چل و پەنجەم: ئەو چەند کۆمەڵەی کوردی کە سەریان هەڵدا چ ڕۆڵێکیان بینی لە شۆڕشی کوردیدا؟

کۆمەڵەی (عەزمی قەومی کوردستان).
شوڕشی مەشرووتی(دەستووری) و کاریگەری لە سەر بزووتنەوەی سیاسی کوردی
کۆمەڵەی تەعاون و تەرەقی کورد:
کۆمەڵەی هێڤی:
کۆمەڵەی (عەزمی قەومی کوردستان).

یەکەمین ڕیکخراوی کوردییە کە لە ساڵی (١٩٠٠) دا دامەزراوە.. (فیکری ئەفەندی دیاربەکری) دەستپێشخەری دامەزراندنی ئەم کۆمەڵەیە بووە هەروەها(ئەحمەد ڕامز کوردی زادە) و (ئەحمەد خاسی زادە) لە ئەندامە چالاکەکانی کۆمەڵەکە بوون. ئەمەی دواییان وەک چالاکییەکی ڕۆشنبیری، لە ساڵی ١٨٩٩دا، مەولوودنامەیەکی بە زمانی کوردی دیالێکتی زازایی نووسیوە.(ئەحمەد ڕامز کوردی زادە) لە ساڵی ١٩٠٤ وەکوو نوێنەری ئەم کۆمەڵەیە لە میسر بووە. کۆمەڵەکە لە ساڵی (١٩٠٤)دا لە لایەن دەسەڵاتدارانی عوسمانی داخراوە.

شوڕشی مەشرووتی(دەستووری) و کاریگەری لە سەر بزووتنەوەی سیاسی کوردی

بزاڤی مەشرووتی(دەستووری)، کە بە هۆی کوودەتای ٢٣ی تەمووزی ساڵی(١٩٠٨)، لە دەوڵەتی عوسمانیدا بە ئەنجام گەیشت دەستپێکی قۆناغیکی نوێ و گرنگ بوو لە مێژووی دەوڵەتەکەدا. بووە مایەی گێڕانەوەی دەستووری هەڵپەسێردراوی ساڵی(١٨٧٦). هەروەها درووشمەکانی ئازادی، یەکسانی، برایەتی، کە لە لایەن کۆمەڵەی(ئیتیحاد و تەڕەقی) بۆ بەڕێیەوەبردنی وڵات بەرز کرانەوە، زەمینەیەکی لە بار بوون بۆ چالاکیە سیاسیەکانی نەتەوە ناتورکەکان، لە ناویشیاندا بزووتنەوەی سیاسی کورد. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە هەر زوو بزووتنەوەی(ئیتیحاد و تەڕەقی) لە کۆنگرەی سێیەمیاندا ئایدۆلۆژی تۆرانی و بە تورک کردنی نەتەوە ناتورکەکانی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانیان پەیڕەو دەکرد، ئەمەش هۆکارێکی گرنگ بوو بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی ئەندامی کۆمەڵەکە لەوانە( ئیسماعیل حەقی بابان)، (شەریف پاشای خەندان) لە (ئیتیحاد و تەرەقی) بکشێنەوە.

کۆمەڵەی تەعاون و تەرەقی کورد:

لە پاش کوودەتای ئیتحاد و تەرەقی ساڵی( ١٩٠٨)، دەسەڵاتی نوێ لە ٢٥ی ئەیلوولی هەمان ساڵدا مۆڵەتی دامەزراندنی بەم کۆمەڵەیە دا، کە یەکەمین کۆمەڵەی سیاسی کوردە بە ئاشکرا کاری کردبێت. دیارترین دامەزرێنەرانی ئەم کۆمەڵەیە بریتین لەم کەسانەی خوارەوە:
(ئەمین عالی بەدرخان، شێخ عەبدولقادری نەهری(شەمزینانی)، داماد زولکەفل، جەنەڕاڵ شەریف پاشا و خەلیل خەیالی و کەسانی تر).
ئەم کۆمەڵەیە عەبدولقادر نەهری بە سەرۆکی یەکەم و (داماد زولکەفل)ی بە سەرۆکی دووهەم دانابوو، وە چەندین لقی لە شارە مەزنەکانی وەکوو: دیاربەکر و بەدلیس و مووش و موسڵا و بەغداد و سلێمانی و ئەرزەڕۆم، خنس کردەوە. ئامانجیشی کردنەوەی قوتابخانە بوو بە زمانی کوردی لە کوردستان و دامەزراندنی کورد لە دام و دەزگا حکوومییەکان و دان نان بە زمانی کوردی و ڕێدان بە دەرکردنی بڵاوکراوە رۆژنامە و گۆڤار ، هەروەها بایەخ دان بە باری ئابووری کوردستان، کۆمەڵەکە هەوڵی دەدا پەیوەندیەکی باش لە گەڵ "ئەرمەنی و نەستووریەکان" دروست بکات. ڕۆژنامەیەکیشیان بە ناوی(تەعاون و تەرەقی کورد) دەردەکرد کە زمان حاڵی کۆمەڵەکە بوو.

کۆمەڵەی هێڤی:

کۆمەڵەیەکی سیاسی و ڕۆشنبیریی بوو، ژمارەیەک قوتابی کورد لە ٩ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩١٢ لە ئەستانبۆڵ دایانمەزراند، سیاسەتی ئەم کۆمەڵەیە بە درێژەپیدەری سیاسەتی کۆمەڵەی تەعاوەن و تەرەقی کورد دادەندرێ. بەڵام ئەوەی گرنگی ئەم کۆمەڵەیە بە دیار دەخات، ئەوەیە کە بۆ یەکەم جار قوتابیانی کورد بەم شێوەیە بە فراوانە هاتوونەتە ناو چالاکی سیاسی کوردی و ڕێکخراوی تایبەت بە خۆیان دامەزراندووە.
دامەزرێنەرەکانی بریتی بوون لە: "قەدر جەمیل پاشا و عومەر جەمیل پاشا و فوئاد تەمۆ، ئەکرەم جەمیل پاشا و مەمدوح سەلیم. ئەم کۆمەڵەیە، ڕۆڵێکی بەرچاوی لە پێشخستنی هەستی نەتەوایەتی کوردیدا بینیوە. هەردوو گۆڤاری(ڕۆژی کورد) و لە دواییشدا( هەتاوی کورد) کە زمانحاڵی کۆمەڵەکە بوون ڕۆڵی بەرچاویان لە بزاڤی ڕۆشنبیری کوردیدا هەیە.
تا سەرەتای دەست پێکردنی جەنگی یەکەمی جیهانی چالاکیەکانی (هیڤی) بەردەوام بوو. لە گەڵ دەست پێکردنی جەنگەکەش هەموو ئەندامەکانی ناردنە بەرەکانی جەنگ.

تعليقات