بەشی بیست و چوارەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ پێناسەی ئەنفال:

بەشی بیست و چوارەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ پێناسەی ئەنفال:


وەک لە بابەتەکانی پێشوودا باسمانکرد، هەر لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقی دەستکردی داگیرکەرەوە، کورد تووشی پاکتاوکردنی ڕەگەزی بووەتەوە.

بە هەموو شێوەکانی گرتن و ڕاگواستن و کوشتن و تاڵانکردن و بەعەرەبکردن، بەڵام ئەمەی کە لە ساڵی ١٩٨٨ی.ز بەناوی ئەنفال بەرامبەر گەلی کوردستان ئەنجامدرا، شێوەیەکی تایبەتی وەرگرت، لە دڕندایەتی و قڕکردندا، کە دەتوانین بە جۆرێکی ترسناکی (ژینۆساید-جینۆساید) لەم سەردەمەدا بە مرۆڤایەتی بناسێنین.

کەواتە دەتوانین (ئەنفال) بەم شێوەیە پێناسە بکەین، کە (میدل ئیست وۆچ) دەیخاتە ڕوو:

(ئەنفال ئەو ناوەبوو کە بە زنجیرەیەک هێرش و پەلاماری نەخشە بۆ کێشراوی سەربازی ئەنجامدرا، سەرجەم هەشت پەلامار بوو لە شەش ناوچەی جوگرافیای جیاواز بەڕێوەچوو، لە نێوان مانگی شووبات و سەرەتایی ئەیلوولی ساڵی ١٩٨٨ی.ز دا).

سەرەتا کردە سەربازییەکان لە دەست نووسینگەی باکووری رێکخستنی حیزبی بەعس، کە بنکەی سەرەکی لەشاری کەرکووکی باشووری کوردستان بوو.

لە ئاداری ساڵی ١٩٨٧ی.ز بە دوواوە لە لایەن (عەلی حەسەن ئەلمەجید) ناسراو بە (عەلی کیمیاوی) خوێن ڕێژ، سەرۆکایەتی دەکرا.

هێرش و پەلامارەکانی ئەنفال لەلایەن هێزە نیزامییەکان و هەردوو فەیلەقی یەک و پێنج ئەنجامدرا، بە پاڵپشتی یەکە جیاوازەکانی سوپای عێراقی داگیرکەر و فەوجە سووکە کوردەکان واتە (جاشەکان).

ئەنفال بەرچاوترین تاوانە لە دووای شەڕی دووەمی جیهانییەوە بە سەر گەلی کورددا هاتووە، بۆ لەناوبردن و سەرکوتکردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد و سڕینەوەی هەموو مۆرکێکی نەتەوەیی و کلتووری و مێژووی و دیمۆگرافی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و.…هتد.

هێرشەکانی ئەنفال بە یەکێک لە قێزەونترین و زەقترین دیاردەکانی پێشلکردنی مافی مرۆڤ لە لایەن ڕژێمی عێراقی دەستکردەوە دادەنرێت، کە پەلامارە سەربازییەکان ڕاستەوخۆ گوند و لادێیەکان و چەند شارۆچکەیەکی کوردستانیان بە تەواوەتی وێرانکرد و ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانە بێتاوانەکەیان بۆ چەند شوینێکی تایبەت ڕاگواستەوە، بۆ بیابانەکانی ڕۆژئاوای عێراقی دەستکردی داگیرکەر، بۆ نزیک سنووری عێراق-سعوودیە، کە زۆربەی هەرە زۆریان لەم ناوچایەدا زیندەبەچاڵ و گوللەباران کران و ماڵ و سامانیشیان وەک دەستکەوتی شەڕ بە تاڵان بردرا.

دەسەڵاتدارانی ڕژێمی پێشووی عێراقی دەستکردی داگیرکەر، زۆر بە شانازییەوە دانیان بە هێرشەکانی ئەنفال ناوە.

هەموو ساڵێکیش یادیان کردووەتەوە، بەڵام هەرگیز دانیان بە بێسەروشێن کردنی ئەو دەیان هەزار مرۆڤە بێتاوانە نەناوە.

پیاوانی ڕژێم وایان بڵاو دەکردەوە، کە گوایە شاڵاوەکانی ئەنفال تەنیا لە دژی (تێکدەران و بەکرێگیراوان) ئەنجام دراوە.



تعليقات