بەشی سی و دوویەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ جوگرافیای شاڵاوەکانی ئەنفال، ئەنجامەکانی ئەنفال و کاریگەریەکانی لەسەر کوردستان:

بەشی سی و دوویەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ جوگرافیای شاڵاوەکانی ئەنفال، ئەنجامەکانی ئەنفال و کاریگەریەکانی لەسەر کوردستان:


سیاسەتی ڕژێمی بەعسی داگیرکەر بەرانبەر بە گەلی کورد بەڵگە نەویستە، هەر لەگەڵ وەرگرتنی دەسەڵات، لە ساڵی ١٩٦٨ی.ز ئامانجی سڕینەوەی گەلی کورد بووە لە وڵاتی عێراقی دەستکردی داگیرکەردا، بۆ بەجێهێنانی پیلانەکانی، یەکێک لە دامەزرێنەرەکانی حیزبی بەعس بە ناوی: (میشێل عەفلەق) دەڵێت: (کورد لە وڵاتی عێراقی داگیرکەر و سووریای داگیرکەردا، بەربەرن لە ڕۆژئاوای نیشتیمانی عەرەب، گەورەترین کۆسپن بۆ دروستبوونی یەکێتی نیشتیمانی عەرەب، بۆیە دەبێت لە ناو ببردرێن).

بۆ جێبەجێکردنی ئەم دەستەواژە چەندان بەرنامە و پیلانیان ناوەتەوە بۆ لەناوبردنی گەلی کورد هەر وەک گەورە بکوژی نێودەوڵەتی: (عەلی حەسەن ئەلمەجید) ناسراو بە عەلی کیمیاوی، دووپاتی دەکاتەوە و دەڵێت ( تەنیا ڕێگا بۆ ئازادکردنی خێزانە کوردە بەندکراوەکان و گیراوەکانیان، زیندە بەچاڵکردنیانە).

سیاسەتی ژینۆسایدی-جینۆسایدی کورد، بە بەردەوامی پەیڕەو کراوە، بەڵام لە ساڵی ١٩٨٨ی.ز دا گەیشتە لووتکە و ئەوپەڕی دڕندایەتی خۆی، کە کاریگەری و شوێنەواری لەسەر کۆمەڵگەی کوردی جێهێشتووە، کە تاکوو ئێستا تاکی کوردی پێیەوە دەناڵێنێت، بۆیە دەتوانین ئەنجام و کاریگەریەکانی ئەنفال بەم شێوانەی خوارەوە ڕێزبەند بکەین:

١. وێرانکردنی زۆربەی گوندەکانی کوردستان، کە ژمارەیان زیاتر لە (٤٥٠٠-چوار هەزار و پێنج سەد) گوند دەخەمڵێندریێت، لە هەموو شوێنەوارێکی بەردەوامبوونی ژیان سڕانەوە.
٢. شوێنبزرکردن و لە ناوبردنی نزیکەی (٢٠٠-دووسەد هەزار) مرۆڤی کورد.
٣. داتەپاندنی ژێرخانی ئابووری کوردستان، لە ڕێگای وێرانکردنی گوندەکان و کێڵگە کشتوکاڵیەکان، کە بووە هۆی لەناوبردنی ڕێژەی هەرە زۆری سامانی ئاژەڵی ناوچەکانی کوردستان، لەگەڵ بەتاڵان بردنی ماڵ و سامانی گوندنشینەکان.
٤. تێکدان و تەختکردنی شوێنە مێژووی و پەرستگاکان وەک: (مزگەوت و کلێسە) و ناوەندەکانی خوێندن و تەندروستی.
٥. پەیڕەوکردنی سیاستی زەوی سووتاندن، بە کیمیاباران و ژەهراویکردنی سەرچاوەکانی ئاو، بۆ سڕینەوەی هەموو شێوەیەکی ژیان لەم ناوچانەدا.
٦. بە لەناوبردنی بنەماکانی ژیانی گوندنشینەکان و نیشتەجێکردنیان لە کۆمەڵگا زۆرەملێیەکان و گۆڕینی تاکی کوردی لە بەرهەمهێنەوە بۆ بەکاربەر، کاری کردە سەر دابەزاندی ئاستی بژێوی دانیشتوانە ڕزگار بووەکە.
٧. هەڵوەشاندنەوەی شیرازەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردی و بڵاوبوونەوەی هەندێ دیاردەی ناشایستە، کە پێچەوانەی داب و نەریت و بەها کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگای کوردی بوو.



تعليقات