بەشی یازدەیەمی ئیسلام و شمشێر؛ شمشێری ئەوان:

بە تەنیا لە جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم نزیکەی (٨۰) ملیۆن مرۆڤ دەبێتە خۆراکی شمشێرەکانیان، کیمیابارانکردنی هیرۆشیما و ناکازاکی لە لایەن ئەمریکییەکان (۲۰۰) هەزار کوژرا و نەوەیک لە قوربانی لێکەوتەوە.


کورد دەڵێت موویێک لە چاوی خەڵک دەبینی، بەڵام گوریسێک لە چاوی خۆت نابینی، ئەوانەی شمشێری ئیسلام بە دژی مرۆڤایەتی هەڵدەسەنگێنن، وا دەزانن شمشێری ئەوان بووەتە “مەمە وشکەی منداڵان”، یاخود بووەتە تۆپی یاری بۆ شادی دڵی هەرزەکاران، یاخود بووەتە پارووەنانی ژەمی مرۆڤە ڕەش و ڕووتەکانی کیشوەری ئەفریقیا.
بەڵام بۆ ئەوەی بە شێوەی بابەتیانە لەسەر شمشێری ئەوان بڕۆین هانا بۆ ڕووداوە شاراوە و ناکۆکەکان دەبەین، ئەوە بەسە ئەگەر مرۆڤ خاوەنی ویژدانێکی زیندوو بێت و خۆی بڕیار بدات لە نێوان شمشێری ئیسلام و شمشێری نەیارانی، زۆر ناچمەوە بارگەی مێژوو، ئەگەرنا نە نووسینەکانی منی هەژار دەتوانێ کارەکان تەواو بکات نە زۆر کاتیش دەرفەت دەدات بۆ لە خزمەت دابوونی گێڕانەوە و نووسینی ڕاستی ڕووداوەکانی مێژوو، بەڵام وەک کورد گوتەنی (مشتێک، نموونەی خەرمانێکە) دەکەینە درووشمی کارەکەمان.
لێرەدا (هشیم مناع) خاوەنی کتێبی (موسوعە الحروب) لە لاپەڕە (۱٦۰) باس لە جەنگ دەکات بەر لە جەنگی (بەدر) کە یەکەم جەنگی موسڵمانان بوو لە گەڵ بێ باوەڕان و باسی سەدان جەنگی ناخ هەژێن و جەرگ سووتێن دەکات کە موسڵمانان تێدا بەشدار نەبوون.
من نامەوێت باس لە هەموو ئەو جەنگانە بکەم، ئەوەی من دەمەوێت با سەیری شمشێری ئەوانە بکەین کە لۆمەی موسڵمانان دەکەن لە بەکارهێنانی شمشێرەکانیان، ئەی شمشێری ئەوان چییە؟ یان چی بۆ مرۆڤایەتی هێناوە؟ وە لە بەرچی بەکارهاتووە؟ با چەند نموونەیەک باس بکەین:
یەکەم: با لە هێرشی ئەورووپییە مەسێحییەکانەوە دەست پێ بکەین، ڵە ساڵی (٤۹۱-٤۹۲) لە جەنگی (مەلا زکرد) کە ماوەی سێ ساڵی خایاند، کە خاچ پەرستەکان ناکۆکی سەلجوقیەکانیان بە هەل زانی توانیان دەست بەسەر (بیت المقدس) لە فەلەستین دا بگرن کە تێدا دەیان هەزار موسڵمانیان کردە خۆراکی شمشێرەکانیان تەنیا لەبەر ئەوەی نەبوون بە گاور.
دووەم: هاوپەیمانیەتی نێوان مەغۆلەکان و خاچ پەرستەکان لە ساڵانی (٦٤۸- ۱۲٤۸) کە بووە هۆی هێرشی مەغۆلەکان بۆ سەر جیهانی ئیسلامی بە هاندان و ودەستخۆشی گەورە پیاوانی خۆرئاوایی، هەروەک مامۆستا (محمد علی غیث) لە کتێبەکەی بە ناوی (العرب و الشرق) ئەو ڕاستییە دەردەخات بە پشت بەستن بە سەرچاوە فەڕەنسییەکان بە تەنیا دەڵێت:
لویسی نۆیەم هەندێ لە پیاوانی گەورەی مەغۆلی بانگهێشت کردووە بۆ فەڕەنسا بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر ڕێککەوتنێکی سەربازی، کە تەرکیز لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هەر دوولا هێرشێکی فراوان لە دژی عەرەب و موسڵمانان ئەنجام بدەن، کارەکان وا دابەشکران مەغوڵەکان هێرش بکەنە سەر عێراق و بەغداد داگیر بکەن و پایتەختی خیلافتی موسڵمانان بڕووخێنن وێرانی بکەن خاچ پرستەکانیش ڕێگری لە سوپای میسر بکەن بۆ ئەوەی بە هانای برا موسڵمانەکانیانەوە نەچن.
لویس بۆ هاندانی مەغولەکان دژی موسڵمانەکان لە (۱۲٥۱/۰۱/۰۲) بەرامبەر (٦٤۹) کۆچی دیاریەکی بەنرخی بۆ گەورەی مەغۆلەکان نارد، ئەوەی نوێنەرایەتی وەفدەکەی دەکرد ڕاهیبی دومنیکانی (ئەندریی لونخمیو) بوو، کە بەشێک لە ناو دیاریەکەی پارچەیەک خاچی خاچپەرستەکان و وێنەیەکی مریەمی دایکی عیسا (د.خ) تێدا بوو.
ئەوە بوو لە ئەنجامدا توانیان کەڵک لە هێزی مەغۆلەکان وەربگرن، بوون بە هۆی ڕووخانی پایەختی موسڵمانان و کوشتنی خەڵیفەی موسڵمانان و کوژرانی نزیکەی (۱،۰۰۰۰۰۰) ملیۆن موسڵمان و لە ناوبردنی گەورەترین و دەوڵەمەندترین پەرتووکخانەی جیهان، لەبەر چی؟ لەبەر ئەوەی کە موسڵمان بوون…مرۆڤ دۆست بوون، ئەوەتە مێژوونووسان لەبارەی دڕندەیی سوپای جەنگیزخان ئەوەی دەگێڕنەوە کە لە کاتی گرتنی بەغداد یەکێک لە سەربازەکان هەموو ئەندامانی ماڵێک سەر دەبڕێت، تەنیا منداڵێک ماوە لە ناو لانکدا، دیارە سەربازەکە بەزەی پێدا دێتەوە، دەوستێ لە کاتێ گەورەکە لێ دەپرسێ بۆ وەستاوی؟ دەڵێ لەبەر ئەو منداڵە، یەکسەر گەورەکە بڕیاری کوشتنی سەربازەکە دەدات و خۆشی منداڵەکە دەکوژێت، دەڵێت: دڵ نەرم و بەسۆزەکان لە سوپای ئێمە جێگەیان نابێتەوە.
سێیەم: هەر لە جەنگی خاچ پەرستانەوە بۆی دەچین و باسی “ئەندەلۆس” دەکەین کە ئیسپانیای ئەمڕۆی پێ دەگوترێت، دەستی ڕەنگینی موسڵمانان تاکوو ئەمڕۆش شوێنەواری لەو وڵاتەدا بەجێ ماوە، بەڵام (محاکم التفتیش)ی (شێواندن و کاولکاری) ئەوان تاکوو مێژوو هەناسەی ژیان هەڵنامژێ، ئەم ڕووداو و ڕۆژگارانە لە ناو لاپەڕە ڕەشەکاندا پەنا دەگرێت.
لە کاتێک گەورە پیاوانی کەنیسە بڕیاریاندا هەموو ئەوانەی کە مسێحی نین دەبێت بدرێتە دادگا بۆ ئەوەی بزانن پابەندن بە چ ئاینێک؟ کە ئەگەر نەبن بە هەڵگری بیروباوەڕی مەسێحی ئەوە لە ژێر زەمینەکان بە ئازارترین و ناشیرینترین شێوەی سزا چاوەڕوانیان دەکات، لە ئەنجامدا موسڵمانانیان لە گەڵ هاودینەکانی تر جگە لە “فەلەکان” ئەوانی دیکەیان وەدەرنان و گرتنیان و کوشتنیان، ئەوان کێ بوون؟ باب و باپیرەی ئەو کەسانەن کە ئێستا داوی مافی مرۆڤ و یەکسانی و دادپەروەری دەکەن، ئەوانە بوون کە نەوەکانیان پەروردە کرد لەسەر بنبڕکردنی هەر بیروباوەڕی پێچەوانەی خۆیان.
چوارەم: خۆ ئەگەر سەیری ڕووداوەکانی سەدەی بیستەمی زایینی بکەین ئەوا شمشێری ئەوان بە جوانی خۆی پێناسە دەکات، هەر لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم تا دەگاتە داگیکردنی عێراق و ئەفغانستان، هەموو مرۆڤایەتی بە دەست نەهامەتییەکانی ئەوانەوە دەبێتە قوربانی.
بە تەنیا لە جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم نزیکەی (٨۰) ملیۆن مرۆڤ دەبێتە خۆراکی شمشێرەکانیان، کیمیابارانکردنی هیرۆشیما و ناکازاکی لە لایەن ئەمریکییەکان (۲۰۰) هەزار کوژرا و نەوەیک لە قوربانی لێکەوتەوە.
بۆ چەسپاندنی بیری هاوبەشیەتی نێوانیان نزیکەی چەند ملیۆن موسڵمان دەبێتە قوربانی حەزی گەورە پیاوانی ئەم ڕێبازە.
داگیرکردنی خاکی فەڵەستین لە لاین جووڵەکەکانەوە تاکوو ئێستاش چەندان هەزار کەسیان کردووەتە قوربانی، داگیرکردنی جەزائیر لە لایەن فەڕەنسییەکانەوە یەک ملیۆن شەهیدی لێکەوتەوە و تاکوو ئێستاش بە وڵاتی (یەک ملیۆن) شەهید ناوی دەرکردووە.
هێرشی داگیرکاری ئەورووپییەکان بۆ خۆرهەڵاتی ئاسیا وکیشوەری ئەفریقیا چەندان هەزار کوێلە و کوژرا و ماڵ وێرانی و دزینی سەروەت و سامان کە تا ئێستاش بەردەوامە، شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان، داگیرکردنی شیشان، کوشتارەگەی (سربنیتشا) لە کۆسۆڤۆ، شەڕی ئێران و عێراق و باقی شەڕەکانی تر، کە هەموو بە دەست خۆشی ئەوان و شمشێری ئەوان ئەنجام درا، چەندان هەزار کوژراو و بریندار و ماڵ کاولی لێ کەوتەوە، کیمیابارانی هەڵەبجە و هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی حکومەتی عێراق بە چەک و کەرەستی ئەورووپی بۆ سەر کوردستان چەندان هەزار کوژراوی بە دوای خۆیدا هێنا، ئەمەشیان هەر لە بەرژەوەندی چەک فرۆشەکانی جیهان بووە، جا لەوانەیە یەکێک بپرسێت ئەو ئەوانەی کوردیان کوشت موسڵمان نەبوون؟؟؟ لە وڵامدا دەڵێین:
نەخێر نەهامەتییەکانی کورد لە دوای ئینگلیزەکان لەسەر دەستی مارکسیزم و علمانیەت و هاوەبەش خوازانی سەردەم بووە، بەعسییەکان نەوەی کێین؟ هەڵگری چ پەیامێکن؟؟؟ نابینی چۆن هەزاران خەڵک لە سووریا دەکرێتە قوربانی لە پێناو مانەوەی سەرۆک؟؟ سەیرکە چۆن “ورچی سووری کۆن” نینۆکەکانی تیژ کردووەتەوە بۆ پەنادانی دوایین ڕۆڵەی لە ناوچەی عەرەبیدا، چ کۆمپانیایەک چەکی فرۆشت بە بەعسییەکان؟؟؟ لاوانی موسڵمان بوون یا خود گورگەکانی دوێنێ و دیمۆکراسی خوازانی ئەمڕۆ؟؟؟؟ کەچی مرۆڤەکان سەرباری ئەم هەموو پیلانە شاراوانە بە بێ شارەزای تەنها باجیان دەدەن.
جەنگی کەنداو و داگیرکردنی عێراق کە نزیکەی یەک ملیۆن کەس بوونەتە قوربانی شمشێری ئەوان، نەک هەر ئەمە داگیرکردنی ئەفغانستان، جەنگی بە ناوی دژە تیرۆر بازاڕی چەکی لە جیهان گەرم کردووە بۆ بەرژەوەندی چەند گرووپ و کۆمپانیایەک و بەس، ئەوە و چەندان و چەندان ڕووداوی ناخ هەژێنی مێژوو کە ناکرێ هەموویان باس بکەین.
کە واتە شمشیری ئەوان شمشێرێکی بی پەیامە بۆ مرۆڤایەتی سوورە بە خوێنی منداڵ و ئافرەت و بێنەوایان، ڕەنگ بێ پرسیار بکرێ ئەی نابینی ئەوەی موسڵمانان دەیکەن لە تیرۆر و تەقاندنەوە و کوشتنی ژن و منداڵ و ێران کردن؟؟؟ ئەی ئەوە شمشێری ئێوە نییە؟؟؟ لە وڵامدا دەڵێین:
ئەوەی کە گرووپێک بە ناوی ئیسلام دەیکا لە کوشتنی خەڵکی بێ تاوان بە هەموو شێوەیەک لە لایەن موسڵمانان ئیدانە دەکرێ و ئیدانە کراوە، ئیسلام وەک خۆی گەر سەیر بکرێت پێویست بە کردنی ئەو پرسیارە ناکات، هەروەک هەموو سەرکردەکانی جیهانیش لە وتەکانیان ئاماژە بەو جیاوازییە دەکەن، کە جیاوازی هەیە لە نێوان ئیسلام وەک دین و هەڵەی گرووپێک و کۆمەڵێک و لە هەمان کاتیشدا نابێت ئەوە لە یاد بکرێت ئەوەی کە ڕوو دەدات لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا هەموو کاردانەوەی بەرهەمی شمشێری ئەوانە.
خۆ ئەگەر ئەوان خاکی موسڵمانانیان داگیر نەکردبایە نەبان بە مەترسی بۆ سەر هزر و بیری موسڵمانان ئەوە ئەو گرووپانە هەر لە دایک نەدەبوون و زۆر جاری وا هەیە گوێ بیست دەبین کە خۆیان لە ناو خۆیاندا گرووپ دروست دەکەن و بە ناوی ئیسلام کاری نەشیاو ئەنجام دەدەن بۆ ناشیرین کردنی ڕووی جوانی ئیسلام و موسڵمانان.

تعليقات