لە گەڵ ڕاستییەکان بژین یان لە گەڵ خەیاڵ؟

کچان و ئافرەتانی ئێمە بەو خەیاڵەوە دەژین شازادەیەکی دەوڵەمەندی تاج لەسەر بە ئەسپێکی سپی لە ڕێگایەکی دوورەوە لە نێو دارستان بێتو هەڵیبگرێتو بیبات بەرەو داری خۆشبەختی.
کچان و ئافرەتانی ئێمە بەو خەیاڵەوە دەژین شازادەیەکی دەوڵەمەندی تاج لەسەر بە ئەسپێکی سپی لە ڕێگایەکی دوورەوە لە نێو دارستان بێتو هەڵیبگرێتو بیبات بەرەو داری خۆشبەختی و دەست بە ڕەش و سپیەوە نەدات و لە سەر مێزی ئاڵتوونی دایبنێت و گەرما و سەرما نەچێژێت و شەرابی بەهەشتی پێ بنوشێنێ و لە ماڵێکی وەک کۆشکەکانی بەهەشت دایبنێتو ڕووباری نەگۆڕاوی هەنگوین و شیر و کەوسەر بە بنیدا بڕوات.
بۆچی ئافرەتانی کوردستان داوای مافی یەکسانی دەکەن و خۆیشیان باوەڕیان پێ نییە و بە کردەوە هەنگاویان بۆ نەناوە؟ بۆچی حەز ناکەن ڕاستییەکانی ژیان بزانن؟ بۆچی مێشکیان لە مابەینی ڕاستی و خەیاڵدا پەنگی خواردووە؟ بۆچی تا کاتێک لە ماڵی بابیانن وا ڕاهاتوون خۆیان وەک کەرەستەیەکی بازرگانی بزانن تا ئەو کاتەی پیاوێک دێت و دەیانکڕێت و لە کۆڵی ئیش و ئەرکی ماڵی یەکەمیان دەکاتەوە؟ وابیردەکەنەوە نابێت لەوێ هیچ ئیشێک بکەن؟ بەڵام کاتێک لەگەڵ ڕاستییەکانی ژیاندا ڕووبەڕوو دەبنەوە تووشی گرفتی هاوسەرگیری و تەڵاق و تەڵاق دان دەبنەوە.
لە کۆمەڵگای کوردەواری خۆمان، ئافرەت ئامادەیە بە هەموو شێوەیەک پیاوەکەی بخاتە ژێر گوشاری ماڵی و فکری و دابونەریتی بنەماڵەی خۆیەوە، بەڵام ئامادە نییە هاوفکر و هاوسۆز و خەم خۆری پارە و ژیان و ماڵ و منداڵی پیاوەکەی خۆی بێت.
ئافرەتانی کوردستان پیاوان بە مەکینەیەکی ئیشکەر دەزانن و پێیان وایە ئەو پیاوە گیانێکی نەبڕاوە و داهاتێکی هەتاهەتای پێیە، ئیدی بیر لەوەی ناکەنەوە ئەو پیاوە ڕۆژێک دێت و تووشی شکستی گیانی و مادی دەبێتەوە.
۱ـ لەسەر ئافرەتە خۆی فێری ئیشێک بکات تەنانەت ئەگەر حەزی لە ئیشی پیاوەکەیشی بوو، تاکوو لە دوواڕۆژدا کچە منداڵەکانی خۆی وا ڕابێنێ و ڕاهێنانیان پێبکات کە تووشی قەلەقی و سەرلێشواوی و بەشخوراوی و نا یەکسانی کۆمەڵگا نەبنەوە.
۲ـ دەستی بە پارە و داهات و ئابووری ماڵەوە بێت بەس بیر لە زێڕ و زیو و هەڵەخەرجی و ڕژاندن و پژاندنی سەروەتی ماڵەوەی نەبێت.
۳ـ خۆی بە بەرپرس بزانێت بەرانبەر کەم و کۆری ماڵ وەکوو بەرپرسێکی ئەو ماڵە هەڵسووکەوت بکات، نەک وەکوو مەسرەفکەر و بێگانە.
٤ـ با خۆی فێری شۆفێری و بردنی منداڵەکانی بۆ قوتابخانە بکات و لێپرسینەوە و ئامۆژگاری کردنی منداڵەکانی لە پاش مێردەکەی بگرێتە ئەستۆ.
٥ـ ئافرەت لە هەر ئاستێک دابێت بۆ ئەوەی بتوانێت منداڵەکانی و بنەماڵەی خۆی ڕووناکبیر بکات دەبێ تا ئەو شوێنەی کە پێدەکرێت درێژە بە قوتابخانە لە دەرەوە و خوێندن لە ماڵەوە بدات تاکوو منداڵەکانیشی فێری رووناکبیری و خوێندن ببن.
٦ـ شەرم نییە ئافرەت هاوشانی مێردەکەی کاریگەری هەبێت لە بەڕێوەبردنی ماڵەوە و دەرەوەی ماڵ، ڕەنگە ئەم پیاوە تووشی نەخۆشییەک ببێت و لە نێو جێگا هەڵنەستایەوە.

بۆیە لە کۆتایدا ئەوە دەڵەین با بە خەیاڵ نەژین و ڕاستییەکانی ژیان قبۆڵ بکەین و کۆمەڵگا بەرەو پێش ببەین، ئەوەیە ئازادی و یەکسانی ئەوەیە بەشداری ئافرەتان لە کۆمەڵگا، نەک ئەوەی ڕێکخراوی دژی پیاوان دابمزرێت و لە سەر مێدیاکان باسی مافی خوراوەی ئافرەتان بکرێت کەچی ئافرەت بۆ خۆی هەوڵی بۆ نەدات و باوەڕی پێنەبێت.

تعليقات