بەشی پەنجا و پێنجەمی ئەدەب؛ مەلا محەممەدی کۆیە (١٨٧٦-١٩٤٣):

مەلا محەممەدی کۆیە کە بە مەلای گەورە بەناوبانگە، کوڕی حاجی مەلا عەوڵای جەلی زادە و لە ساڵی ١٨٧٦ی. زایینی لە شاری کۆیە هاتووەتە دونیاوە.


بنەماڵەی جەلی زادە هەر لە سەردەمێکی کۆنەوە بە زانا و زانایی هاتوونەتە خوارەوە، لە هەموو ڕۆژێکدا پێشڕەوی زانایان لەو وڵاتەدا بەدەستەوە بووە، مەلا محەممەد خۆی بیرێکی ڕوون و ڕۆشنبیرییەکی تەواوی هەبووە.
دەتوانرێت لە ناو مەلایانی وڵاتی کوردەواریدا بەوە دابنرێت کە پێشڕەوی ڕۆشنبیری بووە، لە لایەن کاروباری نەتەوایەتی و کۆمەڵایەتیەوە.
لە لاپەڕە پان و درێژەکەی ژیانیدا گەلێک ڕووپەڕی لە ژیانی خۆیدا هەڵگێڕاوەتەوە، هەر لە وانە وتنەوە لە ژووری فەقێیان تا قازییەتی و ئیشی میری، تا ئەندامەتی ئەنجوومەنی دامەزراندنی عێراقی دەستکردی دەستی بەریتانیا.
کە کەوتە ساڵی ١٩٢٨ی.ز، ئیتر بە تەواوەتی لە هەموو فرمانێکی میری کشایەوە و ژیانی خۆی بە تەواوەتی تەرخان کرد بۆ وانە وتنەوە و پەڕتووک دانان و ڕووناک کردنەوەی بیروباوەڕی خەڵک، تا لە ژیاندا ما هەر ئەمەش ئیشی بوو.
لە ١٢ی تشیرینی یەکەمی ساڵی١٩٤٣ی.ز ئەو شوێنی هاتنە دونیایەی بوو بە مەڵبەندی هەتاهەتایی و کۆچی دوایی کرد.
بێجگە لەو ڕێبازانە کە مەلا محەممەدی کۆیە گرتبوویە بەر ئەو ڕێبازەی کە ئاووڕدانەوە لە کچ و ڕێگەدان بە سەربەستی ئافەرت لە کۆمەڵگادا بوو ئەمەیان بەرانبەر بەو لە هەموویان گرنگتر و بەسوودتر بوو.
مەلا محەممەد لە سەر ئەو باوەڕە بوو کە ئافرەت نیوەی کۆمەڵگایە و بەبێ دەستکەوتەکانی ئەو کۆمەڵگا وە یا ئەو نەتەوەیە پێش ناکەوێت.
ئافرەت دەبێت ڕێگای خوێندن بگرێت بۆ ئەوەی لەو ڕێگایەوە بە تەواوی بێتە ناو کۆمەڵگاوە و شان بە شانی پیاو بکۆشێت بۆ پێشکەوتنی ئەو کۆمەڵگایە، پێشەکی ئەمەی لە خۆیدا بەدیهێنا.
لە ساڵی ١٩٢٦ی.زاینییدا نە وەک هەر کچی خۆی خستە قوتابخانەوە، بەڵکوو گوتی دەبێت لە قوتابخانەدا لەگەڵ کوڕدا لەسەر یەک کورسی دابنیشن بۆ ئەوەی پێکەوە وانەی پاشەڕۆژی نەتەوەی خۆیان و مێژووی نەتەوەکانی تریش بخوێنن.
ئەم هەنگاوەی کە ئەم هاویشتی گەورەترین هەنگاوێک بوو بۆ ئەو سەردەمە، چونکە ئافرەت لەو ناوچەدا و لەو سەردەمەدا زۆریک لە مافەکانی لێ زەوت کرابوو.
ئەو بیروباوەڕە کە لە دڵیدابوو بەرانبەر بە سەربەستی ئافرەت، بە کردەوە پیشانی هەموو کەسێکیدا، ئینجا بە زمانێکی پاڕاویش هاتە گۆڕەپان و بوو بە لایەنگری سەربەستی ئافەرت و پڕ بە دەم بانگەوازی کرد و گوتی:
ژن زینەتی دونیایە ئەمانەتی خودایە.
حەبیبی مستەفایە قەڵاتن لە بۆ مێردان.
ژن ئەگەر بە حورمەت بێ بێ زیللەت و زەحمەت بێ.
بە تەربییە و ڕەحمەت بێ دڵ گوشاد و لێو خەندان.
کوڕی دەبێ وەکی شێر عاقڵ و دانا و دلێر.
بەدڵ غەنی بە چاوتێر سسەردار و مەردی مەیدان.
دەرحەق ژنان بێ باکن بۆیە بێداکی چاکن.
سەیری حاڵی خۆ ناکەن وەک دڕکن لە نێو عەردان.
ژنیش وەک موزەکەرە عەینەن ئەوەیش بەشەرە .
چاو لادانی لەسەرە هەردوو لەیەک حوکمدان.
وەزیفەی زۆر گەورەیە دەزانی ئەوەیش چییە؟
منداڵ بوون و تەربییە بێ مەسخەرە و جوێن پێدان.
تەماشا دەکەین مەلا محەممەدی کۆیە چ بە کردەوە چ بە گوتن بوو بەو کەسەی کە بە پەنجە لە بارەی داواکردنی سەربەستی ئافرەتەوە بە جۆرێک هێمای بۆ بکرێت کە لە پاش خۆی ئەو کردەوە و ئامۆژگارییانەی بوو بە جێگای پەیرەو کردن بۆ نەوەکانی داهاتوو….

تعليقات