بەشی سی و سێیەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ زاراوەی ژینۆساید-جینۆساید و جۆرەکانی:

بەشی سی و سێیەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ زاراوەی ژینۆساید-جینۆساید و جۆرەکانی:


ژینۆساید-جینۆساید زاراوەیەکە لە دوو بڕگە پێکهاتووە، ژینۆ-(جینۆ-Genos) وشەیەکی (یۆنانییە-گریکیە) بە واتای ڕەگەز یان بنەچە دێت، (ساید-caeder) وشەیەکی لاتینییە بە واتای لەناو بردن و پاکتاوکردن دێت، هەردوو وشەکە پێکەوە بە واتای پاکتاوی ڕەگەزی دێت.

بەکارهێنانی زاراوەی ژینۆساید-جینۆساید بۆ یەکەمجار لە لایەن شارەزای یاساناسی پۆلەندی (ڕافائیل لیمکین) لە مەدرید لە کۆنفراسێکدا لەساڵی ١٩٣٣ی.ز بەکارهاتووە و لە ساڵی ١٩٤٢ی.ز بە نووسین تۆماریکردووە، ئەم یاساناسە تەواوی خێزانەکەی بە دەستی ئەڵمانەکان لە ناوبردراون.

جۆرەکانی ژینۆساید-جینۆساید:

١. ژینۆسایدی-جینۆسایدی جەستەیی:

بریتییە لە کوشتن و لەناوبردنی تاکەکانی کۆمەڵ، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، وەک:

(گولەبارانکردن، زیندەبەچاڵکردن، شوێنبزرکردن، لە سێدارەدان و بەکارهێنانی چەکی کۆکوژ-کۆمەڵکوژ.)

بۆ نموونە: کیمیابارانکردنی گوند و لادێکان و شاری هەڵەبجە لە کوردستان، لە لایەن ڕژێمی عێراق و بەکارهێنانی چەکی فسفۆڕی و ژەهراوی دژ بە گەلی کورد، زیندە بەچاڵکردنی ئەنفالکراوەکان لە بیابانەکانی ڕۆژئاوای عێراق.

کوشتن و لە ناوبردنی نێرینەی بارزانییەکان و گەنجە کوردە فەیلییەکان، بۆردوومانکردنی شاری قەڵادزێ بە بۆمبی ناپاڵم، ئەمانە دیارترین جۆری پاکتاوی جەستەیین دژ بە گەلی کورد لە عێراق.

٢. ژینۆسایدی-جینۆسایدی بایەلۆژی:

ئەم جۆرەیان بریتییە لە ڕێگرتن-ڕێگریکردن لە وەچەنانەوە و زۆربوون و گەشەسەندنی کۆمەڵە مرۆڤێکی یەک ڕەگەز، بەهۆی نەزۆک کردن و لە باربردنی ئافرەت و خەساندنی پیاوان و لێک جیاکردنەوەی ژن و پیاو بۆ ماوەیەکی درێژ.

ئەم تاوانانە لە شاڵاوەکانی ئەنفال لە ساڵی ١٩٨٨ی.ز لە کوردستان پەیڕەو کران، بەتایبەتی لە مەڵبەندی کۆکردنەوەی ئەنفالکراوەکان لە کاتی جیاکردنەوەی پیاوەکان لە ژنەکانیان، بەهەمان شێوە جیاکردنەوەی نێرینەی بارزانییەکان لە خێزانەکانیان لە ساڵی ١٩٨٣ی.ز.

٣. ژینۆسایدی-جینۆسایدی کلتووری:

قەدەغە کردنی زمانی زگماک و شێواندنی مێژوو و کلتووری کۆمەڵە مرۆڤێک و سڕینەوەی شوێنەواری شارستانی و مێژووی دەگرێتەوە، لە وێرانکردن و شێواندنی شوێنە دێرینەکان، کە پاشماوەی کۆن و نوێی دانیشتوانی ناوچەکەن، وەک ڕووخاندنی مزگەوت و کلێسە و قەڵا دێرینەکان و پەیکەرەکان، کە ناسنامەی مێژووی دانیشتوانی ناوچەکەن.

لەلایەن نەتەوە باڵا دەستەکانەوە هەوڵی بێوچان دەدرێت بۆ پشتگیری دەسەڵاتەکانیان لە پاکتاوکردنی ڕەگەزی و نەتەوەیی، بۆ تواندنەوەی زمان و ڕۆشنبیری و مێژووی ئەو نەتەوانەی کە بە زۆر لێکێندراون بە نەتەوە زۆرینە و داگیرکەرەکانەوە.

ژینۆسایدی-جینۆسایدی کلتووری لە زۆر شوێنی جیهاندا پەیڕەو دەکرێت، وەک لە وڵاتانی داگیرکەری سەر کوردستان (تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا) کە دەرهەق بە گەلی کورد دەکرێت، لە باکووری ئەفریقیا دژ بە ئەمازیغەکان و لە سوودان دژ بە دانیشتوانی دارفوور و لە میانمار کە دژ بە موسڵمانانی ئەو وڵاتە دەکرێت و….هتد.

نموونە لە کوردستان زۆرە بەرامبەر ئەو هەڵسوکەوتانەی کە ڕژێمە داگیرکەرەکانی عێراق و ئێران و تورکیا و سووریا بەرامبەر بە گەلی کورد کردوویانە.

لە عێراقی دەستکردی داگیرکەردا لە ساڵانی هەشتاکان ڕژێم هەڵسا بە دووبارە نووسینەوەی مێژوو، بە شێوەیەک کە لە خزمەتی بیروبۆچوونی بەعسدا بێت…هتد.

لە تورکیای داگیرکەردا کوردەکان لە ناو و نیشانی خۆیان بێبەشکران، (تورکی شاخاوی)یان پێدەگوترا.

لە ئێران کورد بە هۆزێکی ئێرانی کۆن دانرا و زمانی کوردیش بە دیالێکتێکی زمانی فارسی دانراوە.

لە سووریاش کوردەکان لە زێدی باب و باپیرانیان بە بێگانە دادەنرێن و تەنانەت ناسنامەی هاووڵاتی بوونیشیان لێسەندرایەوە…هتد.

٤. ژینۆسایدی-جینۆسایدی ئابووری:

بریتییە لە برسیکردنی دانیشتوان لە ڕێگای تەختکردنی کێڵگە کشتوکاڵیەکان و لە ناوبردنی سەرچاوە ئاویییەکان و ڕێگا گرتن لە کارکردن بۆ بژێوی ژیان و لە ناوبردنی هۆکارەکانی بەرهەمهێنانی کۆمەڵە خەڵکێک، ئەم جۆرەیان وەکوو جۆرەکانی تر زۆر بە ئاشکرا و ڕوون لە کوردستان بەرچاو دەکەوێت، پتر لە (٤٥٠٠) چوار هەزار و پێنج سەد گوندی کوردستان لەگەڵ زەوی تەختکران.

مرۆڤەکان کە دەستی کار بوون زۆربەیان لە ناوبردران، بە زیندەبەچاڵکردن و لە سێدارەدان و گولەبارانکردن…هتد، هەرچی ماڵ و سامانیشیان هەبوو لە ناوچەکە کەوتنە بەر شاڵاوەکانی ئەنفال هەموو بە تاڵان بردران.

ئەم تاوانانە تەنها لە سەردەمی شاڵاوەکانی ئەنفال ئەنجام نەدراوە، بەڵکوو لە پێشتریش بەرامبەر بە کوردە فەیلییەکان و بارزانییەکان ئەنجامدراوە، لە ساڵانی (١٩٨٠-١٩٨٣ی.ز)، هەرچی هەیانبوو دەستی بەسەردا گیرا و بەتاڵان بردرا و خەڵکەکەشی چاوەڕوانی ژەمە خواردنێک بوون، ئەگەر ڕژێم پێبدابانەیە.

گەمارۆی ئابووری شێوازێکی نامو نەبووە دژ بە کۆمەڵگەی کوردی، کە بەردەوام ڕژێمەکانی عێراقی داگیرکەر، بۆ چۆک پێدادانی گەلی کورد و بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکەی پەیڕەویان کردووە، لە برسیکردن و وێرانکردنی سەرچاوەکانی داهاتی ژیانی کۆمەڵگەی کوردەواری.



تعليقات