ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی عێراق و ڕۆڵی کورد تیایاندا؛ *جوگرافیای قۆناغەکانی شاڵاوەکانی ئەنفال:

 ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی عێراق و ڕۆڵی کورد تیایاندا؛ *جوگرافیای قۆناغەکانی شاڵاوەکانی ئەنفال:


  

ئەنجامدانی شاڵاوەکانی ئەنفال لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە پێشتر بەرنامەرێژی بۆ کردبوو، پێش وەختیش سەردانی ناوچەکانیان کردبوو لە پێناوی کۆکردنەوەی زانیاری دەربارەی ناوچەکان و رێخۆشکردن و دانانی نەخشە بۆ ئەنفال، شاڵاوەکانی ئەنفالیش بە هەشت قۆناغی جیاجیادا ئەنجامیدا بەم شێوەیە:

قۆناغی یەکەم یان ئەنفالی یەکەم:

(ئەنفالی دۆڵی جافایەتی): دووای ئەوەی حکوومەتی عێراقی داگیرکەر لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٨٧ی.ز ئاماری دانیشتوانی عێراقی ئەنجامدا لە پاش چوار مانگ یەکەم قۆناغی ئەنفالی لە کوردستاندا لە شەوی ٢٣ی شوباتی ساڵی ١٩٨٨ی.زدا لە دۆڵی جافایەتی دەستیپێکرد کە ئەم ناوچانەی گرتبووەوە: (دووکان، بنگرد، چوارتا، قەڵاچوالان، سەرچنار، سوورداش، زێی بچووک، ئەزمەر، سوسێ، ماوەت، سەرگەڵو، بەرگەڵو)وە لە ساڵی ١٨/٠٣/١٩٨٨ی.ز دا کۆتایی پێهات.

قۆناغی دووەم یان ئەنفالی دووەم:

ئەنفالی ناوچەی قەرەداغ لە ٢٢ی ئازارای ساڵی ١٩٨٨ی.ز تاوەکوو ١ی نیسانی ساڵی ١٩٨٨ی.ز: ئەنفالی دووەم ئەم ناوچانەی گرتەوە: (چیای گڵەزەردە، بازیان، قەرەداخ، دەربەندیخان، زەرایەن، عەرەبت).

قۆناغی سێیەم ئەنفالی سێ:

ئەنفالی گەرمیان کە لە ٧ی نیسانی ساڵی ١٩٨٨ی.ز تا ٢٠ی نیسانی ساڵی ١٩٨٨ی.ز بوو.

ئەم قۆناغەیان لەسەرجەم قۆناغەکانی تر کارەساتبار و بە زیانبارتر بوو لە رووی مادیی و مرۆییەوە، چونکە (٧٠-٨٠) هەزار مرۆڤی کوردی تیا بێ سوروشوێن کرا، ئەم ناوچانەی گرتەوە (دووزخورماتوو، کفری، کەلار، دەربەندیخان، زنجیرە چیاکانی قەردەاغ، تەکیە، چەمچەماڵ و قەرە هەنجیر، قادر کەرەم، سەنگاو، تیلەکۆ، پێباز، ئاغجلەر).

قۆناغی چوارەم یان ئەنفالی چوار:

ئەنفالی حەوزی زێی بچووک ٣-٨ی مایسی ساڵی ١٩٨٨ی.ز ناوچەیەکی فراوانی لە باکووری ئەو ڕێگا گشتیەی گرتەوە کە شاری کەرکووک بە شاری سلێمانی دەگەینێ و هەروەها باشووری ڕێگای نێوان کۆیە-دەریاچەی دووکانیشی گرتەوە، کە بریتی بوو لە ناوچەکانی (شوان، شێخ بزێنی، دەشتی کۆیە، گۆپتەپە، عەسکەر، دێگەڵە، ئاڵتوون کۆپری).

ئەنفالی پێنجەم و شەشەم و حەوتەم:

١٥ی مایس تا ٢٦ی ئابی ساڵی ١٩٨٨ی.ز کە دۆڵی نێو چیاکانی شەقڵاوە و ڕەواندزی گرتەوە کە تیایدا ڕژێم بە کیمیابارانکردنی گوندەکانی (بالیسان و بالوکاوە و خەتێ) هێرشی دەستپێکرد، وە زیاتر لە ٥٢ گوندی ناحیەکانی خەلیفان و خۆشناوەتی و رەواندز وێرانکران، وە ناوچەکانی چۆمان، شاخی قەندیل، ڕانیە چوارقورنە، هیزۆب و شاخی باواجی) گرتەوە.

دووا ئەنفال:

ئەنفالی بادینان لە ٢٥ی ئاب تا ٦ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٨٨ی.ز:

بە هێرشێکی کیمیاوی لە ناوچەی (زیرە شکانی) نزیک سنووری باشوور و باکووری کوردستان دەستی پێکرد و ئەم ئەنفالەش ئەم ناوچانەی گرتەوە: (دهۆک، زاخۆ، کانی ماسی، زێوە، دێرەلۆک، ئەتروش و زاوێتە).

تعليقات