بەشی پەنجا و چوارەمی ئەدەب؛ حەمدی (١٨٧٨-١٩٣٦ ی.ز):

ناوی حەمدە کوڕی فەتاح بەگی حاجی ئیبراهیم بەگی مەحموود بەگی ساحێبقڕانە، لە ساڵی ١٨٧٨ی.ز لە شاری سلێمانی لە دایکبووە، لە شەوی (١٢)ی تشرینی دووەمی ساڵی (١٩٣٦)ی.ز کۆچی دوایی کردووە و لە گردی سەیوانی سلێمانی بەخاک سپێردراوە.


هەڵبەستەکانی حەمدی بە زاری کرمانجی خواروو (سۆرانی) نووسراوە وەک هەر هەڵبەستوانێکی کلاسیکی کوردی، کێشی عەرووزی عەرەبی، یەک سەروای بەکارهێناوە، بنیاتی هەڵبەستەکانی جگە لە قەسیدە و غەزەل، گەڵێ تەرجیع بەندە و تەرکیب بەند و چوارینی هەیە.
لە رووی ناوەڕۆکەوە هەڵبەستی (نیشتیمانپەروەری و ئاینی و دڵداری و پێهەڵدانی سرووشتی کوردستان)ی پێیەوە دیارە.
حەمدی خاوەن بیر و باوەڕیکی کوردانەی بەرزبووە، هەر بۆیە هەڵبەستەکانی ڕاستگۆیانە لە دڵ و دەروونێکی خاوێنەوە هەڵقوڵاوە.
نموونەیەک لە هەڵبەستی حەمدی کە لە ساڵی ١٩٢٧ی.ز گوتوویەتی:
کوردستان
ئەی وەتەن، ڕۆم و عەجەم موشتاقی کوردستانتە
ئیفتیخاری میللەتی کورد شەوکەتی عینوانتە.
بەستە سەربەرزی ئێواران، سبیەینان مانگ و ڕۆژ
وەک نیشانی ئیفتخاری سنگ و نەجمەی شانتە.
بەرق ئەدا و ئەرژێ وەکوو ئەمواجی گەوهەر چەشمەکان
ئاوە یا ڕۆحی ڕەوانی چەشمەی حەیوانتە.
ئاوە یا نوورە لە عەکسی خۆر کە ئەبریسکێتەوە
ئەهلی حیکمەت وا ئەزانێ دوڕەکانی (کان)تە.
گولگۆڵی سوور و سپی خاڵخاڵی خاکی ڕەش ئەڵێ
بۆ درەیی و ڕوخسار و سورمەی ڕشتنی چاوانتە.
عاشقی ڕەنگی خەزانی تۆیە بۆیە دێ بەهار
فەسڵی هاوین گەرمە مەیلی بەفرەکەی زستانتە.
واتای وشەکان:
(کان) واتە مەنجەم، ئەو شوێنەی کانزای لێ دەدرێت یا کانزای لێ دێتە دەرێ.

تعليقات