ئایینی ئێزدی-ئێزیدی پۆلی۱۲:

ئایینی ئێزدی-ئێزیدی پۆلی۱۲:

پوختەیەک دەربارەی ئایینی ئێزدی:
ئێزدی یەکێکە لە ئایینەکانی کوردستان و سەبارەت بە ڕەگ و ڕیشەی مێژووی ئەم ئایینە و سەرهەڵدانیشی ڕای جیاواز هەیە، هەندێ لە نووسەران سەرهەڵدانی دەگەڕێننەوە بۆ سەردەمی (یەزیدی کوڕی معاویە) و پێیان وایە لە ڕێی هەندێ ڕێبەری سۆفییەوە بانگەوازی بۆ کراوە و سەرنجام لەسەر دەستی (شێخ شمس الدین) شتی تری تێکەڵ کراوە و بووە بە ئایینێکی جیاواز.
شارەزایانی ئایینی ئێزدی دەربارەی ئایینەکەیان دەڵێن:
ئایینی ئێزدی یەکێکە لە ئایینە کۆنەکانی کوردستان، سەبارەت بە مێژووی سەرهەڵدان و پەیدابوونی ئەم ئایینە دەگەڕێتەوە بۆ پێش ئایینی زەردەشتی، کە ڕەگ و ڕیشاڵی دەگەڕێتەوە بۆ ئایینی (مەزدایی و میترایی) کە گرنگییەکی زۆر دەدەنە خۆر (ڕۆژ) واتە (ڕۆژ)، کە بڕوایان بە یەک خودایی تاک و تەنیا هەیە، کە پێ دەڵێن (ئێزی، ئێزدان) کەواتە (خودا)، هەر بەم ناوەش ناویان دەبەن بە (ئێزدی) کە واتە (خودا پەرێس-خودا پەرست).
وشەی (ئێزدی) زۆر کۆنە لە نووسینی مسماریدا-مێخیدا لە سەردەمی (سومەرییەکان و بابلییەکان) هاتووە. بەم شێوەیە (ئێ-زی-دی) کە ڕامانەکەی گیانی پاک و پیرۆزە و ئەوانەی لەسەر رێگای ڕاست و دروست دەچن.
مەڵبەندی پەیدابوون و بڵاوبوونەوەی ئەم ئایینە کوردستانە. خەڵکانێکی زۆر بڕوایان بە ئایینی ئێزدی هێنابوو، پێش پەیدابوون و بڵاوبوونەوەی ئایینە ئاسمانییەکان لە ناوچەکەدا و شوێنی پێرۆزیان دروست کردووە بۆ پەرستنی خودا و پیرۆزترین پەرستگەیان، کە پەرستگەی (لالش)ە کە دەکەوێتە (باشووری کوردستان -کوردستانی عێراق) و شوێنپەنجە و شوێنەوارەکانی ئایینی ئێزدی لە هەموو کوردستان تا ئێستا ماوە. ئەوەی گرنگە ئێستا ئایینێکی سەربەخۆیە و باوەڕدارانی ئەم ئایینە بە شێوەیەکی گشتی لە ڕووی نەتەوەییەوە کوردن، مەڵبەندی بڵاوبوونەوەشی عێراق و سووریا و تورکیا و ڕووسیا و ئەرمەنستان و ڕەوەندی بەندیش لە لوبنان و خۆرئاوا هەنە.
ئێزدییەکان چەند میرنشینێکی جودایان دامەزراندووە، وەکوو (میرنشینی داسنی و میرنشینی ئادیان و ئێستاش خاوەن میرنشینی ئێزیدخانن).
ئایینی ئێزدی بڕوایەکی تەواوی بە پێکەوە ژیان و تەبایی و برایەتی لەگەڵ باوەڕدارانی ئایینەکانی تردا هەیە، هەروەها ئایینی ئێزدی ڕێ بەکەسیش نادات کە لە ئایینێکی تردا بێتە ناو ئایینەکەیان، کەواتە مزگێنیبەر نییە، بەڵکوو داخراوە لەبەر خۆی، ئەمەش لە تێکستی پیرۆزی ئایینەکەیاندا بە ڕاشکاوی دەردەکەوێت، هەروەها رێز لە بیروباوەڕی هەموو ئایینەکان و پێغەمبەران دەگرن، چونکە ئایین ئایینی خودایە بۆ چاکسازی و خزمەتی مرۆڤایەتی هاتووە.
سیستەمی چینایەتی لە ئایینی ئێزدیدا:
چین لە ئایینی ئێزدیدا تەخێکە لە کۆمەڵە مرۆڤێک پێک دێت، ئەرکیان بەڕێوەبردن و پەیڕەوکردنی ڕێوڕەسمە ئایینییەکانە، چین لە ئێزدیاتیدا، نەوەکوو چینەکانی ئایینەکانی ترە، بەڵکوو تایبەتمەندی خۆی هەیە، چین لە ناو ئێزدیاندا بە شێوەی بۆماوەیییە (پشتاو پشت)ە، کە واتە لە دایک و باوک و بۆ منداڵیان دەمێنیتەوە، هەروەها ژنخوازی لە چینێک بۆ چینیکی تر گوناحە. ئێزدییەکان دەبنە سێ چین کە ئەمانەن (پیر، شێخ، مرید-مورید) و هەر چینێک ئەرکی تایبەتی خۆی هەیە.
١- پیر: ڕێبەری ئایینییە: ئەرکی فێرکردن و بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی ئێزدیاتییە لە ناو کۆمەڵدا و هەر پیرێک کۆمەڵێک موریدی تایبەتی خۆی هەیە و ساڵێ جارێک لە ناویان دەگەڕێت، بۆ فێرکردن و چارەسەکردنی کێشەکانیان و کۆکردنی خێر لە ناو موریدەکانی خۆی. چینی پیر لەچەند بنەماڵەیەکی سەرەکی پێکهاتوون کە ژمارەیان نێزیکەی (٤۰) بنەماڵەیە. نموونەش وەکوو بنەماڵەی (پیر هەسن مەمان، پیری شالیار، پیر ڕەشی حەیران، پیری هاجیال و پیر مەهمەدی ڕەشان…..هتد).
٢- شیخ: ئەوانیش ڕێبەری ئایینیین و لە سێ بنەماڵەی سەرەکی پێک دێن کە ئەمانەن (ئادانی، شەمسانی، قاتانی) و هەریەکەیان تایبەتمەندی خۆی هەیە لە ڕووی پلە و پایەی ئایینییەوە و ژن و ژنخوازی لە نێوان ئەم سێ بنەماڵەشدا گوناحە. نموونە لە بنەماڵەکانی شێخی ئێزدییەکان وەکوو بنەماڵەی (شێخادی، شێخ حەسەن، شێخ شەمس، شێخ فەخر، شێخ بەکر و شێخ براهیمی خورستانی و….هتد).
٣- مورید: خەڵکی گشتین لە ئێزدییەکان، لە شێخ و پیرەکانیان فێری بیر و باوەڕی ئایینەکەیان دەبن و پێوستە هەر ئێزدییەک شێخ و پیری خۆی هەبێت، موریدەکان بۆیان هەیە لەناو خۆیاندا ژن و ژنخوازی بکەن.
“پەرستگەی لالش”
لالش: پەرستگەی هەرە پیرۆزی ئایینی ئێزیدییە، کە دەکەوێتە ناو دۆڵێکی نێوان سێ چیای گەورەوە: کە پڕە لە دار و درەخت و سەوزایی کە دیمەنێکی قەشەنگ-جوان و ڕازاوەی هەیە، دەربارەی وشەی (لالش) لە تێکستی ئێزدییەکاندا بە واتایی هێوینی زەوی دێت، واتایی وشەی (لالش) بە زمانی ئاڤێستایی پێکهاتووە لە: (لالە) واتە (چرا) وە (ش)ە بە واتای ڕووناکی گەش دێت، پێکەوە واتای چرای گەش یان سەرچاوەی رووناکی دەدەن. لە ناوەوەی پەرستگەی لالش هێما و شێوازەکانی میترایان (خۆر پەرستان) زۆر بە ئاشکرایی دەبینرێتەوە، سەرەڕای چەندین نەقش و نیگار لەسەر بەرد، کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێکی زۆر کۆن. لە سەردەمی (شێخادی کوڕی مسافر) هاتووەتە نوژەنکردن و زیاتر گرنگی پێدراوە و پیرۆزی ئەم پەرستگەیە لە لایی ئێزدییەکانەوە دەگەڕێتەوە بۆ:
١- لالش سووڕی ژیانە و هەوێنی مەیینی زەوییە.
٢- (کانیا سپی) لێیە، کە ئاوەکەی پاک و زوڵاڵ و پیرۆزە، کە دەبێت هەر ئێزدییەک بە ئاوی ئەم کانییە بێتە مۆرکردن (تعمید) و حەڵاڵکردن لە پەرستگەکەدا، فەرزێکی تەریقەتە لەسەر ئێزدیان.
٣- لالش دەبێتە ڕووگەی-ڕووگەهی (حەجی) ئێزدیان و دەبێتە فەرز و ئەرک، هەر ئێزدییەک لە جیهاندا دەبێ بەلانی کەم جارێک ڕوو بکاتە ئەم پەرستگەیە.
٤- ڕێوڕەسمی چەندین جەژن و هەڵکەوتی ئێزدیان لەوێ دێنە گێڕان.
٥- هەبوونی قوب و ئاقد و نیشانەکان و (مەرقەدی) هەندێک لە خاس و چاکەکانییان لەم پەرستگەیە.
“کتێبە پیرۆزەکانی ئایینی ئێزدی”
ئێزدیان دوو کتێبی پیرۆزیان هەیە، کە ئەوانەش مسحەفا (ڕەش و جەلوەن). ئەم دوو کتێبە بە زمانی کوردین و بە پیتی تایبەت نووسراون. ناوەڕۆکی مسحەفی ڕەش بریتیە لە هەبوونی خودا و فریشتەکان و چۆنییەتی ئافراندنی کاینات و بوونەوە و ئەرکان و فەرزەکانی ئایینی ئێزدیاتی، زۆر جار بەناوی (قەرە فرقان-فورقان) ناونراوە و ئێزدیان بڕوایان وایە کە ئەم کتێبە ئاسمانییە و بەشێوەی وەحی دابەزیوە، تا گوتاری خودای گەورە بگەینێتە ئێزدییەکان، جگە لە زانینی غەیب و باس لە دونادۆن (تنساخ الأرواح)یش دەکات، بەبۆچوونی ئێزدییەکان چەند تێکستێکی دینی دەیسەلەمێنن کە کتێبی مسحەفی ڕەش ئاسمانییە و لە لای خوداوە بۆ مەلەک فەخرەدین هاتووە.
هەروەها کتێبی (جەلوە) لە دانانی شیخ حەسەنە، کە شەش ساڵ خۆی خەڵوە کردووە و ئەم کتێبەی داناوە کە تێیدا باسی یەکتا پەرستی و بڕوا بە یەک خودای تاک و تەنیا و تایبەتمەندییەکانی خودا و چۆنییەتی دانانی تاووس مەلیک دەکات، وەک سەرۆکی فریشتەکان و پێ بەخشینی تووکی ئەزەلی، دیسان چۆنیەتی باوەڕهینان و جێبەجێکردنی ڕێوڕەسمی ئایینی و فەرزی حەقیقەت و فەرزی تەریقەت و ئامۆژگاری و سیرەت و ڕاسپاردەی زۆری تێدایە، ئەم هەموو بیروباوەڕانە بەشێوەیەکی تێکستی ئەدەبین کە بە شیعر دەچێت و رێکخراوە و پێی دەڵێن (قەول) و (بەیت) و (قەسیدە) و (دۆعا). دووای نەمان و لەناوچوونی ئەم دوو پەرتووکە، ئەم تێکستە ئاینییانە هاتوونەتە پاراستن لە رێگای چەند قەولبێژێکی لێ هاتوو، وەکوو: (شێخ فەخر و پسی جەم و پیر ڕەشی حەیران) و چەندی دیکە، ئەم تێکستە بەسەر زارییەوە پشتاوپشت سەردەم لە دووای سەردەم ماونەتەوە ئینجا نووسراون، تا ئێستا هەندێکیان بە زارەکی ماونەتەوە، دەربارەی نەمانی ئەم دوو کتێبە، ئێزدی دەڵێن لەبەر زوڵم و زۆرداری و فەرمانی قڕکردن، کە بە سەر ئێزدییان بە درێژای مێژوو هاتووە، لەبەردەست نەماون، بەڵام ناوەڕۆکیان تا ئێستاش وەکوو بنەمای ئایینی ئێزدی ماونەتەوە، لە ڕێگەی پیاوانی و ئولدار و قەواڵەکانی ئێزدی هاتوونەتە لەبەرکردن و پاراستن.
(ئەنجومەنی باڵای ڕۆحانی ئایینی ئێزدی):
ئەنجومەنی ڕۆحانی: لە ناو ئێزدییەکاندا، بە بڵندترین دەستەی دەسەڵاتدار دادەنرێت، کە پێکهاتووە لە کۆمەڵێک پیاوانی ئایینی و میری ئێزدییان سەرۆکایەتی دەکات، ئەم ئەنجومەنە سەرپەرشتی هەموو کار و باری ئایینی و کۆمەڵایەتی دەکات. لە ڕابردوو ئەم ئەنجومەنە، پێی دەگوترا (مەحفەل) کە بارەگای سەرەکی ئەم ئەنجومەنە پەرستگای لالشە، پێکهاتەی ئەم ئەنجوومەنە ئەمانەن:
١- میری ئێزدییان: واتە میری هەموو ئێزدییەکان لەجیهاندا، سەرۆکی ئەنجۆمەنی باڵای ڕۆحانی ئێزدییە، کاروباری ئایینی و دونیای ئێزدییەکان بەڕێوە دەبات و لە (شارۆچکەی باعەدرێ) نیشتەجێیە، دەبێت لە بنەماڵەی میر بێت.
٢- ئیختیاری مەرگەهێ: واتە بابێ شێخ بە بەرزترین پلەی ئایینی و ڕۆحانی دادەنرێت، لە شیخی شەمسانییە و لە بنەماڵەی شێخ فەخرە، کە ڕێبەریی ئێزدییەکان دەکات، چلەی هاوین و زستان بەڕۆژوو دەبێت و ساڵی دوو جار لە نێو ئێزدییەکان دەگەڕێت، بۆ بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی ئایینی و چارەسەکردنی کێشەکانیان و هانیان دەدات بۆ تەبایی و چاکە و خێرخوازی. هەروەها ئەنجومەنێکی تایبەتیش هەیە کە گەورە پیاوانی ئایینی ئێزدی تێدا ئەندامن پێی دەڵێن ئەنجومەنی بابێ شێخ، ئەم پلە تا ڕادەیەک وەک هی (پاپا)یە لە ئایینی مەسیحیدا. ئەم پلەیە پشتاوپشتە لە ناو بنەماڵەی شێخ فەخردایە، بەڵام دەستنیشان کردنی کەسێک بۆ ئەم پلەیە بەهەڵبژاردن دەبێت.
٣- شێخی وەزیر: لە شێخەکانی شەمسانییە و لە بنەماڵەی شێخ شەمسە و پلە و پایەیەکی بڵند و تایبەتی لە ئایینی ئێزدیدا هەیە، یەکێکە لە ئەندامانی جڤاتی ڕۆحانی.
٤- پێشیمامی مەرگەهێ: ئەویش لە شێخەکانی شەمسانییە و لە بنەماڵەی شێخ شەرەفەدینە، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای رۆحانییە و هەروەها ئەندامی ئەنجومەنی بابێ شێخیشە.
٥- نەقیب: لە چینی پیرەکانە و ئەندامی ئەنجومەنی ڕۆحانییە و لەگەڵ گێڕانی تاووس دەبێت.
٦- بابێ گاڤان: لە چینی شێخە و لە بنەماڵەی ئامادەینە، یەکێکە لە ئەندامانی ئەنجومەنی ڕۆحانی و ئەنجومەنی بابێ شێخە و دەبێت کەسێکی زانا و شارەزا و بلیمەت بێت لە ئێزدیاتیدا.
٧- مەزنێ قەوالان: (سەرۆکی قەوالان) کە لە چینی موریدە، شارەزاییەکی باش و فراوانی لە تێکستە ئایینەکاندا هەیە و دەبێت لەگەڵ گێڕانی تاووسدا بێت.
٨- بابێ چاویش: ئەندامی جڤاتی ڕۆحانییە، دەروێشێکی پەرستگەی لالشە و هەموو ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ خزمەتی پەرستگەی لالش، خۆی لە هەموو خۆشی و دونیا بێبەش کردووە، بۆ خزمەتکردنی ئایین و لە ژیانی خویدا ژن ناهێنێت.
۹- سەردەری پەرستگەی لالش: ئەندامە لە جڤاتی ڕۆحانی و لە بنەماڵەی شێخو بەکرایە، هەروەها دەبێت موریدەکە پلەی فەقیری هەبێت. ئەرکی سەرەکی خزمەتکردنی پەرستگەی پیرۆزی لالش بێت.
شایانی باسە کە ئەنجومەنی باڵای ڕۆحانی ئێزدییەکان وەکوو دەسەڵاتێکی دینی و دونیای لەناو ئێزدیان دایە، دەستەیەکی ڕاوێژکاری هەیە کە پێکهاتووە لە (٣٠) کەسی شارەزا و پسپۆڕ و ڕۆشنبیر و ئولدار، کە یارمەتی و ڕاوێژکاری ئەنجومەنی باڵای ڕۆحانی دەکەن بۆ هەر کارێکی پێویست.
“جەژنەکانی ئایینی ئێزدی”:
ئێزدییەکان چەند جەژنێکی تایبەت بە خۆیان هەیە، هەندێک لەو جەژنانە ڕێوڕەسمەکانیان لە پەرستگەی لالش دێنە گێڕان و هەندێک لەناو کۆمەڵگەی ئێزدییەکاندا.
١- جەژنی سەرساڵ: کۆنترین و پیرۆزترین جەژنی ئێزدیانە، پیرۆزییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ئافراندنی کاینات، ئەم جەژنە دەکەوێتە چوارشەممەی یەکەمی مانگی نیسان بە ساڵنامەی ڕۆژهەڵاتی (ساڵنامەی زایینی سێزدە ڕۆژ لە پێش ساڵنامەی ڕۆژهەڵاتی ئێزدییە) ئەم چوارشەممە ناودارە بە چوارشەممەی سوور. لەم جەژنەدا هەموو ئێزدییەکان جلی جوان لەبەر دەکەن و چەند ڕێوڕەسمێکی تایبەت بەم جەژنەیان هەیە. وەکوو گیرساندنی سەدان چرا و مۆم، لەپەرستگەی لالش و ڕەنگ کردنی هێلکە و هەتواسینی کولیلکی سووری نیسان لەسەر دەرگای خانووەکان، لەڕۆژی جەژن چەندین یاری تایبەت بەم جەژنە دێتە کردن، نموونە: یاری هێلکانێ و کابانێ و ….هتد، نیسان پیرۆزی و تایبەتمەندی خۆی هەیە لەناو ئێزدییەکاندا، ژنهێنان و ژن خوازی لەو مانگەدا گوناحە، چونکە دەڵێن مانگی نیسان بووکی ساڵە، هەڵکەندنی زەویش گوناحە. هەر لەم جەژنەدا نانێکی تایبەت دروست دەکەن، پێی دەڵێن (سەوک) و لەگەڵ شیرینی بەسەر هەژاراندا دابەشی دەکەن.
٢- جەژنی چلەی هاوین: یەکێکە لەو جەژنانەی کە ڕیوڕەسمەکەی لە پەرستگەی لالش دەگێڕن، ئەم جەژنە دەکەوێتە ڕۆژی ٣٠ی تیرمەهـ(تەمووز) تا ٢ی مانگی تەباخ (ئاب)بە هەژماری زایینی، لە پێش ئەم جەژنەدا پیاوە ئایینەکان و هەر کەسێک بیەوێت چل ڕۆژ بەڕۆژوو دەبێ، هەر لەم جەژنەدا ئێزدییەکان دەچنە پەرستگەی لالش بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکانی ئەم جەژنە، وەکوو گێرسانی چرا و مۆم و گێڕانی سەما و قەنتار و ریزکردنی قەول و بەیت لەبەر دەنگ و ئاوازی دەف و شباب.
٣- جەژنی چلەی زستان: ئەم جەژنە دەکەوێتە (۲)ی مانگی شوبات لە ڕۆژمێری زایینی و ڕێوڕەسمەکانیش هەمان ڕێوڕەسمی جەژنی چلەی هاوینە کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت لە پەرستگەی لالش.
٤- جەژنی جەمای: یەکێکە لە جەژنە دێرینەکانی ئێزدییان، بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ کە (٦) تا (۱۲)ی تشرینی یەکەمی زایینی دەخاینێت، ڕێوڕەسمی ئەم جەژنە لە پەرستگەی لالش دەگێڕن، لە هەموو ئێواران مۆم و چرا دادەگێرسێنن و گێڕانی ڕێوڕەسمی سەما و قەنتار لە هەموو ڕۆژان بەردەوام دەبێت و "سمات" (کە خواردنێکی تایبەتە) ڕۆژانە دێتە دروست کردن و بە هەزاران ئێزدی لە هەموو جیهان سەردانی پەرستگەی لالش دەکەن بۆ بەشداری کردن لەم جەژنەدا.
لە ڕۆژی چوارەم، “پەری” (قوماشێکی تایبەتە بە ئاوی کانیا سپی دێتە مۆرکردن) دەیهێننە سوارکردن. لەسەر مەرقەدی چاکەکان دایدەنێن و لە ڕۆژی پێنجەم ڕیوڕەسمی قەباغ دێتە ئەنجامدان کە گاییەک دەکەنە قوربانی بۆ خودای خۆر واتە: (ڕۆژ) و لە ڕۆژی شەشەم (بەرێ شباکێ) دێتە سوارکردن کە ڕێوڕەسمێکە لە بیرەوەری کراس گۆڕینی شێخادی کوڕی مسافرە. لە ڕۆژی دووای جەژندا هێمای تاووس دێتە پاک و تەمیزکردن کە پێ دەڵێن (تاووس جوانکردن) پێیان وایە هەر کەسێک لەم جەژنەدا بەشدار بێت لە گوناحەکان پاک دەبێتەوە.
لە ڕێوڕەسمی ئەم جەژنەدا دیار دەبێت کە نیشانەی ڕووناکی و پاک کردنی دەروون و گیان و ئاواتی ساڵێکی پڕ لە خێر و بەرەکەتە و بەختەوەری و لێبوردەیی و حەلاڵ کردنی مرۆڤ و هەر کەسێک کە یەکەم جار سەردانی پەرستگەی لالش دەکات بە ئاوی کانیا سپی مۆر دەکرێت.
٥- لە جەژنی ڕۆژووی ئێزدی: (ئێزدی ناوێکە لە ناوەکانی خودا) دووای سێ ڕۆژ بەڕۆژووبوون لە ڕۆژی چوارەم کە دەکاتە ڕۆژی هەینی سێیەم، لە مانگی کانوونی یەکەم دەکەن بە جەژن، مەبەست لە ڕۆژوو گرتن جێبەجێکردنی فەرزێک لە فەرزەکانی تەریقەتە و هەروەها خێرە بۆ ناوی خودا، دەستکردن بە برسێتی بۆ ئەوەی یارمەتی هەژاران بدەن، هەر دیسان ڕۆژوو گرتن ساخڵەمییە، لە ڕۆژی جەژندا ئێزدییەکان جەژنی یەکتر پیرۆز دەکەن و سەردانی مەزارگەی خاس و چاکەکانیان دەکەن.
٦- جەژنی بێلندە: ئەم جەژنە یەکێکە لە جەژنە هەرە دێرینەکانی ئێزدیان بە بۆنەی تەواوبوونی وەرزی چاندن دێت، ئەم جەژنە دەکەوێتە هەینی یەکەم لە مانگی کانوونی دووەم لە ڕۆژژمێری زایینی، چەند ڕێوڕەسمێک هەنە، وەکوو: دروستکردنی نانێکی تایبەت کە پێدەڵێن (سەوک) و بەسەر یەکتردا دابەشی دەکەن و هەروەها خواردنی تایبەت ئامادە دەکەن وەکوو: (کەشک، کشام. شلک) و (خەولێرە)، ئەویش نانێکی تایبەتە یەک مێوژ-مێوێژ دەکەنە ناوی و دەپێژرێت و ئێوارەی جەژن ئەم خەولێرە بە ژمارەی ئەندامانی خێزان کەرت دەکرێت و دابەش دەکرێت، لەسەر ئەندامانی خێزان و ئەوەی مێوژەکەی بۆ دەرچوو، لە لایەن سەرۆک خێزانەوە خەڵات دەکرێت و هەروەها لە ئێوارەی جەژن ئاگر هەڵ دەکەن و پێی دەڵێن: (گورگا گای) و ئەندامانی خێزان هەر یەکێ سێ جاران بەسەریدا باز دەدەن، بەو بڕوایەی کە گوناحەکانیان دەسووتێندرێن، لە ڕۆژی جەژندا ئێزدییەکان جەژنی یەکتر پیرۆز دەکەن.
٧- جەژنی خدر ئەلیاس-ئیلیاس: ئەم جەژنەش دەکەوێتە پێنج شەممەی سێیەم لە مانگی شوبات بە ڕۆژژمێری زایینی، ئەوانەی کە ناویان (خدر و ئەلیاسە-ئیلیاسە) سێ ڕۆژ لە پێش ئەم جەژنە بە ڕۆژوو دەبن و ڕۆژی چوارەم دەبێتە جەژن و چەندین ڕێوڕەسمی تایبەت بەم جەژنە هەن، وەکوو: دروستکردنی (قەلاتک) کە پێکهاتووە لە برژاندنی هەندێک لە (گەنم و جۆ و گارس و نۆک)، ئەمانە لە دووایدا پێکەوە دەهاڕن و پێی دەڵێن (پێخون)، هەر لە بەیانی جەژن خواردنێکی تایبەت لە ساوەری-ساواری برژاو دروست دەکەن و پێی دەڵێن (چەرخووس)، لەم جەژنەدا ڕاو و نێچیر و سەربڕینی گیانەوەر گوناحە. وەک ڕێزگرتن بۆ (نەبی خدر و نەبی ئەلیاس-ئیلیاس) کە بڕوایان وایە دوو پیاو چاکی خودان.
٨- جەژنی قوربان: ئەو جەژنە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیبراهیمی پێغەمبەر (د.خ) لەسەربێت، رێوڕەسمی ئەم جەژنە لە پەرستگەی لالش دێتە گێڕان، پێیان وایە لە کاتی ئیبراهیم پێغەمبەر (د.خ) لەسەربێت کە ویستی ئیسماعیلی کوڕی (د.خ) لەسەربێت سەر ببڕێت، وەک جێبەجێکردنی ئەو سۆز و بەڵێنەی کە بە خودای گەورەی دابوو، کاتی ڕزگاربوونی لە ئاگری “نەمروودی گاور”، خودای گەورە لە باتی ئەوە بەرانێکی نارد بۆ ئەوەی بیکات بە قوربانی لە جیاتی کوڕەکەی، تا ئێستاش دەبێت هەر ماڵێکی ئێزدی لەم ڕۆژەدا قوربانییەکی نێرینە بکات.

تعليقات