بەشی بیست و هەشتەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ جوگرافیای شاڵاوەکانی ئەنفال، ئەنفالی سێ: لە (٧تا٢٠ی نیسانی ساڵی ١٩٨٨ی.ز):

بەشی بیست و هەشتەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ جوگرافیای شاڵاوەکانی ئەنفال، ئەنفالی سێ: لە (٧تا٢٠ی نیسانی ساڵی ١٩٨٨ی.ز):


شاڵاوی ئەنفالی سێ، کە ناوچەی گەرمیانی گرتەوە، گەورەترین و بەرفراوانترین هێرش و پەلامار بوو لە ساڵی ١٩٨٨ی.ز بۆ سەر کوردستان، کە ناوچەکانی (دووز، قادرکەرەم، کەلار، کفری، چەمچەماڵ، تێلەکۆ، پێباز، سەنگاو، تەکیە و بەشێک لە ناوچەی ئاغجلەر)ی ڕاماڵی.

زیانێکی ئێجگار گەورەی گیانی و ماڵی بە دانیشتوانی نزیکەی (٥٠٠) پێنج سەد گوندی ئەم ناوچەیە گەیاند، کە پتر لە (٣٠) سی هەزار ژن و منداڵ و پیر و گەنجی بێسەروشوێن کرد و ماڵ و سامانیشیان بەتاڵان بردرا.

لە (١٤ی نیسانی ساڵی ١٩٨٨ی.ز)دا، چوار شارۆچکەی گەرمیان، بە یەک ڕۆژ بە تەواوەتی وێرانکران و نزیکەی (٢٠) بیست هەزار ژن و منداڵ و پیاو، بۆ سەربازگەی قۆڕەتوو ڕەوانەکران، بۆیە ئەم ڕۆژە لە هەموو ساڵێک کراوەتە ڕۆژی یادکردنەوەی تاوانە گەورەکەی ئەنفال لە کوردستان.

هۆی زۆری ژمارەی گیرا و شوێنبزر کراوەکانی گەرمیان، دەگەڕیتەوە بۆ ئەوە کە پارێزگای سلێمانی بەهۆی قائیمقامیەتی چەمچەماڵ بە ڕیگای مستەشارە کوردەکانەوە پڕۆپاگەندەیان بڵاو کردەوە، کە حکوومەت هەر خێزانێک (٣٠٠) مەتر دووجا زەوی لەگەڵ قەرزی نووسینگە دەداتە گوندنشینەکان، ئەمەش وایکرد، کە خەڵکەکە هێمن ببنەوە و ڕانەکەن، بۆیە ئەو ژمارە زۆرە دەسگیرکران.

دەسگیرکراوەکانی ئەم مەڵبەندە بەرەو چەمچەماڵ ڕەوانەکران، کە بووە مەڵبەندی کۆ کردنەوەی گیراوەکانی باکووری گەرمیان، ئەوانەی لە کەمپەکانی قادرکەرەم و لەیلان بوون بۆ ئەوەێ دەهێنران.

بەڵام گیراوەکانی باشووری گەرمیان لە دوو مەڵبەندی سەرەکی کۆ کرانەوە، یەکێکیان مەڵبەندی لاوانی دووزخورماتوو بوو، کە نزیکەی چوار هەزار کەسی تێدا بەندکرابوو، سەربازەکانیش زۆر نامرۆڤانە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکردن، سەرەڕای ئەشکەنجەدان و برسیکردن و تێنو کردن، هەرچی پارە و زێڕ و شتی بەنرخیان پێبوو لە ئافرەتەکانیان دەستاندن، پێیان دەگوتن ئێوە یارمەتی (تێکدەر-پێشمەرگەتان) داوە.

بەڵام مەڵبەندی دووەم بۆ کۆکردنەوەی گیراوەکان، بارەگای لیوای (٢١) بوو لە قۆڕەتوو، لە زاری یەکێک لە دەربازبووەکانەوە هاتووە، کە نزیکەی (١٠) دە هەزار کەس لەم قەڵا سەربازییە بەندکرابوون.

بە پێی چاوپێکەتنەکانی (MEW-میدڵ وێست وۆچ)، لەگەڵ یەکێک لە ڕزگاربووان، ژن و پیاو لەیەکتر جیا کراونەتەوە، ئینجا پیاوەکان بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و دوواتریش بەهەمان شێوە ژن و منداڵەکانیشیان جیا کردووەتەوە.




تعليقات