کوردستان لە سەرەتای جەنگی یەکەمی جیهانییەوە تاکوو کۆتایی جەنگی دووەمی جیهانی:

کوردستان لە سەرەتای جەنگی یەکەمی جیهانییەوە تاکوو کۆتایی جەنگی دووەمی جیهانی:


کوردستان لە ساڵانی جەنگی یەکەمی جیهانیدا ساڵی ١٩١٤-١٩١٨ی.ز:

جەنگی یەکەمی جیهانی، لە ڕووی هۆیەکانی و ڕووداوەکانی و ئەنجامەکانیشیەوە لە کوردستان بە دوور نەبوو. کوردستان لە چەندین بەرەوە بووە گۆڕەپانی ململانێی نێوان هێزە جەنگکەرەکان، بەشی هەرەزۆری نێرینەی کورد، بەرەو بەرەکانی جەنگ بردران، بە ڕادەیەک زۆربەی ماڵەکان تەنها ئافرەتیان تیادا مایەوە، ژمارەیەکی زۆریش لە سەربازانی کورد، لە بەرەکانی جەنگ هەڵاتن و پەنایان بردە ناوچە چییاییەکان بۆ خۆشاردنەوە لە دەسەڵاتدارانی عوسمانی.

جەنگی یەکەمی جیهانی، قۆناغێکی نوێیە:

بە شێوەیەکی گشتی، ماوەی جەنگی یەکەمی جیهانی، بە قۆناغێکی نوێ لە مێژووی کورددا دادەندرێ، کە تیایدا کوردستان زیاتر کەوتە ژێر کاریگەری دەوڵەتە زلهێزەکانەوە و لە ساڵانی جەنگەکەدا، کورد بارودۆخێکی زۆر دژواری بە چاوی خۆی بینی، نووسەرێکی کورد سەبارەت بە زیانی جەنگەکە بە شێوەیەکی گشتی، نووسیویەتی:(( ئامارەکان بۆمان دەردەخەن کە لە ئەنجامی کوشتار و لەشکرکێشی داگیرکەراندا برسێتی و گەندەڵی و کەم بەرهەمی، سەرتاسەری کوردستانی گرتەوە و لە زستانی ساڵی ١٩١٨ ی.ز دا نیوەی خەڵکی کوردستان برسێتی هەراسانی کردبوون. ئەوانەی بە دەستی داگیرکەران کوژران و ئەوانەی لە برسانا مردن، هەروەها ئەوانەی لە کاتی ڕاگوێزانی زۆردارەکی ساڵانی جەنگی یەکەمی جیهانیدا بەرگەی بەفر و سەهۆڵ بەندانیان نەگرت و مەرگ تەنگی پێ هەڵچنین، ژمارەیان دوو ملیۆن کەس دەبێ. کار گەیشتە ڕادەیەک کە کەمتر لە سێیەکی ئەو زەوییەی کە جاران بە کەڵکی کشت و کاڵ دەهات، کەڵکی لێ وەردەگیرا و ئاژەڵ و ڕەشەوڵاخ بەڕادەیەک کەم بووە، ژمارەکەی گەیشتبووە چارەگی جاران)).

















تعليقات