بەشی پەنجا و سێیەمی ئەدەب، پرتەوی هەکاری (١٧٥٦-١٨٢٥ ی.ز):

ناوی مستەفا بەگی کوڕی عەبدوڵڵا بەگی کوڕی محەممەد کوڕی ئێزدین شێرە( یەزدان شێرە)، بە بنەماڵە لە میرانی ناوچەی هەکارییە.


نازناوی (پرتەوی هەکاری) یان (شاپرتەوی هەکاری) بۆ خۆی داناوە، لە ساڵی (١٧٥٦ی.ز)، لە ناوچەی هەکاری لە دایکبووە، لەگەڵ ئەوەی زانیاری تەواوی لە ژیانی نەماوەتەوە، بەڵاوم وەک دەرکەوتووە لە ساڵی (١٨٢٥ی.ز) کۆچی دوایی کردووە.
ناوچەی هەکاری وەک ناوەندێکی ڕۆشنبیری دەوڵەمەند کاریگەری هەبووە، بۆ خەمڵادنی چێژ و خەیاڵی پرتەو، چونکە ناوچەی هەکاری شوێنی لەدایکبوون و ژیانی هەندێ لە زانا و هەڵبەستوانە هەڵکەوتووەکانی وەک ( عەلی تەرەماخی و عەلی حەریری و فەقێی تەیران و مەلایی باتەیی و ئەحمەدی خانی) و گەلێکی تر بوون، هەر بۆیە بە ناوەندێکی گەورەی خوێندەواری و ڕۆشنبیری لە کوردستانی باکووردا ناوی دەرکردووە.
لە ڕووی ڕووخسارەوە، وەکوو هەموو هەڵبەستەوانە کلاسیکەکانی تری ئەدەبی کوردی، هەڵبەستەکانی لە (غەزەل و قەسیدە) پێکهاتووە، جگە لەمانە کۆمەڵێک چوارین و پێنجین و موستەزادی هەیە.
لە رووی ناوەڕۆکەوە، موناجات وستایشی پێغەمبەر و دڵداری و وەسفی خۆشەویست و سرووشت، هەموو لایەنێکی هەڵبەستوانی گرتۆتەوە.
هەڵبەستەکانی بە زاری کرمانجی سەروو نووسراوە، کە یەکێکە لەو زارانەی بەشێکی زۆری ئەدەبیاتی کوردی پێ نووسراوە لە کۆن و ئێستادا.
نموونەیەکی لە هەڵبەستەکەی (پرتەوی هەکاری) لە هونەری موستەزاد:
ئیڕۆکە م تالیع سەحەرێ دلبەری سەلما.
مەشیا ب خرامان.
مەستانە وەش، کە چ کولەه و قامەتی ڕەعنا
شەنگا شەبی ڕیحان
ئەڤ شیوە و ئەڤ عیشوە و ئەڤ ناز و نەزاکەت
ئەسلن م نەدی بوون
یا ڕەب ژ هەمی دەردە و بەڵا و ئافاتی دنیا
حافز کو ب یەزدان.
لێکدانەوەی هەڵبەستەکە:
١- ئیرۆکە: ئەمڕۆکە، م، تالیع: بەخت، مەشیا: ڕۆیشت، واتە (ئەمڕۆ بەیانی زوو، بەختم وا دەرچوو، کە دڵبەری سەلما ڕۆیشت بە خەرامان).
٢- وەش: ڕۆیشت، کە: کۆ، کو لەه: بەرز و قیتو قۆز، واتە (ڕۆیشتنێکی بە لەنجەولارو (سەرخۆشانە) و بەرز و قیت، بەژن و باڵای وەکوو شەنگەبی ناسک لە شێوەی رێحان).
٣- ئەڤ: ئەم، واتە (ئەم شێوە ڕۆیشتنە و ئەم عیشوەتە و ئەم نازە و نەزاکەتە هەرگیز هاوتای نییە، من نەم دیوە.
٤- خوایە لە هەموو دەرد و بەڵا و ئافاتی دونیا بیپارێزی، لەبەر خاتری ناوی خۆت (یەزدان).

تعليقات