وەزارەتی ئەوقاف دەیەوێ وشەی (مسلم) لەسەر ناسنامەی منداڵەکانمان نەبێ .

بەپێی هەواڵێکی (ئێن ئاڕ تی) وەزارەتی ئەوقاف لە هەوڵی ئەوەدایە یاسایەک دەربچێت لە کوردستان ئاینی کەس لەسەر ناسنامەی باری شارستانی نەنوسرێت تا دەگاتە تەمەنی ۱۸ ساڵی .
ئەوەی ئاشکراو ڕوونە ئامانج لەو پڕۆژەیەی ئەوقاف کاڵکردنەوەی ناسنامەی ئیسلامەتی خەڵکی کوردستانە، چونکە زۆرینەی خەڵکی کوردستان موسڵمانن .
ئەوەی زیاتر جێی سەرسوڕمان و نیگەرانیە ئەوەیە وەزارەتی ئەوقاف وەها پێشنیارێک دژ بە ناسنامەی ئاینی خەڵکی کوردستان دەکات کە ئیسلامە، لەولاشەوە خەریکی هاوردەکردنی ئاین و مەزەبی تازەیە بۆ کوردستان کە هەندێکیان نە ئێستاو نە لەڕابردوو لە کوردستاندا بوونیان نەبووە لەکاتێکدا ئەو وەزارەتە لە بنەڕەتدا بۆ سەرپەرشتی موڵکی وەقف کراوی موسڵمانان و خزمەت کردن بە ئاینی خەڵکی کوردستان دامەزراوە .
ئەگەر بشڵێن ئامانجمان لەو پێشنیارە ئازادی ئاینە ، ئەوە پێیان دەڵێین: خەڵکی کوردستان کێشەی ئازادی ئاینی نیە بە ئیعتیرافی خۆتان ، بەڵکو کێشەی ئازادیەکانی تری هەیە، ئەگەر ئەوەندە ئازادیخوازن داوای ماف و ئازادیەکانی تر بۆ خەڵکی کوردستان بکەن .
هیوادارم ئەو پێشنیارە ناقۆڵایەی ئەوقاف بەسەر زانایانی ئاینی دا تێپەڕ نەبێت و زانایانی ئاینی و یەکێتی زانایان و لایەنە پەیوەندی دارەکان هەڵوێستیان هەبێت و بەتوندی ڕەتی بکەنەوە، چونکە بەدڵنیاییەوە مەرامەکانی پشت ئەو پڕۆژەیە پاک نین و لەوانەیە شتی خراپتری بەدوادا بێت .
ئەوانەی لەپشت ئەم بڕیارەوەن ئەگەر بە (مــــــــلم) ی سەر ناسنامە قەڵس بن و قبوڵیان نەبێ، دەبێ بەرامبەر ڕۆڵ و کاریگەری ئیسلام لە واقیعی ژیانی خەڵک چەندە نیگەران بن و چیان لەبەرنامە دابێ .

Comments