ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی عێراق و ڕۆڵی کورد تیایاندا؛ جیم-سیاسەتی پاکتاوکردنی کورد لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا:

ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی عێراق و ڕۆڵی کورد تیایاندا؛ جیم-سیاسەتی پاکتاوکردنی کورد لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا:


بارودۆخی شکستی شۆڕشی ئەیلوول زەمینەیەکی باشی بۆ ڕژێمی بەعس خۆشکرد تا ڕەفتاری فاشیانەی خۆی بەشێوەیەکی دڕندانە لە کوردستان ئەنجام بدات، بەهۆی دەیان هەزار لە پیاوانی ڕژێم و بە پارە و پۆڵێکی زۆر و نەخشەی ورد و لێبڕوانە کەوتە هەوڵدان بە قەڵاچۆکردنی میللەتی کورد بەم شێوەیەی خوارەوە:

یەکەم-بەعەرەب کردن (تەعریب کردن):

ئەویش بە چەند ڕێگایەک:-

١- دەربەدەرکردن و دەرکردنی هاووڵاتیان لە شوێنەکانیان بەتایبەتی لەناوچە سنوورییەکانی کوردستان لەگەڵ عێراقی عەرەبیدا و نیشتەجێ کردنی عەرەب لە شوێنیاندا، وەکوو ناوچەکانی خانەقین و کەرکووک و شەنگال و زۆر شوێنی تر.
٢- گۆڕینی ناسنامەی نەتەوایەتی: لە ژێر فشاری هەڕەشە و دەربەدەرکردندا، زۆریان بۆ خەڵکی دەهێنا خۆیان بەعەرەب ناونووس بکەن، پێناسەی کوردیان لێ بستێننەوە، وەکوو ئێزیدییەکان و شەبەک و گەلێک لە خێزانەکانی خانەقین و گەریمان.
٣- لابردنی خوێندنی کوردی لە قوتابخانەکاندا و هاندانی دەست و پێوەندەکانیان تا منداڵەکانیان بخەنە بەر خوێندنی عەرەبی.
٤- داخستن و لابردنی دەزگای زانستی و ڕۆشنبیرییەکان و سڕینەوەی کەسایەتییە سەربەخۆەکان، هەندێکی تریان وەکوو: زانکۆی سلێمانی، کۆڕی زانیاری کورد، یەکێتی نووسەرانی کورد.
٥- لکاندنی ڕێکخراوە پیشەییەکان بە ڕێکخراوە عەرەبییەکانەوە، وەکوو یەکێتی مامۆستایان و قوتابیان و ئافەرتان و کرێکاران و ……هتد.
٦- هاندانی ژن و ژنخوازی لە نێوان کورد و عەرەبدا، تەرخانکردنی پارەیەکی باش بۆ ئەو مەبەستە، کە بێگۆمان ئەنجامەکەی بەعەرەبکردن دەشکایەوە، چونکە عەرەب ڕەگەزی گەورە و سەرکەوتووە لە دەسەڵاتدا و کوردیش ڕەگەزی بچووک و بێ دەرەتانە.

دووەم- بە بەعس کردن (تەبعیس):

ئامانجی بەعس لە بەرنامەکەیدا، ڕوون و ئاشکرایە ئەویش تێکۆشانە بۆ هێنانە دی ئاواتی نەتەوەی عەرەب لە یەکێتی و سەربەستی و سۆشالیستیدا کە درووشمی ناوەندنی حیزبی بەعسە، هەروەها ئەو کەمینەی نەتەوایەتییانەی لەپاڵ عەرەبدا دەژین بیانەوێ و نەیانەوێ لەڕەگەزدا عەربن یان پێویستە بکرێن بەعەرەب، بۆ ئەم مەبەستەش ڕژێمی بەعس گەلێک ڕێگای دۆزییەوە تا ئامانجەکانی بێتە دی:

١- خەڵکی نەفام و ساویلکە و ڕوخسار بە پارە و پاداشت بێ، یان بەهەڕشە دەکردان بە بەعسی بەپێی بەرنامە، فەلسەفە و ڕێبازی بەعسیان فێر دەکردن..
٢- وەرگێڕانی هەموو ئەو نووسیانەی نووسەرانی شۆفێنی عەرەب و بەعس دەریان دەکرد بەخۆڕایی یان بە هەرزان بەناو خەڵکیدا بڵاویان دەکردەوە.
٣- لەبواری پەروەردە و فێرکردندا سەرانسەری بەرنامەکانی خوێندنیان گۆڕی و بەڕا و بۆچوونی بەعسییانەی خۆیان پڕیان کردەوە و نووسینەوەی مێژوویان سەر لە نوێ ڕاگەیاند، ناوی کوردستانیشیان لە هەموو شوێنێکدا کوێر کردەوە هەموو سەروەرییەکیان بەعەرەب بەخشی.

سێیەم- وێرانکردنی شاروشاروچکە و دێهات:

سیاسەتی (زەوی سووتاندن) لە کوردستاندا لە لایەن فاشیەکانەوە پیادە کرا، نزیکەی (٥٠٠٠) گوندیان کاول کرد، باخ و کێڵگە و دارستانەکانیان سووتاند و سەرچاوەکانی ئاویان کوێر کردەوە و لەگەڵ زەویدا تەختیان کرد و بە زیاتر لە (٢٠) ملیۆن (مین)یان لە کوردستان چاند.

چوارەم- ڕاگوێزان (تەرحیل و تەهجیر و تەفسیر):

١- بە هەزاران مووچەخۆر لە مامۆستا و کارگێڕ و ئەفسەر و پۆلیس ئەوانەی بۆنی کوردایەتیان لێ دەهات گوێزرانەوە بۆ ناوچە عەرەبنشینەکان و دەربەدەرکران و خرانە ژێرچاودێری دام و دەزگاکانی بەعسەوە و لە شوێنەکانیاندا عەرەب و بەعسیان دانا.
٢- بەسەدان هەزار لە گوندنشینەکان لە شوێنەکانی خۆیان ڕاگوێزران و لەسەر کاروپیشەی خۆیان لەسەر خاک و وڵاتی خۆیان هەڵکەندران و بەرەوخوارووی وڵات و کۆمەڵگا زۆرملێیەکان گۆازرانەوە.
٣- زیاتر لە نیو ملیۆن کوردی فەیلییان لەسەر زێدی بابوباپیرانیان گواستەوە بۆ سەر سنوورەکانی ئێران بە بیانووی (التبعیة الایرانیة) و ڕەگەزنامەی عێراقیان لێسەندنەوە و دەستیان گرت بەسەر هەموو ماڵومولکیاندا، ئەمەش لە مێژوودا بە (تەفسیرکردنی کوردانی فەیلی) ناسراوە.

پێنجەم-کۆمەڵگای زۆرەملێ:

لەو شوێنانەدا کە دەتوانرێت بە ئاسانی چاودێری بکرێن و دەستی بەسەردا بگیردرێ ڕژێم چەند کۆمەڵگایەکی دروست کرد گوندنشینەکانی تیا کۆ کردەوە، ئەم کۆمەڵگایانە ناویان لێ نابوون (شاری هاوچەرخ) کە لە ڕاستیدا لەو سەربازگەیانەی کە “هیتلەر” دروستی کردبوون گەلێک خراپتر بوون، خەڵکی ناو ئەم کۆمەڵگایانە بێ ئیش و کار مابوونەوە، ڕژێم بەمەبەست برسی و ڕیسوای دەکردن، تا خۆیان هانای بۆ ببەن و بۆ کوێ بیبەن بیان گوێزننەوە.

مەترسی ئەم کۆمەڵگایانە لەم ڕووەوە بوو:
ئەلف- سەربازی: هیچ کەسێک دەرفەتی دەرچوون یا راکردنی نەبوو.
بە- ڕامیاری (سیاسی): بەعسییەکان بە زۆر تێیان کەوتبوون دەیانکردن بە بەعسی بەتایبەتی منداڵەکانیان.
جیم: کۆمەڵایەتی: کورد هەرگیز بەتایبەتی گوندنشین ڕانەهاتبوون لە شوێنی وادا بژین، بۆیە هەر زوو کێشەی کۆمەڵایەتی ترسناک لە ناویاندا بڵاو بووەوە.
دال- تەندرووستی: ئەم کۆمەڵگایانە نە ئاویان هەبوو نە ئاوەڕۆ، سەرەڕای نەبوونی نەخۆشخانە-خەستەخانە و پزیشک و دەرمان و کوتانی منداڵان، لەبەر ئەوە نەخۆشی ترسناک وەکوو ئاگر و پووش لە ناویاندا بڵاو دەبووەوە.

شەشەم- ئەنفالی کورد یان قڕ کردنی (مرۆڤ-جینۆساید).

ئەنفالیش یەکێکی ترە لەو سیاسەتە نامرۆڤانەی ڕژێمی بەعس بەرامبەر بە کورد بەمەبەستی قڕکردنی میللەتی کورد.

بۆ ناسینی ئەنفال پێناسەی ڕێکخراوی (میدڵ ئێست وۆچ)* دەهێنن کە دەڵێت (( ئەنفال ئەو ناوە بوو کە بە زنجیرەیەک هێرش و پەلاماری چڕ و پڕی سەربازی درا، کە سەرجەم هەشت پەلامار بوو لە شەش ناوچەی جوگرافی جیاوازدا بەڕێوە چوو، لە نێوان کۆتاییەکانی مانگی شوبات و سەرەتای مانگی ئەیلوولی ساڵ ١٩٨٨ی.زدا فەرماندەی گشتی پڕۆسەکە لە دەستی نووسینگەی باکووری ڕێکخراوی حیزبی بەعسدا بوو، کەوا بنکەکەی لە شاری کەرکووک بوو لە مارتی ساڵی ١٩٨٧ی.ز بە دوواوە لە لایەن عەلی حەسەن ئەلمەجیدەوە-عەلی کیمیاوی سەرۆکایەتی دەکرا)).

شایانی باسە دانیشتوانی ئەو گوندانەی لە رووداوەکانی ساڵی ١٩٨٨ی.ز ڕزگاریان بوون وەکوو هەموو خەڵکی کوردستان بە شێوەیەکی ڕۆتینی عەلی حەسەن ئەلمەجید بە (عەلی ئەنفال) یان (عەلی کیمیاوی) ناو دەبەن، بەڵام دکتۆر ئازاد محەممەد ئەمین نەقشبەندی پڕۆفیسۆر لە زانکۆی سەلاحەدین دەڵێت: ( بە بۆچوونی ئێمە شاڵاوەکانی ئەنفال تەنها بریتی نین لە هێرشە سەربازییەکانی ڕژێمی عیراق بۆ سەر گوندەکانی کوردستان و هێزی بەرگری کوردی، بەڵکوو ئەنفال پەیڕەوکردنی سیاسەتیکی چەن لایەنەیە کە بە کاولکردنی هەزاران گوندی کوردی دەستیپێکرد، کە دانیشتوانی دووای هێرشە سەربازییەکان بە هێرشی کیمیاویشەوە، کۆ کرانەوە و بۆ کەمپەکان گوازرانەوە.

دوواتر لە کەمپەکانەوە پڕۆسەی پۆلێنکردنی گیراووەکان دەستیپێکرد و بۆ شوێنی جیاجیا گوازرانەوە، ژن و منداڵیان لە کەمپی تایبەتدا دەستگیر کرد، پیرەکانیان بەرەو کەمپ و زیندانەکانی باشووری عێراق نارد، ئەوانەی تەمەنیشیان لە نێوان (١٥-٥٠) ساڵیدا بوو بۆ مردن ناردن.

گرووپی (کوشتنی بە کۆمەڵ-فرق الاعدام) لە نزیک ئەو گۆڕانەوە کە پێشتر ئامادەکرابوون بە شێوەیەکی یەکجار نهێنی دانرابوو بۆ کوشتنی زۆرترین ژمارە لە نێرینەکان و شاردنەوەیان لەو گۆڕە بە کۆمەڵانە بە شێوەیەک هیچ شتێک دەربارەی چارەنووسیان نەزاندرێت.

*ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤی ئەمریکییە و لقێکە لە ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی ئەمریکی کە بارەگاکەی لە شاری نیویۆرکە.

تعليقات