ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی عێراق و ڕۆڵی کورد تیایاندا؛ چۆنیەتی هاتنی بەعس بۆ سەر حوکم و هەوڵدانی بۆ سەرکوتکردنی نەتەوەی کورد:

ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی عێراق و ڕۆڵی کورد تیایاندا؛ چۆنیەتی هاتنی بەعس بۆ سەر حوکم و هەوڵدانی بۆ سەرکوتکردنی نەتەوەی کورد: 


سەرەتای بیرۆکەی بەعس و دامەزراندنی لە ساڵی ١٩٤٧ی.ز لە سووریا بوو، دووای ئەوەی ڕەگی داکوتا دەستی بە گەورەبوون و فراوانبوون کرد، هەرێمی عێراق بە یەکێک لەو هەرێمانەی کە حیزبەکەی تێدا هاتە کایەوە و پەیوەندییان لەگەڵ سەرکردایەتی حیزبەکەی هەرێمی سووریادا هەبوو، لە ساڵی ١٩٥٢ی.ز بوو بە لق و لە کۆتایی ساڵی ١٩٥٤ی.ز کۆنفرانسی هەرێمایەتی حیزبەکەی گیرا.

شۆڕشی ١٤ی تەمووزی ساڵی ١٩٥٨ی.ز زەمینەیەکی باشی بۆ بەعس ڕەخساند لە سەرەتا هەموو حیزبەکان بە ئاشکرا چالاکی خۆیان ئەنجام دەدا.

لە ڕۆژی ٨ی مارتی ١٩٥٩ی.ز لە مووسڵ هەڵگەڕانەوەی (عەبودول وەهاب شەواف عەقیدی سوپای (٥) پێک هات و کوشتارێکی زۆر لە سوپا و دانیشتوانی مووسڵ ڕوویدا، بەڵام حکوومەتی قاسم توانی(شەواف) بکوژێ و بەشێک لە هاوڕێکانی بگرێ.

لە ساڵی ١٩٥٩ی.ز بەعسییەکان لە شەقامی ڕەشید لە لایەن (عەبدولوەهاب غەریری و سەدام حسێن) تەقەیان لە عەبدولکەریم قاسم کرد و بریندار کرا.

ڕۆژی ٠٨/٠٢/١٩٦٣ی.ز عەبدولسەلام عارف بە هاوکاری بەعسییەکان هەڵگەڕانەوەیەکی ئەنجامدا، (ئەحمەد حەسەن بەکر) کرا بە سەرۆک وەزیران.

عەبدولکەریم قاسمیان گرت و کوشتیان، لیژنەی ناودنی پارتی دیموکراتی کوردستان پرسگەی پشتگیریان نووسی بۆ (عەبدولسەلام) بەو مەرجەی کە لە گەڵ کورد ڕێگەی ئاشتی و دۆستانە بگرێتە بەر.

ڕێککەوتن لە لایەن مەلا مستەفا و عەبدولسەلام عارف پێکهات و بەیاننامەیەک بڵاو کرایەوە کە حکوومەتی عێراق شێوەیەکی لا مەرکەزی بۆ میللەتی کورد لە عێراق پێک دێنێ لە چواردە مادە ڕێکخراوە لەوانە:
١- نیوەی داهاتی نەوت بدرێ بە کورد.
٢- لامەرکەزی کورد لە هێڵی(چیای حەمرین)ەوە دەست نیشان بکرێ.
٣- سەرباز و پۆلیس و کاربەدەستی ئیداری کورد بن.
٤- زمانی کوردی بە ڕەسمی دابنرێ.

لە بەهاری ساڵی ١٩٦٣ی.ز شاندێکی شۆڕش بە سەرکردایەتی مام جەلال بە ئەندامیەتی ساڵح یوسفی و حەبیب محممەد کەریم و شاخەوان نامیق و عەبدولحوسێن فەیلی و سەمەد محممەد و مەسعوود محەممەد گەیشتنە بەغدا.

جگە لە یاداشتەکەی سەرەوە لەو ماوەیە قسە لەسەر یەکگرتنی عێراق و میسر و سووریا دەکرا، بۆیە لەو یاداشتە کە لە لایەن سەرۆکی شاندەکەوە ئاراستەی کۆبوونەوەکانی قاهیرە کرا کە بۆ مەبەستی ناوبراو کۆبوونەوە، ئەم بەندانە هاتوون:-

١- هەر کاتێک عیراق لەگەڵ سووریا و میسر یەکێتییەکی کۆماریان بەست، شێوەی عێراق خرایە سەر باری (هەرێمایەتی)، کورد بۆی هەبێ داوای جیابوونەوە بکات و بە لامەرکەزیەت ڕازی نابێت، کوردیش لەو کاتەدا بەشێوەی هەرێمی (چوارەم)، بە سەربەخۆیەتی خۆی دێتە ناو یەکێتی عەربی و کۆماری یەکگرتووەوە.
٢- کورد هەر هێندە بە لامەرکەزیەت ڕازییە کە عێراق سەربەخۆ بێ و پەیوەندی یەکێتی لە گەڵ میسر و سووریادا نەبەستێ.

ڕێککەوتنی میسر و سووریا و عێراق، بەسەرهاتی کورد و ڕێککەوتنەکەی پاش خست لەهەموو کوردستان چاوەڕوانی ڕێککەوتنی حکوومەت و پێشمەرەگەیان دەکرد، بەڵام هیچ ئەنجامێکی لە یاداشتەکەی مام جەلال و شاندەکەی چنگ نەکەوت، حکوومەتی عێراقی فەرمانی گرتنی شاندی یاداشتەکەی دەرکرد، لەهەمان کاتدا بەیاننامەی ژمارە (١،١٣)ی بڵاو کردەوە کە باکوور واتە: (باشووری کوردستان) ناوچەی جموجوڵی سەربازییە، مەلا مستەفا و هاوەڵانی دەبێ هەتا ٢٤ کاتژمێر چەک فرێ بدەن و خۆیان بخەنە بەردەستی حکوومەت، لە هەمان ساڵدا حکوومەتی عەبدولسەلام بڵاوی کردەوە، هەرکەسێ مەلا مستەفا بکوژێت ١٠٠ هەزار دیناری عێراقی خەڵاتی دەردێتێ.

حکوومەتی عێراقی داگیرکەر دەستی کرد بە گرتن و کوشتن، بەتۆپ و ناپاڵم دێهاتەکانی سووتاند، هەر لە سلێمانی ٣٠٠ کەسی بەبێ پرسیاری دادگا کوشت و باقی بەندکراوەکانی تریش بە لێدان و لەناو تەوێڵەی وڵاخ و جێگای پیس بۆ ماوەی دوو مانگ ئەشکەنجە دان، زۆربەی دانیشتوان ڕوویان کردە شارباژێڕ و قەرەداغ بۆ ڕزگاربوون لەدەست زەعیم سدێق.

هەروەها لە قوڵی کۆیە و هەولێریش پێشمەرگەکان کە ژمارەیان لە ٦٠ کەس تێ نەدەپەڕی قارەمانییەتییەکی بێ وێنەیان بەرامبەر هێزێکی گەورەی سەربازی و (حەرەسی قەومی) و هێزە خۆفرۆشەکان نواند، ئەمجا حکوومەتی عێراق کە هیچ چارەیەکی نەما لەگەڵ حکوومەتی سووریا یەکی گرت، لیوایەکی سەربازی (سووری) بەهەموو کەرەستەیەکی جەنگی هێنایە کوردستان، بەڵام پێشمەرگە قارەمانەکانی کورد لە قۆڵی زاخۆ و ئاکرێ و ئامێدی پەلاماریان دان و دەستیان کرد بە کوشتار و گرتنیان، حکوومەتی عەبدولسەلام سەری لیشێوا و ئەم بێ هێزی و تەکانەی خۆی بە هی حکوومەتی بەعس دەزانی لە نێوان ئەحمەد حەسەن بەکر و سەرۆک ئەرکانی سوپا بوو بە قڕە و (میشیل عەفلەق)یان لە سووریا هێنایەوە بۆ چارەسەکردنی ئەو ناخۆشییە، کۆنگرەی لووتکەی عەرەبی لە میسر بەسترا، بەسەرهاتی کورد خرایە بەرچاو، لەو کاتەدا دەرگای گفتۆگۆ کرایەوە لە ١٤/١٢/١٩٦٤ی.ز لە نێوان حکوومەت و مەلا مستەفا ڕێککەوتن پەیدا بوو، بڕیاری ڕاگرتنی شەڕ بڵاو کرایەوە.

لە ١٣/٠٤/١٩٦٦ی.ز عەبدولسەلام لەگەڵ (موتەسەریف-پارێزگا)ی بەسرە لەناوچەی (قوڕنە)وە دەچن بۆ بەسرە، لە ئاسماندا فڕۆکەکەی ئاگری تێبەر دەبێت و دەسووتێ، ئەمەش وا پێ دەچێ پلانی بەعسییەکان بووبێ، چونکە کەوتە وێزەی ئەوان بەکوشتارێکی گەورە بەعسییەکانی چەک کرد و کۆتایی بە جموجوڵیان هێنا.

لە ١٤/٠٤/١٩٦٦ی.ز عەبدولڕەحمان عارف دەسەڵاتی گرتە دەست تا ساڵی ١٩٦٨ی.ز، وەفدی وتووێژ گەیشتە لای مەلا مستەفا، دووای گەڕانەوەیان بۆ بەغداد گوتیان: مەلا مستەفا کاتێک ئامادە دەبێت بۆ گفتوگۆ کردن (دانوستان) کە حکوومەت ئەم چوار بەندەی خوراەوە پێشەکی پێک بهێنێ.

١- کشانەوەی هێزەکان لە کوردستاندا.
٢- هەرچی بەندکراوی سیاسی کورد و عەرەب هەیە ئازاد بکرێن.
٣- فورسان چەک بکرێن.
٤- دەوڵەتێک لە دەوڵەتەکانی عەرەب بێنە ناو ئەو ڕێککەوتننامەیە.

ئەمجا حکوومەت نائۆمێد بوو کەوا بەسادەیی مەلا مستەفا نایەتە ناو ڕیزی ڕێککەوتەن، چەند لیوایەکی سەربازی ناردە سەر مەلا مستەفا، لە ناوچەی ڕەواندز بوو بەشەڕێکی گەورە بە ڕۆژ و بە شەو فڕۆکەکانی بۆمب هاوێژ بە جورەها چەک و بێ بەزەییانە ناوچەکەیان دەسووتان، بەڵام هێزی پێشمەرگە هیچ سڵێکی لەو هەموو پەلاماردانە نەدەکرد لە چیای هەندرێن فەوجی (١)لیوای (٤) لەگەڵ هێزی تەواوی چەکداری هۆزەکان بە هەموو جۆرە چەکێکەوە بەدیل گرت، ئەو سەرکەوتنەی پێشمەرگە بوو بەهۆی شێواویەکی زۆر گەورە لە نێوەندەکانی ڕامیاری و ڕای گشتی جیهاندا.

لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٦٦ی.ز عەبدولڕەحمان عارف چوو بۆ رەواندز چاوی بە مەلا مستەفا کەوت هەندێ بەڵێنی پڕ لە درۆ لە عەبدولڕەحمان عارف وەرگیرا، بەڵام لە هەموو بەڵین و پەیمانانەی کە لە گەڵ عەبدولڕەحمان عارف پێک هاتبوو چەند زیندانیەک ئازاد کران، لەگەڵ گێڕانەوەی جەند مووچەخۆرێک بۆ سەر ئیشەکانیان.

لە ڕۆژی ١٧/٠٧/١٩٦٨ی.ز دا ئەحمەد حەسەن بەکر کۆنە سەرۆک وەزیرانی عێراقی دەوری عەبدولسەلام کوودەتای کرد، عەبدولڕەحمان عارف سەرۆک کۆماری گرت و ناردی بۆ لەندەن، خۆی بە سەرۆک کۆماری عێراق ناونا، بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی شۆرشی خۆیان، عەبدولڕەزق نایفی کرد بە سەرۆک وەزیران و ئەنجومەنی وەزیرانی پێک هێنا، چورا وەزیری کوردیان خستە ناو ئەم وەزارەتە لەوانە (ئیحسان شێرزاد) و (عەبدوڵڵا نەقشبەندی) و (ساڵح نەقشبەندی) و (موحسین دزەیی)، بەڵام ئەوم وەزارەتە خۆی نەگرت لە ٣٠ی تەمووزی ساڵی ١٩٦٨ی.ز بەسەر عەبدولڕەزاق نایف دا کوودەتا کرا، لەلایەن بەعسییەکانەوە ئەوە بوو ڕووی کردە میسر و سەدام حسێن دەبێتە خاوەنی دەسەڵاتی ڕەها.

جارێکی تر بەعيسییەکان شەڕیان هەڵگیرساندەوە دژی کورد، لە شکستی زیاتر هیچیان دەستگیر نەبوو بەناچاری لە ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ی.ز بڕیاریاندا بەبەخشینی ئۆتۆنۆمی بۆ کورد و ماوەی چوارساڵیان دانا بۆ جێ بەجێ کردنی، لەو ماوەیەدا بەعس کەوتە خۆبەهێزکردن و پلان گێران بۆ لە ناوبردنی سەرکردەی کورد.

لە ٢٩/٠٩/١٩٧١ی.ز یانزدە مەلا لە نەجەف و بەغداوە هاتبوون کە چاویان بە مەلا مستەفا بکەوێ لە حاجی ئۆمەران، مەلایەکیان دەزگایەکی لە پشتی بەستبوو دوو ئەفسەری بەعس کە مەلاکانیش نەیان ناسیببوو، تیرۆری بارازانی پێ سپێردار بوو، دوو ئۆتۆمبێلی تۆیۆتاش کە دوو بۆمبی زۆر درێژ و ئەستووری لەبن قایم کرابوو تەقیەوە، خوشبەختانە پلانی بەعس سەری نەگرت و بارزانی تەنها بریندار بوو.

بەهۆی پاشگەزبوونی بەعس جارێکیتر جەنگ هەڵگیرسایەوە لەنێوان کورد و دەوڵەتی عێراقدا کە وەخت بوو بە سەرکەوتنی شۆڕشەکە کۆتایی بێت، لە دەرئەنجام سەدام لەگەڵ شای ئێران (ڕێککەون نامەی جەزائیر) لە ئازاری ساڵی ١٩٧٥ی.ز بە ناوبژیوانی جەزائێر بەست، دەستی لە هەندێک شوێن و ئازاری عێراق لە شەت و عەرەب-شط العرب هەڵگرت بۆ ئێران، ئێرانیش بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیە و لە بەرژەوەندی خۆی گشت جۆرە یارمەتییەکی لە شۆڕش بڕی و بەسەرکردایەتی شۆڕشی گوت: یان بچنە ئیران وەک پەنابەر دانیش، یان ئەوا سنوور دادەخەن و لەناو عێراقدا ئەوان چی دەکەن پەیوەندنی بە ئێرانەوە نییە، بەم پلانە نێودەوڵەتییە شۆڕشی ئەیوول شکستی هێنا.

تعليقات