پەیمانەکان و ڕێککەوتنەکانی عوسمانی-سەفەوی و پەیوەندییان بە گەلی کوردەوە:

پەیمانەکان و ڕێککەوتنەکانی عوسمانی-سەفەوی و پەیوەندییان بە گەلی کوردەوە:

دەوڵەتی عوسمانی بە ناو (تورکی-سوننە) و دەوڵەتی سەفەوی (فارسی-شیعە مەزهەب)، بە درێژایی مێژووی فەرمانڕەوایییان بە تایبەتی لە سەدەی شازدەیەم داو بە هۆی فراوانبوونی دەسەڵاتیان لە ناوچەکەدا، بە بەردەوام کێشە و ناکۆکی گەورە و قوڵیان لە نێواندا هەبووە، ئەم کێشە و ناکۆکییانەش زۆربەی هەرە زۆری دەگەرێتەوە بۆ چاوچنۆکییان لەسەر ئەو خاکەی کە دەکەوێتە نێوان هەر دووکیانەوە، ئەوەش بریتی بووە لە خاکی کوردستان کە لە دوور و نزیکەوە هیچ پەیوەندییەکی بەسەر هیچ لایەکیانەوە نەبووە و نەتەوەیەکی جیاواز لەوان تێدا ژیاوە کە ئەویش گەلی (کوردە)، بەڵام ئەم دوو دەوڵەتە داگیرکەرەی عوسمانی و سەفەوی بەهەر شێوە و نرخێک بووبێت ویستوویانە داگیری بکەن و ئەو سەربەخۆییەی کە لەو کاتەدا میرنشینە کوردییەکان هەیان بووە هەر یەکەیان لە ناوچەی تایبەتی خۆیدا لە ناوی ببەن و بیخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە.

بۆیە زۆر جار ئەگەر میرنشینێک دەسەڵاتی بەرەو بەهێزی ڕۆیشتووە مەترسییان لێ نیشتووە و پیلانی تایبەتییان بۆ داڕشتووە بۆ لاوازکردن و لە ناو بردنی ئەو هێز و دەسەڵاتەی کە پەیدای کردووە، ئەگەر بە هاوکاریش نەبووبێت، یەک لە دوای یەک هێرشیان بۆ کردووە و لاوازیان کردووە، وەک ئەو هێرشە یەک لە دوای یەکانەی کە کردیانە سەر میرشینی سۆران و بابان بە مەبەستی لاواز کردنی سوپا بەهێزەکانیان.

لەبەر ئەوە زۆر جار دەوڵەتە داگیرکەرەکانی عوسمانی و سەفەوی ویستوویانە قەڵەمڕەوی خۆیان زیاد بکەن لەسەر سنووری کوردستان، هەرچەندە زۆر جار ئەم ناکۆکییانەی نێوانیان بەشەڕ کۆتایی هاتووە، وەک شەڕی چاڵدێران، بەڵام هەندێک کاتیش بەهۆی ڕێکەوتننامە و دابەشکردنی کوردستان لە نێوانیاندا کۆتایی هاتووە.

بۆ ئەوەی زیاتر ئاشکرا بێت لامان، لە بابەتەکانی داهاتووماندا بە شێوەی زنجیرەی ڕێکەوتننامەکانی هەر دوو دەوڵەتی دایگرکەری عوسمانی و سەفەوی دەخەینە ڕوو لەگەڵ ئەو کاریگەرییانەی کە لەسەر کوردستان هەیان بووە لەو ڕیکەوتننامانەی نێوانیان.

تعليقات