بەشی سی و هەشتەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ تاوانەکانی ژینۆسایدی گەلی کورد لە باکووری کوردستان:

بەشی سی و هەشتەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ تاوانەکانی ژینۆسایدی گەلی کورد لە باکووری کوردستان:


لە دووای جەنگی یەکەمی جیهانی و هەڵەوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی داگیرکەر، دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی تورکیای داگیرکەر هاتە ئاراوە، سیاسەتی فەرمانڕەوا تازەکانی تورک، هەمان شێوەی سیاسەتی فەرمانڕەواکانی عێراقی داگیرکەر بوو، بگرە زیاتر و دڕندانەتریش بوو بۆ لە ناوبردن و سڕینەوەی نەتەوەی کورد لە تورکیا، کە کوردیان بە (تورکی شاخاوی) دەناساند، ئەمەش بووە هۆی پەراوێزخستن و بێبەش کردنی گەلی کورد لە باکووری کوردستان لە هەموو مافێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی.

بە ڕاگواستن و لەناوبردنی دانیشتوانی کورد و دوورخستنەوەیان بۆ ناوچەکانی تری تورکیا، کە تورک زۆرینەن و نیشتەجێکردنی تورک لە جێگایان بە مەبەستی شێواندنی دیمۆگرافیای کوردستان و لەناوبردنی تایبەتمەندی کلتووری و مێژوو و کۆمەڵایەتی شار و شارۆچکە کوردییەکان کە زۆربەی ناوچەکەی گرتەوە، وەک: (بەتلیس، ئامەد، وان، هەکاری، مووش، ماردین، ئورفە و سیرت و ….هتد).

بێجگە لەمانە قەدەغەکردنی زمانی زگماک و جل و بەرگ و ناوی کوردی.

سیاسەتی تورک پشتی بەستووە بە دەستووری ساڵی ١٩٢٤ی.ز، کە تیایدا هاتووە جگە لە تورک دان بە هیچ گەل و نەتەوەیەکی جیاوزا لە تورکیا دانانرێت.

لە دووای سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی کوردان، کە شێخ سەعیدی پیران ڕابەرایەتی دەکرد، لە ساڵانی (١٩٢٥تاکوو ساڵی ١٩٢٦ی.ز)، سەدان گوند و کێڵگەی کشتوکاڵی وێرانکران و ماڵەکانیشیان سووتێندران و تاڵانکران و دانیشتووانەکەشیان بۆ ناوچەکانی تری ڕۆژئاوای تورکیا ڕاگوێزران، کە ژمارەیەکی زۆریان لە برسان و لە سەرمان مردن.

ژینۆسایدی گەلی کورد لە یاسای ژمارە (٨٨٥ی٣١/٠٥/١٩٢٦ی.ز)، ئەنجومەنی گەورەی نانیشتیمانی تورکیادا جێگیر کراوە، کە بە گوێرەی ئەم یاسایە پەلاماردانی سەر ناوچە کوردییەکان ڕەوایە.

لەکاتی هەڵگیرسانی ڕاپەڕینی (ئاگری داغ-ئارارات ساڵی ١٩٢٧تاکوو١٩٣٠ی.ز)، سەرجەم دانیشتوانی (٢٢٠دووسەد و بیست) گوندی ئەو ناوچانەی کە ڕاپەینەکەی گرتبووەوە، نزیکەی (١٠.٠٠٠) دە هەزار کەس بوون، کە هەموویان شوێنبزرکران.

هەر بۆ تۆقاندن نزیکەی (١٠٠) سەد ڕووناکبیری کوردیان بەدەست و پێ بەستراو فڕێدرایە ناو (گۆل-دەریاچە)ی (وان)ە.

لە ١٩٣٠/٠١/٠١ی.ز، ڕژێمی تورکیا بڕیاری بە زۆر کۆچ پێکردنی دانیشتوانی هەرێمی دەرسیمی دەرکرد.

دووای سەرکوتکرنی ڕاپەڕینی دەرسیم لە ساڵی ١٩٣٧ی.ز کەمالیە شۆڤێنیەکان، بە ئاگر و ئاسن بەربوونە گیانی کورد، (١.٥٠٠ هەزار و پێنج سەد) پیرەژن و گەنج و منداڵ بە دەست بەستراوی خرانە چاڵێکی گەورەوە و نەوتیان بەسەردا کردن و ئاگریان تێپەردان.

جێی ئاماژە پێدانە، دەربارەی کۆمەڵکوژییەکەی دەرسیم، لەکاتی دەنگدان، سەرۆک وەزیرانی تورکیا لە ساڵی (٢٠١٢) داوای لێبوردنی لە کەسوکار و قوربانیانی دەرسیم کرد، ئەم هەڵوێستە خۆی دانپێدانانە بە ژینۆساید کردنی کورد لە باکووری کورستان.

تورکەکان بەردەوام خەریکی سیاسەتی بە تورک کردن و ڕاگواستن و سڕینەوەی سیمای نەتەوەیی ناوچە کوردییەکانن، کە ئێستا حوکمی عورفی بەسەر ناوچەکەدا جێبەجێ دەکرێت، ڕۆژانە چەندین گەنج و لاوی ئەم ناوچانە دەکەونە بەر شاڵاوی گرتن و لەناوبردن.



تعليقات