەس بوو؟ هەر وەک زانای “لاهۆتی دکتۆر بوکید مامۆستای زانکۆی کامبریج” لە کتێبەکەی کە بە ناوی (مقارنة الادیان) لە لاپەڕەی (١٦٦) ئاماژە بۆ ئەم ژمارەیە دەکات، کەواتە ئەوانەی کە ئەو تۆمەتە دەدەنە پاڵ ئیسلام و موسڵمانان کە گوایە شمشێر هۆکاری ڕاستەقینەیە لە پاڵ پەرەسەندنی ئایینی ئیسلام، با گوێ لە جۆرج بۆشی باپیری بۆشی سەرۆکی ئەمریکا لە کتێبی (محمد مؤسس الدین الاسلامی و مؤسس امبراتوریة المسلمین) ڕابگرن کە چۆن لە دوای ئەوەی پێغەمبەرمان (د.خ) لەسەربێت، بە چەند دەستەواژەیەکی ناڕێک پێناسە کردووە، بەڵام دان بەو ڕاستییە دادەنێت و دەڵێت ئەوەی موسڵمانان لە ماوەی هەشتا ساڵ ئەنجامیاندا ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی نەیتوانی لە ماوەی (٨٠٠) ساڵدا ئەنجامی بدات و پێبگات و دەڵێت هیچ ڕاڤە و تەفسیرێک بۆ ئەو خێرا بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام نییە، تەنها ئەوە نەبێت کە بڵێیت هێزێکی خوداییە لە پاڵ ئەم پرۆسەوە، شمشێری ئێمە بۆ لەناو بردنی ڕۆحە پاکەکان نییە، بەڵکوو پاراستنی ڕۆحە پاکەکانە.

ئەو تۆمەتانەی نەیارانی ئیسلام باسی دەکەن تۆمەتی بێ بنەمان، بۆ ناشیرین کردنی ڕووی ڕاستی ئیسلام و موسڵمانانە، ئەگەرنا شتەکان وەک ڕۆژی ڕووناک لە ئاسمان دیارن.

با سەیری وتاری ئەبووبەکری سدیق (ر.خ) لەسەربێت بکەین کاتێک سوپای ئوسامەی کوڕی زەید (ر.خ) لەسەر، بەڕێ دەکات، چۆن فەلسەفەی بەکارهێنانی چەک بۆ سەرباز و بەرپرسانی سوپا ڕوون دەکاتەوە و وەڵامی نەیارانی ئیسلام دەداتەوە تا رۆژی دوایی، بۆ ئەوەی گومانیان لە لا نەبێت، لەبەردەم یەکەم سوپا دوای وەفاتی پێغەمبەر(د.خ) لەسەربێت، ئەبووبەکری سدیق (ر.خ) لەسەر لێبێت، ڕوو لە سوپا دەکات و دەفەرمووێت:

بەناوی خودا غەزا بکەن و بجەنگن، با هەر لە پێناو ئەودا بێت تێکۆشانتان، ناپاکی و ستەم لە کەس مەکەن، بێ ڕێزی بەرامبەر مردووان مەکەن، منداڵی ساوا و پیر و بەساڵاچوان مەکوژن، هەروەکوو ئەوان ئافرەتانیش مەکوژن، دارەکان مەبڕن، دار خورماکان هەڵمەکەنن و مەیان سووتێنن، بزن و مەڕ و وشترەکانیان مەکوژنەوە مەگەر بۆ خواردنتان نەبێت، ئێوە لە ڕێگادا چەند خودا پەرستێک دەبینن واز لە دێرەکانیان بێنن، باکاری خۆیان بکەن، بجەنگن لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵتان دەجەنگن، ئاشتەوایی بکەن لەگەڵ ئەوانەی ئاشتەوایتان لەگەڵدا دەکەن.

دەی بەڕێزان ئەوە یەکەم کاری دەرچوانی قوتابخانەی نێرداروی خوایە (د.خ) لەسەربێت، چۆن یاران وشیار دەکاتەوە لەسەر ئامانجی سەرەکی سوپای ئیسلامی، با بە ویژدانەکان خۆیان بڕیار بدەن.



تعليقات