بەشی بیست و نۆیەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ جوگرافیای شاڵاوەکانی ئەنفال، ئەنفالی چوار، ئاوگەی زێی بچووک (لە ٨ی نیسان تاوەکوو ٣ی ئایاری ساڵی ١٩٨٨ی.ز):

بەشی بیست و نۆیەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ جوگرافیای شاڵاوەکانی ئەنفال، ئەنفالی چوار، ئاوگەی زێی بچووک (لە ٨ی نیسان تاوەکوو ٣ی ئایاری ساڵی ١٩٨٨ی.ز):


هێزەکانی ڕژێم دووای تەواوکردنی تاوانەکانی ئەنفالی سێ، کە زۆرترین ژمارەی قوربانی و شوێنبزری لێکەوتەوە، لە هێرشەکانی بەردەوام بوو بۆ سەر ناوچەکانی تری کوردستان بەهەمان شێوە.

جوگرافیای ئەم شاڵاوە ئاوگەی زێی بچووک بوو، کە هێڵی سنووری هەر دوو پارێزگای کەرکووک و هەولێری پێک دەهێنا.

ئەم ئاوگەیە شارۆچکەکانی (ڕێدار، ئاغجلەر، تەقتەق و چەند گوندێکی گەورەی وەک: عەسکەر و گۆپتەپەی دەگرتەوە)، کە دەتوانین بڵێین سنووری ئەم شاڵاوە ناوچەکانی دەشتی کۆیە و تەقتەق و شێخ بزێنی و ناوشوان و ئاغجلەر و خاڵخاڵان و چەمی ڕێزانی گرتەوە.

سەرەتای ئەنفالی چوار بە کیمیابارانی گوندی گۆپتەپە لە ڕۆژی ٣ی ئایاری ساڵی ١٩٨٨ی.ز دەستیپێکرد بەهۆی فڕۆکە جەنگییەکان بۆمبی کیمیاوی بەسەر خەڵکەکەی داباراند، قوربانییەکانی ئەم گوندە بە نزیکەی (٣٠٠) کەس دەخەمڵێندرێت، هاوکات گوندی عەسکەری بە هەشت بۆمبی کیمیاوی بۆردوومانکرا، بۆنی کیمیاوییەکەی تەشەنەی کرد تاکوو گەیشتە گوندی حەیدەر بەگ، لەوێش ژمارەیەک قوربانی لێکەوتەوە.

بۆ ڕێگرتن لە دەربازبوونی دانیشتوانی گوندەکانی گۆپتەپە و عەسکەر و حەیدەر بەگ، ڕژێم ئاوی بەنداوی دووکانی بەردایەوە، تاکوو نەتوانن لە زێیەکە بپەڕێنەوە و ڕزگار ببن، خەڵکەکە بەرەو ناوچەکانی چەمچەماڵ و تەکییە و هەندێکیشیان بەدەم زێیەکە شۆڕبوونەوە بەرەو ناوچەی شێخ بزێنی.

هەڵاتووەکانی گوندی عەسکەر لەسەر جادەی سەرەکی لە لایەن سوپا و کوردە جاشەکانەوە دەسگیرکران و ڕەوانەی کۆمەڵگەی سوسێ کران، بەم جۆرە زۆربەی خەڵکی ناوچەکە، کە لە دەست سوپا ڕزگاریان نەبوو، شوێنبزرکران.

لە ٤ی ئایار هێرشەکە فراوانتر بوو بەشێوەیک ناوچەکانی دەوروبەری شاری کۆیە و گوندەکانی لێواری زێ و دەورووبەری شارۆچکەی تەقتەق و ناوچەی شێخ بزێنی گرتەوە.

بە درێژای زێی بچووک سوپا گوندەکانی ئەمبەر و ئەوبەری وێرانکرد و سووتاندی.

ژمارەی شوێنزبرکراوانی ئەم ناوچەیە گەیشتە (١٦٨٠) هەزار و شەش سەد و هەشتا کەس.

بەم شێوەیە، دڕندایەتی ڕژێم هەموو گوند و ناوچەکەی گرتەوە، (٢٣٧) دووسەد و سی و حەوت گوند تەخت و وێرانکران و سووتێندران، نزیکەی (٢٥٠٠) دووهەزار و پێنج سەد کەس، لە دەشتی کۆیە و (٣٠٠٠) سێ هەزار کەس، لە ناوچەکانی شێخ بزێنی و ناوشوان شوێنبزرکران.

لەم شاڵاوەدا هەمان سیاسەتی ئەنفالەکانی تر پەیڕەو دەکرا، بۆ کۆکردنەوەی خەڵکە گیراوەکە، کە چەند شوێنیان ئامادەکرد بۆ کۆکردنەوە و جیاکردنەوەی خەڵکەکە و ڕاگواستنیان بۆ شوێنی نادیار.



تعليقات