بەشی سی و یەکەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ جوگرافیای شاڵاوەکانی ئەنفال، ئەنفالی کۆتایی (بادینان) لە ٢٥ی ئاب تاکوو٦ی ئەلیوولی ساڵی ١٩٨٨ی.ز:

بەشی سی و یەکەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ جوگرافیای شاڵاوەکانی ئەنفال، ئەنفالی کۆتایی (بادینان) لە ٢٥ی ئاب تاکوو٦ی ئەلیوولی ساڵی ١٩٨٨ی.ز:


لە دووای وەستانی شەڕی نێوان دوو وڵاتی داگیرکەری عێراق و ئێران، دووا شاڵاوەکانی ئەنفال لە ٨ی ئابی ساڵی ١٩٨٨ی.ز دەستیپێکرد، سوپای عێراق دەستی واڵابوو بۆ ئەنفالکردنی ناوچەی بادینان.

ئەم شاڵاوە بە درێژایی ناوچەکانی (زاخۆ، ئامێدی، شێخان و ئاکرێی) گرتەوە.

هەروەک پیشەی جارانی لە شاڵاوەکانی تری ئەنفال، یەکەمجار شوێنە ستراتیژیەکانی ناوچەکەی بۆردومانکرد بە بۆمبی هێشوویی (عنقودی) و کیمیاوی.

خەسترین هێرشی هێشوویی لە ٢٤ی ئاب بۆ سەر گوندی سپینداری قەدپاڵی چیای گارە بوو، رۆژی دوواتر ئەم ناوچەیە بەر خەسترین هێرشی کیمیاباران کەوت، شاڵاوەکە گوندەکانی چیای گارەی بە درێژایی (٣٠کم) گرتەوە، کە نزیکەی، پەنجا گوند دەبوو، لە لای باکوور گوندەکانی (دهۆکی، باوەڕکا کەڤڕی، مێزێ، سپیندار…و هتد).

لە سەر چیای گارەش گوندەکانی (گارەگۆ، زێوەشکان، زارکێ، سارتکێ و…هتد)، لە لای باشوور (سوارێ، ئاڤۆک و چەند گوندێکی تر.)

لە بەرەبەیانی ٢٥ی ئاب فڕۆکە جەنگییەکان کیمیابارانی گوندەکانی (برجینی ناحیەی زاوێتە و ئەوبەری زێی خابوور و هێسی و خەرابیا و یەکمالەی بەرواری ژێری) کیمیاباران کرد.

ئەگەر بەراوردێک لە نێوان چڕی بۆردوومانکە و ژمارەی قوربانیان بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کاریگەری کیمیابارانەکە کەمترە، هۆیەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە پێشمەرگە توانیان پێشتر ئامۆژگاری و ڕێنمایی خۆپاراستن بڵاو بکەنەوە، بەڵام مەڕ و ماڵات و ئاژەڵی گوندەکان قڕیان تێکەوت و کێڵگەکانیش لە بەرهەم کەوتن.

ئەنفالی کۆتایی (بادینان) بە دوو تایبەتمەندی لە شاڵاوەکانی تر جیا دەکرێتەوە (ناوچەکانی قەرەداغ و گەرمیان و ئاوگەی زێ بچووک و دۆڵی شەقڵاوە و ڕەواندز) لەبەر چەند هۆیەک:

١. هەندێ لە خێڵەکانی ناوچەکە پەیوەندی باشیان لەگەڵ ڕژێمی عێراقدا هەبوو، کە بووە هۆی پاراستنی خۆیان لە کوشتن و تاڵانکردن و وێرانکردنی گوندەکانیان.

٢. ژیۆپۆلەتیکی-جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە: لەبەر ئەوەی ئەم ناوچەیە هاوسنووری تورکیای داگیرکەرە و لەسەر سنووری نێودەوڵەتیە، دیارە ڕژێمی عێراقیش ویستویەتی بە ئەسپایی و بەنهێنی کۆمەڵکۆژیەکە لەم ناوچەیە ئەنجام بدات، چونکە تورکیا هاوسنووری وڵاتانی ئەورووپایە، لەوانەیە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسانی بیانی بگەنە ناوچەکە و تاوانەکە ئاشکرا بێت و حکوومەتی عێراق تووشی سزا بکات، یاخۆد وڵاتانی ئەورووپا لە ژێر فشاری ڕای گشتی چاو بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراقدا بخشێننەوە.

لە ٢٨ی ئاب هێرشی زەوینی دەستیپێکرد، لە ئەنجامدا دەیان هەزار لە دانیشتوانی ناوچەکە ئاوارەی دوو وڵاتی داگیرکەری تورکیا و ئێران بوون و ژمارەیەکیش دەسگیرکران، هەندێکیشیان دوواتر بەناچاری لە لێبوردنەکەی ٦ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٨٨ی.ز خۆیاندا بەدەستەوە.

لە ئێوارەی ٢٩ی ئاب بە هەزاران کەسی ناوچەکانی زێبار و بەری گارە لەسەر (ڕووی شین) لەهەموو لایەکەوە گەمارۆ دران، خەڵکە گیراوەکە گواسترانەوە بۆ دوو مەڵبەندی کۆ کردنەوە، بەشێکیان کە گەنجەکان بوون، لە قەڵای نزارێکی دهۆک کۆکرانەوە، کە وەک تۆبزاوەی کەرکووک وابوو، ژن و منداڵەکانیش بۆ بەندیخانەی سەلامیەی مووسڵ گواسترانەوە.

سەرجەمی گوندە وێرانکراوەکانی شاڵاوی ئەنفالی کۆتایی بە پێی زانیارەکان (٤٥٠) چوار سەد و پەنجا گوند بوو.

زیانە گیانییەکانی ئەنفالی بادینان، بە گولەباران و شوێنبزرکراوانەوە بە نزیکەی (٣٢-سی و دوو) هەزار کەس دەخەمڵێنرێت، زیاتر لە (١٠٠-سەد) هەزار کەسیش ئاوارە و دەربەدەری تورکیا و ئێران بوون، ئەوانی تریش ڕاگوێزرانەوە بۆ کۆمەڵگاکانی جەژنیکان لە نزیک هەولێر.

ئەو ئاوارانەی کە بەرەو تورکیا ڕایانکرد، سەرەتا حکوومەتی تورکیای داگیرکەر ڕازی نەبوو پەنایان بدات، ئەوانەی سنووری تورکیاشیان بەزاند هەندێکیانی ڕادەستی حکوومەتی عێراقی داگیرکەر کردەوە، ڕێگەیشی بە ڕێکخراوە مرۆیی و ڕۆژنامەنووسان نەدا سەردانیان بکەن، تا بۆیان ئاشکرا بێت، ئایا چەکی کیمیاوی لە دژیان بەکار هاتووە یان نا.

لە مانگی پێنجی ساڵی ١٩٨٩ی.ز(٣٠٫٣٤-سی) هەزار و سی و چوار کەس لە ئاوارەبووانی کوردانی باشوور لە ئۆردوگایەکی تورکیا، بەهۆی (نانی ژەهراوی)یەوە ژەهراوی کران، ئەم کارەش بە هاوبەشی لە نێوان پیاوانی ڕژێمی عێراقی داگیرکەر و کاربەدەستانی تورکیای داگیرکەر ئەنجام درا.

رژێم هەر بە ئەنفالکردنی کورد لەم دەڤەرەدا نەوەستا، بەڵکوو هێرشەکە گوندنشینە مەسیحیەکانیشی گرتەوە، دووای بۆردمانکردن و سووتاندن و وێرانکردنی گوندەکانیان، دانیشتوانەکەی ئەوەی ڕایکرد، ئەویتر دەسگیرکران و خرانە مەڵبەندی کۆ کردنەوەی ئەنفال لە بەندیخانەی سەلامیەی مووسڵ، ژمارەیەکیشیان کە بە پێی زانیارییەکان (١٥٢) سەد و پەنجا و دوو کەس بوون، گولەباران کران، کە زۆربەیان خەڵکی گوندەکانی (مێزێ لە سەرسەنگ و گوندە کۆسە و دۆسکی و کانی بەڵاڤ لە بەرواری باڵا و گوندی باش و گوندی قارولە لە نێروا و دەرەکش لە ئامێدی بوون).

لەم تاوانە گەورانەی بەسەر کوردستان بەگشتی و دەڤەری بەتایبەتی بادیناندا هات، نابێ ڕۆڵی فەوجەکانی بەرگری نیشتیمانی بەعسی داگیرکەر واتە: (جاشە کوردەکان) لەبیر بکەین، کە یارمەتی باشی سوپای داگیرکەری بەعسیان داوە و لە هەندێ ناوچەش پێشڕەوی سوپای ڕژێمیان کردەووە، چونکە شارەزای ناوچەکە بوون و ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە، لە تاڵانکردنی ماڵ و سامانی گوندە ئەنفالکراوەکان و دەسگیرکردنی ئەم خەڵکە سڤیلەی لە ترسی سوپای ڕژیم ڕایان دەکرد بۆ ئەوەی خۆیان ڕزگار بکەن.



تعليقات