بەشی دەیەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ قۆناغەکانی سیاسەتی بەعەرەبکردن و ڕاگواستنی کورد؛ قۆناغی سێیەم: ساڵی(١٩٦٣- ١٩٦٨ی.ز):

بەشی دەیەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ قۆناغەکانی سیاسەتی بەعەرەبکردن و ڕاگواستنی کورد؛ قۆناغی سێیەم: ساڵی(١٩٦٣- ١٩٦٨ی.ز):


ئەم قۆناغە لە دوای کوودەتاکەی حەرەس قەومییەکان دێت کە بە سەرکردایەتی (عەبدولسەلام محەممەد عارف) لە (٨)ی شوباتی ساڵی ١٩٦٣ی.ز لە دژی عەبدولکەریم قاسم ئەنجامدرا.

ئەم دەسەڵاتە هەر لە سەرەتای دەست بە سەر داگرتنی دەسەڵات، هیج پڕۆژەیەکی ئەرێنانەی پێنەبوو، بۆ چارەسەکردنی ئاشتیانەی کێشەی کورد لە وڵاتی عێراقی داگیرکەر.

لەم سەردەمەدا عەبدولسەلام محەممەد عارف کەوتە پەیڕەوکردنی سیاسەتی یەکێتی عەرەبی( الوحدة العربیة) کە هەڵقوڵاوی بیروبۆچوونی ڕەگەزپەرستی نەتەوەیی بوو، بە پێکهێنانی حیزبێکی نوێ هەموو عێراق بگرێتەوە بە ناوی یەکێتی سۆسیالیستی عەرەبی (التحاد العربی الاشتراکي)، لە هەمووی سەیرتر بانگەشەی (پارتی دیموکراتی کوردستانی)ی کرد، کە لە چوارچێوەی ئەم پارتە نوێیەدا خۆی بتوێنێتەوە.

لەم قۆناغەدا پرسێکی سیاسی زۆر گرنگ هاتە ئاراوە، کە پەیوەندی بە پرۆسەی بەعەرەبکردنەوە هەبوو، ئەویش دەوڵەتی یەکگرتووی عەرەبی بوو (الجمهوریة العربیة المتحدة) هەر سێ وڵاتی میسر و سووریا و عێراقی دەگرتەوە.

دەسەڵاتدارانی عێراقی داگیرکەر بەترسەوە دەیانڕوانییە کوردەوە، وەک کۆسپێکی سەرەکی بەردەم ئەم یەکگرتنە، کوردیش لای خۆیەوە ئەم پڕۆژەی بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر شۆناسی نەتەوەیی خۆی دەزانی، چونکە لەکاتی دروستکردنی ئەم دەوڵەتە، ڕەگەزنامەکان واتە (الجنسیات) لە هەر سێ وڵاتدا دەگۆڕدرا، بۆ رەگەزنامەی عەرەبی، بۆنموونە هاووڵاتی عێراقی، کە هەڵگری ڕەگەزنامەی عێراقییە، ئەو کات دەبوایە بگۆڕدرێت بۆ ڕەگەزنامەی عەرەبی، لە دوورونزیکەوە هیچ تایبەتمەندیەکی گەلی کوردیان بەهەند وەرنەدەگرت، چ لە ڕووی جیاوازی نەتەوەیی یان جوگرافییەوە.

لە ئایاری ساڵی (١٩٦٣ی.ز) گفتوگۆی نێوان کورد و حکوومەتی عێراقی داگیرکەر گەیشتە بنبەست، هەر لە حوزەیرانی هەمان ساڵدا، هێرشی سەربازی حکوومەت بۆ سەر شار و گوندەکانی کوردستان دستیپێکرد، بۆنموونە: لە شاری سلێمانی قەسابخانەیەکیان ئەنجامدا کە (٢٨٠ دووسەد و هەشتا) کەسی مەدەنی بێتاوانیان گوللەباران کرد.

لە (٩ی تەمووزی ساڵی ١٩٦٣ی.ز) لە شاری کۆیە (٢٠ بیست) کەس، پاش بەستانەوەیان بە ستوونی سەر شەقامەکان گوللەباران کران، حکوومەت لەو سەردەمە کەوتە پەیڕەوکردنی (ژینۆسایدی–جینۆسایدی) گەلی کورد، بە دەرکردن و ڕاگوێزانی گوندە کوردییەکان و نیشتەجێکردنی ژمارەیەکی زۆری خێڵە کۆچەرییە عەرەبەکان لە جێگایاندا، بە تایبەتی لە پارێزگای کەرکووک و هەولێر، بۆ نموونە: تەنیا لە پارێزگای هەولێر (٢٧) گوند بە زۆرەملێ چۆلکران، بە پاساوی پاراستنی بیرە نەفتەکانی ناوچەکە و نیشتەجێکردنی عەرەب لە جێگایان و پڕ چەک کردنیان و هاوکاری کردنی داراییان.

ڕژێمی عێراق بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتی بەعەرەبکردن و ڕاگواستن دەستیکرد بە:

١. وێرانکردنی ئەو گوندانەی کە نزیک شاری کەرکووک بوون، بەتایبەتی ئەوانەی نزیک بیرە نەفتەکان، کە (١٣) گوند بوو، وەک: (سۆنەگولی، یاروەلی، پەنجاعەلی، وەلی پاشا، قزل قایە، چیمەنی گەورە و چیمەنی بچووک، جەوەڵ بۆر، هەنجیرە، قوتان، قوشقانە، شۆڕاو و یاجوان).

٢. ڕاگواستنی هەموو کوردەکانی ناحیەی دوبز، پاشان ناوەکەی گۆڕدرا بۆ (دبس) و هێنانی عەشیرەتی کۆچەری عەرەبی (حدیدی) و نیشتەجێکردنیان، لە گوندەکانی (قەرەدەرە، عەمشە، مەرعی، قەڵا عەربەت، کتکە…هتد).

٣. دەرکردنی کرێکارە کوردەکان لە کۆمپانیای نەفتی کەرکووک.

٤. گۆڕینی ناوی ناوەندەکانی خوێندن و شوێنە گشتییەکان لە کوردییەوە بۆ عەرەبی.

دەڤەری شەنگالیش لەم تاوانە بێبەش نەبوو، لە ساڵی ١٩٦٤ی.ز ڕووبەرووی شاڵاوێکی دڕندانەی توندی بەعەرەبکردن و ڕاگواستنەوە بوو، بۆ نموونە (١٣٢) گوندی دەڤەرەکە بەر ئەم شاڵاوەی ڕاگوێزان کەوتن و دانیشتوانەکەی لە (١١) ئۆردووگا کۆ کرانەوە، کە بە زەقی ناوی عەرییان لێنرا، لەوانە: (الاندلس، القحطانیة، العروبة، القادسیة، حطین، الولید، العدنانیة…هتد).



تعليقات