بەشی نۆیەمی ئیسلام و شمشێر؛ ئیسلام لە نێوان بانگەواز و شمشێردا:

بەشی نۆیەمی ئیسلام و شمشێر؛ ئیسلام لە نێوان بانگەواز و شمشێردا:


ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ڕۆژگارەکانی ڕابردووی مێژووی ئیسلامی بۆمان ڕوون دەبێتەوە، کاتێک ئارامی و هێمنی باڵی بەسەر ژیاندا دەکێشێت، بیروباوەڕی ئیسلامی بە ناخی کۆمەڵگا دەچێتەوە خوارەوە و بوونی خۆی دەسەلمێنێ، نەک لە کاتی جەنگ و نائارامیدا.

بۆ نموونە ئەگەر سەیری پێش (ئاشتی حودەیبیە) بکەین کە پێش فەتحی مەککە لە نێوان پێغەمبەر و دانیشتوانی مەککە ئەنجام درا ژمارەی موسڵمانان نەدەگیشتنە چوار هەزار کەس، کەچی لە دوای ئاشتی حودەیبیە، واتە لە فەتحی مەککە ژمارەی موسڵمانان دەگاتە دە هەزار موسڵمان.

هەروەها مێژوونووسان لە بارەی لە ناوبردنی تەختی کیسرا و لە بارەی موسڵمان بوونی فارسەکان دەدوێن کە دوو سەدە دوای هاتنە کایەوەی دەسەڵاتی ئیسلامی موسڵمان بوون، دەی خۆ ئەگەر سەیری خۆرهەڵاتی ئاسیا بکەین تەواو تۆمەتی بڵاوبوونەوەی ئیسلام بەهێزی شمشێر کاڵ دەبێتەوە و ڕاستییەکان بەدیار دەکەون.

باشووری هیند کە بە ملیۆنان کەس باوەڕی بە ئیسلام هێناوە لە ئەنجامی بانگەواز و ڕەوشتی جوانی بازرگانانی موسڵمان بووە، چەندەها بانگەوازکاری ئیسلامی بووە بە چرا بۆ ڕووناک کردنی دڵ و دەروونی ملیۆنان کەس لەوانە (شێخ خواجە موعین خشتی لە هیند، شێخ نادر شا و شێخ سەعید ئیبراهیم شەهید و شا عەبدولحەمید و شێخ یوسف شەمسەدین و مەمبا مەلایکە) و زۆر کەسی تر کە ئەستێرەی گەشی بانگەوازی ئیسلامین.

بڵاوبوونەوەی ئیسلام لە هیند و دەورووبەری و بڵاوبوونەوەی باوەڕی ئیسلامی لە مەلایوو و جاوە و سۆمەترا و بڕۆنیو و سیلیبیس و فلیپین و کیشوەری-قاڕەی) ئەفریقیا هەموو لە ڕێگای بانگەواز کاران و بازرگانە موسڵمانەکان بووە، شمشێر هیچ بوونی نەبوو لە باوەڕ هێنانی ئەوان لە زۆر کاتاندا کە سەرکردەکانی شار باوەڕیان دەهێنا و دەبوون بە بانگەوازکاری ڕێگەی خودا بۆ بڵاوبوونەوەی ئیسلام و وەدەرهێنانی خەڵک لە نەزانین و بەدبەختی و چارەڕەشی، خەڵکیش لە دوای ئەوان بڕوایان دەهێنا.

بۆ نموونە یەکێک لە پادشاکانی قویدە لە جەزیرەی مەلایوو کە لە ساڵی (١٥٠١ی.ز) بانگەوازکاری موسڵمان شێخ عەبدوڵڵا سەردانی دەکات لە بارەی دینی وڵاتەکەی پرسیاری لێ دەکات، ئەویش لە وڵامدا دەڵێت: دینی وڵاتی من ئەو دینەیە کە لە پێشینان وەرمانگرتووە، ئێمە هەموو بت پەرستین، شێخ عەبدوڵڵا پرسیارێکی تر لە مەلیک دەپرسێت و دەڵێت: ئایا ناوی دینی ئیسلامتان نەبیستووە کە خودای گەورە وەک کۆتایی دینەکان ڕەوانی کردووە بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی؟ کە پێغمبەرەکەی “محەممەدی کوڕی عەبدوڵڵای قوڕەیشیە” وەک کۆتای پێغەمبەران، وەک ڕاگەیێنەری ئەم دینە ڕەوانەی کردووە؟ ئینجا باسی قورئان و بنەماکانی ئیسلام و جوانی ئەم دینە پیرۆزەی بۆ دەکات کە دەبێ وەک کۆتایی ئایینی ئاسمانی بڕوای پێ بهێندرێ، لە شیکردنەوە و ڕاڤەکردن بەردەوام دەبێت تا خوای کارزان لەسەر دەستی شێخ عەبدوڵڵا ڕێنمای دەکات و هیدایەتی دەدات.

پاشان مەلیکە کە فەرمان دەکات بە کۆ کردنەوەی هەموو ئەو بتانەی کە لە (زێڕ و زیو و قوڕ و دار) دروست کرا بوون و بە خوا دەپەرستران، فەرمانی ئاگر تێبەردانی بۆ دەرکردن، پاش ئەم کارە و موسڵمان بوونی پاشا خەڵکیش موسڵمان بوون، هەمان کاری پادشاکەیان ئەنجامدا، خواوەندە درۆینەکانیان کە لە دار و بەرد دروست کرابوون سووتێندران، بەم شێوەیە ئیسلام ڕەگ و ڕیشەی خۆی لە دڵی دانیشوتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و رۆژئاواکەیدا دا کوتا.

بە هەمان شێوەش ڕەش پێستەکانی ئەفریقیا لە سەر دەستی موسڵمانە بانگەوازکارەکان لە ئازاری ستەم و نادادپەروەری مرۆڤەکان، خودای گەورە بە ئیسلام ڕێزی لێناون و باوەڕیان بە ئیسلام هێنا.

خۆ ئەگەر سەیری ئێستاش بکەین تەواو نادروستی ئەم گوتەی نەیارانی ئیسلام ڕوون دەبێتەوە، ئەگەر ئیسلام بە شمشێر پەرەی سەندووە و بڵاوبووەتەوە، ئەو ملیۆنان موسڵمانەی (چین) چۆن بوونەتە موسڵمان؟ سەیری ئەندەلۆسی کۆن و ئیسپانیای ئێستا بکە کە بە هۆی (عبدالرحمن الداخل) خوای گەوەرە هیدایتی دان و بە ڕووناکی ئیسلام شادی کردن.

دەی ئەو هەموو موسڵمانەی ئێستا لە ئەورووپا و ئەمریکا هەن بەهێزی چ بوونەتە موسڵمان؟ ئەو موسڵمانانەی لە (کیشوری–قارەی) ئەوستورالیا دەژین چۆن بوونەتە موسڵمان؟ دەی هەموو بستێکی ئەو زەوییە دەیسەلمێنێ کە وڵام دانەوەی پرسیارە بێ وڵامەکان و گونجانی بەرنامەی ئیسلام، بۆ هەموو سات و کاتێک و گونجانی لەگەڵ سرووشتی مرۆڤ وای کردووە کە خەڵک بیکەن بە بەرنامەی ژیانیان نەک بە زەبر و زەنگ، کە واتە ئیسلام وەک دەق بەتاڵە لە سەپاندنی بیروڕا بەسەر کەسی بەرامبەردا.

مێژووی موسڵمانێک نابێتە خوێندنەوەیەکی دروست و ساغ لەم بارەیەوە بۆ دەقەکانی ئیسلام وەک بەرنامەی ئایینی، ئیتر بێ واتای و بێ بنەمای ئەم گوتەیە لە ڕاستی بوونمان ڕوون و ئاشکرایە، مێژوو زۆر نموونەی ڕوونی لە هەگبەدایە کە بیروباوەڕ بەهێز ناتوانێ جێگەی خۆی بکاتەوە لە ناخدا، سەیری ڕووداوەکانی ناوچەی قەوقاز بکە کە زەبر و زەنگ چۆن دەبێتە خۆراکی ژەمی موسڵمانان، بەڵام نەمان بیست هیچ یەکێکیان دەست بەرداری بیروباوەڕەکەی بێت.

ئەوانە و چەندان نموونەی تر دەیسەلمێنێت کە هەر بیروباوەڕێک جا ئاسمانی بێت یاخود بیردۆزی مرۆڤ، ناتوانێت هەیمەنە و دەسەڵاتی خۆی بەسەر دڵاندا بسەپێنێت.

خۆ مەغۆلەکان و موسڵمان بوونیان لە دوای وێرانکردنی پایتەختی موسڵمانان، نموونەیەکی زەق و ڕوونە بۆ هەموو ئەوانەی گومانیان لە شمشێر هەیە لە ئیسلامدا.



تعليقات