بەشی سییەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ جوگرافیای شاڵاوەکانی ئەنفال، قۆناغی (ئەنفالی ٥،٦،٧) دۆڵی چیایەکانی شەقڵاوە و ڕەواندز لە ١٥ی ئایار تاکوو٢٦ی ئابی ساڵی ١٩٨٨ی.ز):

بەشی سییەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ جوگرافیای شاڵاوەکانی ئەنفال، قۆناغی (ئەنفالی ٥،٦،٧) دۆڵی چیایەکانی شەقڵاوە و ڕەواندز لە ١٥ی ئایار تاکوو٢٦ی ئابی ساڵی ١٩٨٨ی.ز):


سەرەتای هێرشەکە لە ١٥ی ئایاری ساڵی ١٩٨٨ی.ز بوو، کە دووا ڕۆژی مانگی ڕەمەزان بوو، چەند فڕۆکەیەک کەوتنە کیمیابارانکردنی گوندەکانی (وەرە، نازەنین، کاموسەک، ئەسپیندارە، عەلیاوە، سماقولی)، بووە هۆی گیان لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانی گوندەکان و مرداربوونی ئاژەڵەکانیان.

توندترین هێرشی سوپای عێراق بۆ ناوچەی دۆڵی بالیسان بوو، بەڵام زیانی گیانی بە بەراورد لەگەڵ هێرشەکانی پێشوو زۆر کەمتر بوو، چونکە زۆربەی ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای هەولێر لە ساڵانی (١٩٧٧تاکوو١٩٧٨ی.ز) و (١٩٨٣تاکوو١٩٨٤ی.ز) چۆڵ کرابوون و خەڵکەکەی ڕاگوێزرابوونەوە کۆمەڵگازۆرەملێیەکان، بەڵام هەندێ گوند مابوو، بەتایبەتی گوندە ئازادکراوەکانی ناوچە سەختەکان، کە سوپای عێراق دەستی پێیان نەدەگەیشت، بەهۆی بەرگری پێشمەرگە و سەختی ناوچەکە.

لە ٢٧ی ئایار گوندەکانی بالیسان و هیران و دۆڵەکانی دەورووبەری، چەند جار بە خەستی کیمیابارانکران و ٢٢تاکوو٢٣ی هەمان مانگ گوندی وەرتێ کیمابارانکرا.

قۆڵێکی تر لە سەروچاوە و بەنی هەریر و خەلیفان بەشێوەی بازنەیی بوو، نزیکەی (٧٢٠/حەفت سەد و بیست) خێزانی دەربەدەرکرد و ماڵیشیان تاڵانکرا.

گەورەترین زیان لەم ناوچەیە بەر گوندی بلەی خواروو کەوت، خەڵکەکەی شوێنبزرکران لە چاو گوندەکانی تر، هەروەک گیراوەکانی تر بەرەو تۆبزاوەی کەرکووک ڕەوانەکران و لەوێشەوە ژن و پیاو و گەنج لێک جیاکرانەوە و گەنجەکان بزرکران، لە ڕۆژی ٧ی حوزەیران شاڵاوی ئەنفالی پێنج کۆتایی هات.

سەرەتای ئەنفالی شەش لە ٢٦ی تەمووز بە بۆردمانکردنی ناوچەکانی دۆڵی بالیسان و دۆڵی مەلەکان و دۆڵی وەرتێ و دۆڵی هیران و سماقولی بە چەکی کیمیاوی دەستیپێکرد و خەڵکەکەی دەرپەڕاند، پاشان لەلایەن جاشەکانەوە ناوچەکە داگیرکرا، داواشیان لە خەڵک کرد خۆیان بەدەستەوە بدەن لێبوردنی گشتی هەیە، بۆیە ژمارەیەکی زۆری خەڵکەکە هەڵخەڵەتان، خۆیاندا بەدەستەوە، ئاگاداری خەڵکەکە کرایەوە ئەگەر چەکیان پێبێت دەبەخشرێن، بۆیە خەڵکەکە بەدووای ئەو چەکانە دەگەڕان، کە پێشمەرگە لە ناوچەکە شاردبوویانەوە، پاشان دان پێدانیان پێ مۆرکردن کە پێشمەرگەن، لە دوواییدا هەموویان شوێنبزرکران.

لە میانەی شاڵاوەکانی ئەنفالی (٧.٦.٥)،(٥٢/پەنجاودوو) گوند، لە ناحیەی خەلیفان و ڕەواندز و خۆشناو وێرانکران، کە سەرجەم خێزانەکانیان لە (٢،٦٠٢)کەس پێکدەهات، ٢٤ قوتابخانە و ٥٢ مزگەوت، جگە لە کوێرکردنەوە و پڕکردنەوەی سەدان کانی ئاو و جۆگە و سووتاندنی ڕەز و باخی ناوچەکە، کە ژێرخانی ئابووری ئەو خەڵکە کوردەی پێ دابین دەکرا، کە ڕەگ و ڕیشەی بژێوی خەڵکی ناوچەکەی لە بنڕا هەڵتەکاند و سامانیشیان بەتاڵان بردرا.



تعليقات