بەشی نۆیەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ قۆناغەکانی سیاسەتی بەعەرەبکردن و ڕاگواستنی کورد؛ قۆناغی دووەم: (ساڵی ١٩٥٨-١٩٦٣ی.ز):

بەشی نۆیەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ قۆناغەکانی سیاسەتی بەعەرەبکردن و ڕاگواستنی کورد؛ قۆناغی دووەم: (ساڵی ١٩٥٨-١٩٦٣ی.ز):


ئەم قۆناغە لەو کاتەوە دەستپێدەکات، کە ڕژێمی پاشایەتی لە ١٤ی تەمووزی ساڵی ١٩٥٨ی.ز هەرەسی هێنا و بۆ یەکەمجار سیستەمی کۆماری لە عێراقی دەستی بەریتانیا ڕاگەیندرا.

هەرچەندە ئەم شۆڕشە لە سەرەتادا زۆربەی گەلانی عێراق پشتگیریان لێکرد، هەڵوێستی عەبدولکەریم قاسم بەرامبەر بە کورد ئەرێنی بوو، بانگهێشتی سەرکردە کوردە دوورخراوەکانی کردەوە بۆ عێراق، بە تایبەتی بارزانی، لە (١٩٥٨/١٠/٠٦ی.ز)، مستەفا بارزانی لە لایەن عەبدولکەریم قاسم بە گەرمی پێشوازی لێکرا، لە بەرامبەردا مستەفا بارزانی تەواوی توانای خۆی و پارتەکەی بۆ شۆڕشی (١٤ی تەمووز) دەربڕی.

بەتایبەتی کە دەستووری کاتی کۆماری عێراق، لە مادەی سێیەمدا ئاماژە بەوە دەکات، کورد و عەرەب، لەو نیشتمانەی ناوی عێراقە هاوبەشن، بەڵام ڕۆژگارەکانی دواتر دەریانخست، هەڵوێستی نەگۆڕی ڕژێمی سیاسی عێراقی داگیرکەر لە بەرامبەر کێشەی کورد هەر ئەو سیاسەتەیە کە پێشتر لە ڕێگای بەعەرەبکردن و ڕاگواستنی دانیشتوانی کوردەوە پەیڕەو دەکرا.

لە دوای سەرکەوتنی شۆڕش بە ماوەیەکی کورت (زەعیم نازم تەبەقچەلی) وەک سەرکردەی فیرقەی دووی سوپای عێراقی داگیرکەر دیاریکرا، بارەگاکەی لە کەرکووک بوو، کە سەرپەرشتی هێزی سوپای عێراقی لە باکوور دەکرد، لەم ماوەیەدا ڕۆڵێکی بەرچاوی بینی لە بە عەرەبکردنی ناوچە کوردییەکان، بەتایبەتی لە شاری کەرکووک.

سەبارەت بە مادەی سێی دەستووری کاتی عێراق، کە دان بە مافی کوردەکان دادەنێ، بە تەواوەتی فەرامۆش کرا، ئەمە سەرەڕای ئەوەی هەر بڕگەی دووەم لە هەمان دەستوور بە تەواوەتی دژی مادەی سێیەمە، کە دەڵێت: (عێراق بەشێکە لە نەتەوەی عەرەب).

لە درێژەپێدانی سیاسەتی بەعەرەبکردنی ناوچە کوردییەکان، دەسەڵاتدارانی عێراقی داگیرکەر دەستیانکرد بە دابەشکردنی زەوی بەسەر عەشیرەتە کۆچەرییە عەرەبەکان، بەتایبەتی نیشتەجێکردنی ژمارەیەکی زۆر لە خێڵە کۆچەرییە عەرەبەکانی ناوچەی جەزیرە.

لە ساڵی (١٩٦٠ی.ز) ناحیەی ڕەبیعە دروستکرا و (١٦) ئاوایی بۆ عەرەبەکان کرایەوە، جێی ئاماژە پێدانە هەر لەم قۆناغەدا چەند گۆڕانکارییەکی کارگێڕی بەسەر چەند ناوچەیەکی زۆرینەی کورد هێنرا، کە بە مەبەستی شێواندنی دیمۆگرافیای شارە کوردییەکان بوو.

لە ساڵی (١٩٦٢ی.ز) قەزای حەویجە پێکهێنرا، لە ڕووی هاوکێشەی دیمۆگرافییەوە (١٧٪)ی دانیشتوانی پارێزگای کەرکووک پێکدەهێنێت، کە زۆربەی دانیشتوانی قەزاکە خێڵە عەرەبییەکان بوون، کە پێشتر لەو ناوچەیە نیشتەجێکرابوون.



تعليقات