سیاسەتی ئیتیحادییەکان بەرامبەر بە شێخەکانی تەریقەت لە کوردستان:

سیاسەتی ئیتیحادییەکان بەرامبەر بە شێخەکانی تەریقەت لە کوردستان:


کاتێک ئیتیحادییەکان دەسەڵاتیان گرتە دەست، هەڵوێستێکی باشیان بەرامبەر بە شێخانی تەریقەت لە کوردستاندا نەبوو. لەوانەیە هۆی ئەوەش بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمی عوسمانی – کە ئیتیحادییەکان کوودەتایان لەسەر کرد – هەڵوێستێکی باشی بەرامبەر بە تەریقەتەکانی سۆفیگەری هەبوو، پەیوەندییەکی بەهێزیش لە نێوان خودی سوڵتانی ناوبراو و شێخ سەعیدی باوکی شیخ مەحموود هەبوو، کە شێخێکی بەناوبانگی تەریقەتی قادری بوو لە باشووری کوردستان، هەر بۆیە، ئیتیحادییەکان زۆر تەنگیان بە شێخ سەعید هەڵچنی و دووریان خستەوە بۆ شاری موسڵا، لەوێیش لە ئەنجامی کەمتەرخەمی دەسەڵاتدارانی ئیتیحادییەکان لە شارەکە لە پاراستنی گیانی شێخ سەعید، شێخ لە ئاژاوەیەکدا کوژرا کە پلانیان بۆ دانابوو. لەوانەیە ئیتیحادییەکان شێخەکانی تەریقەتیان بە لایەنگەری بەهێزی حکوومەتی پێشوو دانابێ، بۆیە بێ هێزکردنی دەسەڵاتی ئەم شێخانەیان بە مایەی سەقامگیرکردنی دەسەڵاتی خۆیان دانابێ، بۆیە دەبینین کە ئەم دەسەڵاتە نۆییە هەڵوێستێکی خراپیشی بەرامبەر بە شیخ عەبدولسەلامی بارزانی هەبوو کە سەر بە تەریقەتی نەقشبەندی بوو، بە تایبەتی کە شێخ لە ساڵی ١٩١١ی.ز چەند داواکارییەکی گرنگی لە دەوڵەتی عوسمانی داواکردبوو کە ئەمانە بوون:

١- زمانی کوردی لە ناوچە کوردنشینەکان زمانی فەرمی(ڕەسمی) بێت.٢- خوێندن بە زمانی کوردی بێت.
٣- قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان و فەرمان بەران لە کوردان بن، یاخود لەو کەسانە هەڵبژێردرێن، کە کوردی دەزانن.
٤- لەبەر ئەوەی ئایینی فەرمی دەوڵەت ئیسلامە، دەبێ حوکم کردن بە گوێرەی شەریعەتی ئیسلام بێت.
٥- قازی و موفتییەکانی ناوچەکە، لە سەر مەزهەبی شافعی بن.
٦- بە پێی شەریعەتی ئیسلام باج لە دانیشتوان وەربگیردرێ.
٧- باجی “بەدەلی” خزمەتی سەربازی وەکوو خۆی بمێنێتەوە بە مەرجێک پارەکە بۆ چاککردنی ڕێگاوبانی ناوچەکە تەرخان بکرێ.

ئەم داواکارییانە، ئەوە نیشان دەدەن کە شێخ عەبدولسەلام، یەکێکە لە سەرکردە دیارەکان لە بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردی. لەو ڕووەوەی کە گرنگی زۆری بە زمانی کوردی و خوێندن، بەم زمانە داوە. هەروەها لە هەمان کاتدا لایەنی نەتەوەیی و ئایینی لە داواکارییەکانیدا کۆکردووەتەوە.ئەمەش ئەوە بە دیار دەخات کە پابەند بوون بە ئایین نابێ ڕێگری بکات لە هەستی نەتەوایەتی. تەنانەت کاتێک جەختی لەسەر مەزهەبی شافعیش کردووەتەوە، لەم ڕۆانگەیەوە بووە کە دەوڵەتی عوسمانی لە سەر مەزهەبی حەنەفی بووە، لە کاتێکدا کوردی باشووری کوردستان لە سەر مەزهەبی شافعین. ئەمەش بە مانای بەدیارخستنی تایبەتمەندییەتی کوردی لەناو دەوڵەتی عوسمانییدا دێت. یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی تری ئەم داواکارییانە، چۆنییەتی کۆکردنەوەی باجە، کە دیارە دەوڵەت زێدەڕۆیی لە کۆکردنەوەی باجدا کردووە.

کە شێخ عەبدولسەلام بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی، پەیوەندی بە چەندین کەسایەتی دیاری کوردەوە کردووە، هەروەها پەیوەندی بە ڕووسەکانیشەوە کردووە، ئەمەش بووە مایەی ئەوەی کە(ئیتیحادییەکان)، ترسێکی زۆریان لێ بنیشێ، بەتایبەتی کە لەوانەیە داواکارییەکانی بەرەو سەربەخۆییش پەرەبستێنێ. هەڵوێستێکی توندیان بەرامبەری نواند، ئەوەی جێگای سەرنجە والی موسڵا کە لەو کاتەدا(سلێمان نەزیف) بوو، کە هەرچەند کوردێکی شاری دیاربەکر بوو، بەڵام هەڵوێستێکی زۆر توندی بەرامبەر بە شیخ پیادە کرد و ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لەوەی کە شێخ عەبدولسەلامی بارزانی دەستگیر بکرێ و لە ١٤ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩١٤ی.ز لە (موسڵا) لە سێدارە بدرێ.




























تعليقات