بەشی دۆزادەیەم و کۆتایی کتێبی ئیسلام و شمشێر؛ ئەم تۆمەتانە لە پێناو چی؟؟؟

بەشی دۆزادەیەم و کۆتایی کتێبی ئیسلام و شمشێر؛ ئەم تۆمەتانە لە پێناو چی؟؟؟


دەی کەواتە مرۆڤی ژیر لە دوای ئەم گەڕانەوەیە بۆ مێژوو، دەپرسێت ئەم تۆمەتانە لەبەر چی؟؟؟ شێواندنی ڕاستییەکان بۆ؟؟؟ کێ سوودمەندە لە زڕاندنی ناوی جوانی شتەکانی مێژوو، کە مرۆڤایەتی هەموو سوودمەندە تیایدا، لە وڵامدا دەڵێین:

ئەم تۆمەتانە بۆ دوور کەوتنەوەی خەڵکە لە دینی خودا، بۆ گومان دروست کردنە لە دڵی موسڵمانان، ئەم تۆمەتانە لە دایک بووی ئەمڕۆ نین، بەڵکوو لەگەڵ هەڵاتنی تیشکی خۆری ڕووناک بەخشی خودایی، ئەم تۆمەت و گومانانەش لە دایک بوون.

لە کاتێ زلهێزەکان خۆری بەرژەوەندیەکانیان لەگەڵ هەڵاتنی خۆری ڕاستی ژیان ئاوا بوو، کەوتنە پەلە قاژە بۆ دەرباز کردنی بەرژەوەندیەکانیان.

سەیری مێژوو بکە چۆن خۆی دووبارە دەکاتەوە، ئەوە گەورە پیاوانی قوڕەیش کۆ دەبنەوە، بۆ ئەوەی تۆمەتێک بدەنە پاڵ محەممەدی پێغەمبەر(د.خ) لەسەر، تا بتوانن ڕێگربن لە موسڵمان بوونی خەڵک و نەهێڵێن بڕوا بە ئایینی تازە بهێنن، بۆیە هەرکامەیان، باس لە تۆمەتێک دەکەن و دەڵێن: درۆزنە، بەڵام وانیە، ئەوا بە ڕاستگۆ بە ناوبانگە…با بڵێین…با بڵێین… با بڵێین تا کۆتای یەکێکیان ڕاست دەبێتەوە و دەڵێ: بەڵێ…بەڵێ دۆزیمەوە با بڵێین ئەو جادووگەرە، خۆیەتی خەڵکان ئیتر واز لە خوداکانمان ناهێنن، بۆ بڕوا هێنانیان بە خودای تاقانە، بەڵام بە کەڵک بوو.

بەڵکوو ئەو نێردراوی خودایە، هەر وەک دەیفەرموو: (أنا النبي لا کذِب، أنا إبن عبدالمطلب)، من پێغەمبەرم و درۆزن نیم، من ڕۆڵەی عەبدولموتەلیبم، بە پێ ڕۆژگاری ئەمڕۆ تۆمەتەکان مکیاج کراون و جلی نوێیان لە بەر کرابوو، ئەو کات تۆمەتەکان بەم شێوەیە بوون: جادووگەر و شێت و نالەبار و کەسانی کۆنە پەرست و دژ بە زانست و پێشکەوتن، تۆمەتەکانی ئەمڕۆش: توندڕەو و تیرۆریست و توقێنەر و دژ بە جوانییەکانی ژیان و ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ژیان، بۆ بەیانیش هەر خودا دەزانێ چی لە هەگبەی نەیارانی ئیسلامی خودای تاقانە دایە!!؟؟

ئەم تۆمەتانە بۆ بێبەش کردنی خەڵكە، لەوەی کە بە ئازادی نەژین و ببن بە بەندەی بەندەکان، بەجێگەی ئەوەی بەندەی خودای تاقانە بن، بۆ ئەوەیە هەموو شتێک بە چاویلکەی خاوەن کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهان ببینرێت، بۆ دژایەتی کردنی مرۆڤایەتییە، بۆ لەباربردنی خەونی ئارامی ڕۆح و دەروونە، بۆ کۆتایی هێنانی مێژووە بە فیلمی خۆرئاوای.

بەڵام تۆ بڵێی ئایینێک چواردە سەدە بەر لە ئێستا لە دایک بووبێ و خودای گەورەی خاوەنی بوونەوەر، بەڵێنی پاراستنی پەیامی نەدابێت؟ مرۆڤە توانا سنوور دارەکان بتوانن لە بیابانی عەدەم بانگهێشتی بکەن؟! خۆ ژیران دەڵێن (کاتێک بووی بە نیشان بۆ تیری ڕەخنە، ئەو جار بزانە کە بوونت هەیە)، تۆ بڵێی ئەمەی ئەمڕۆ لە سەر شانۆی بوونماندا نمایش دەکرێت کە جەلادەکانی دەست ڕۆیشتوو (ئەکتەر کارەکانی) نێو شانۆی ژیان، بەیانی ناکرێنە قەفەسی تۆمەتباریەوە؟ بەیانی سەدان عومەر لەدایک دەبن، دەنگی ڕاستی بە مرۆڤەکان ڕادەگەینن و دەڵێن: (تاکەی بەندەکانی خودا کە بە ئازادی لە دایک دەبن ئێوە دەیانکەن بە بەندە).

تاوانبارانی دوێنی و ئەوڕۆ و بەیانی، هەموویان تەواوکەری یەکترن، بەڵام مووسایەکانیش تەواوکەری یەکترن، خودای باڵا دەستیش دەفەرمووێت: (وَلَا تَهِنُوا وَلَا تَحْزَنُوا وَأَنتُمُ الْأَعْلَوْنَ إِن كُنتُم مُّؤْمِنِينَ (١٣٩) آل عمران.خەفەت بار و دڵ تەنگ مەبن، ئێوە بەرزی ژیان مسۆگەر دەکەن، گەر موسڵمان و بڕواداری تەواو بن.

هەمووشمان دەزانین لە دوای زستانی پڕ سەهۆڵ بەهارێکی پڕ لە گوڵزار مێوانە.

سەرچاوەکان:

١. إسلام بلا مذاهب: مصطفی شعکة.
٢. إفتراءات علی الإسلام و المسلمین: د. أمیر عبدالعزیز.
٣. الإسلام: أحمد الشلبي.
٤. الضربات التي وجهت للإنقضاض علی الإمة الإسلامیة: أنور الجندی.
٥. المقدمة: ابن خلدون.
٦. تاریخ الطبري: الإمام ابن جریر الطبري.
٧. حقائق الإسلام في مواجهة شبهات المشککین: مجموعة من العلماء.
٨. حقائق الإسلام و أباطیل خصومە: عباس محمود العقاد.
٩.شەرعیات: مەستوورە خانمی ئەردەڵانی.
١٠. مؤسس الدین الإسلامی و مؤسس امبراطریة المسلمین: جورج بوش.
مفهوم السلم في الفکر الإسلامي: د. محمد سید نوري البازیاني.
١٢. موسوعة الحروب:هیشم هلال.



تعليقات