حدک ناوی شەهیدەکانی تەقینەوەکانی کۆیە بڵاودەکاتەوە

حیزبی دیموکراتی کوردستان حدک سەبارەت بە تەقینەوەکانی بەردەم دەفتەری سیاسی ئەو حیزبە راگەیێندراوێک بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیێنێت: "بەهۆی ئەم تەقینەوەیە بە داخەوە 6 کەس گیانیان لە دەست دا‌و 4 کەسیش بریندار بوون".


دەقی راگەیێندراوەکەی حدک
بۆ ئاگاداریی ڕای گشتی

تەقینەوەی تیرۆریستی لە نزیک یەکێک لە بنکەکانی دەفتەری سیاسیی حیزب، شەهیدو برینداربوونی ژمارەیەک لە تێکۆشەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی لێ کەوتەوە.

ئەمشەو ١٩ لە سەر ٢٠ی دیسامبر (شەوی یەلدا)، دەوروبەری کاتژمێر١٠ی شەو لە کاتێک دا بەشدارانی ڕێورەسمی یادی لە دایکبوونی د.قاسملوو،  بە دوای کۆتایی بەرنامەکە بۆ ماڵەکانیان دەگەڕانەوە، دوو تەقینەوەی بە دوای یەک لە نزیک پرسگەی بەر دەرکی قەڵای دیموکرات ڕوویان دا. بە هۆی ئەم تەقینەوەیە بە داخەوە 6 کەس گیانیان لە دەست دا‌و 4 کەسیش بریندار بوون.

شەهیدەکانی ئەم ڕووداوە بریتین لە:

1-  عەلی قۆیتاسی، کادری حیزب

2- وەهاب میر خزری، پێشمەرگەی حیزب

3- سالار باقری، پێشمەرگەی حیزب

4- ئەرسەلان عەباس نیا، پێشمەرگەی حیزب

5- ناسر کەریمی،  ئەندامی یەکیەتیی لاوانی دیموکرات،

6- عەدنان عەبدوڵلا، مفەوەزی ئاسایش

بە هۆی ئەم ڕووداوەوە  دوو پێشمەرگەی حیزب و هەر وەها دوو پۆلیسی ئاسایشیش بریندار بوون.

وێڕای مەحکوومکردنی ئەو کردەوە تیرۆریستییە و هەر وەها سەرەخۆشی‌و هاودەردیی قووڵمان لە گەڵ بنەماڵەی شەهیدانی ئەو ڕووداوەو هیوای هەر چی زووتر چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان، ڕادەگەیەنین کە لێکۆڵینەوە لە سەر چۆنیەتیی ڕووداوەکە بەردەوامە‌و، ئاسایش‌و دەزگا پێوەندیدارەکان لە شوێنی رووداوەکە حوزووریان هەیە.

زانیاریی زیاتر لە راگەیەندراوەکانی داهاتوو دا بە ئاگاداریی بیرورای گشتی دەگەیەنین.

دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان

شەوی١٩ لە سەر ٢٠ی دیسامبری ٢٠١٦

شەوی ١ی بەفرانباری ١٣٩٥

تعليقات