خەوننامەی کوردی، بەشی پە؛ پێشنوێژی کردن:

 خەوننامەی کوردی، بەشی پە؛ پێش نوێژی کردن:


ئەگەر بینی لە پێش گەلێکەوە پێش نوێژی دەکرد، بەبێ ئەوەی پێش نوێژ بێت، واتە لەناو ئەو گەل و هۆزەدا دیار و بە گەورە تەماشا دەکرێت و هەندێکیان دەبنە گوێڕایەڵی ئەو، وەک چۆن شوێنکەوتەیەک گوێڕایەڵی ئیمامەکەی دەبێ.
ئەگەر بینی کۆمەڵێکی زۆر لە نوێژدا پێیان گوت کە پێش نوێژیمان بۆ بکە، یان فەرمانڕەوایەک پێی وت کە پێش نوێژی بکات و ئەویش پێشڕەوی و پێش نوێژی کرد، واتای ئەوەیە لەو شوێنەدا دەبێتە میر و فەرمانڕەوا و بەقەدەر ڕاست و دروستی ڕووگە (قیبلە) و تەواوکردنی نوێژەکە بەپێی کڕنۆش و سوجدەکان، دادپەروەری و ڕاستییان لەگەڵ بەکار دێنێ.
ئەگەر لە نوێژەکەدا شتێکی لەبیر چوو و شتێکی کەم کرد، واتە بە ئەندازەی ئەوەی کەمی کرد و لەبیری کرد، ستەم و زۆرداری ئەنجام دەدات.
ئیبن سیرین دەڵێ: ئەگەر بینی پێش نوێژی دەکرد، بەڵام بە دانیشتانەوە، واتە نەخۆش دەکەوێ.
ئەگەر لەسەر لا و لەسەر تەنیشت کەوتبوو و لە نوێژدا شتێکی خوێندەوە، واتە زوو دەمرێ و ئەو گەل و هۆزە نوێژی لەسەر دەکەن.
ئەگەر پێش نوێژێکی لە خەودا بینی، بەقەدەر رێز و شەرەفی پێش نوێژیەکەی، ڕێز و گەورەیی بەدەست دێنێت.
ئەگەر بینی ئیمام، ویلایەتێکی پێدا، یان لەگەڵ ئیمام چووە ماڵەوە، یان ئیمام شتێکی بەودا، یان لەگەڵ ئیمام و پێش نوێژدا خواردنێکی خوارد، ئەوا بە ئەندازەی ئەو شتانە خەم و مەینەتی تووش دەبێت.
جابری مەغریبی دەڵێ: ئەگەر بینی لەگەڵ ئیمام و پێش نوێژدا جیهادی دەکرد، ئەوا یان لەگەڵ دەوڵەتەدا، یان ویلات و هەرێمەکە لەگەڵ ئەودا، یان لە مزگەوت، ماڵ و گوند یان لە شارێکدا هاوپشک دەبێ.
ئیسماعیلی کوڕی ئەشعەس دەڵێ: ئەگەر هەر شتێک لە ئیمام و پێش نوێژدا بە زیادە ببینێ، ئەوا لە ویلایەت و گەورەیی و شکۆی ئەودا زیاد دەبێت و هەر شتێکی تێدا بەکەم ببینێ، ئەوا لە نیعمەتەکانی ئەو کەسەدا کەم دەبێتەوە.
ئیمام جەعفەری سادق دەفەرمێ: پێش نوێژی و ئیمامەت کردن لە خەودا، شەش جۆر لێکدانەوەی بۆ دەکرێت.
یەکەم: فەرمانڕەوایی. دووەم: حاکمێتی و فەرمانڕەوایی کردن بە دادپەروەری و ویژدانەوە. سێیەم: زانست. چوارەم: ئەنجامدانی کارێک، مەبەست خێر بێ. پێنجەم: سوود و قازانج. شەشەم: پاراستنی لە هەڕەشەی دوژمن.
ئەگەر بینی ئیمامەت و پێش نوێژی ژنانی دەکرد، واتای ئەوەیە دەبێتە والی و فەرمانڕەوا بەسەر گرووپە لاوازەکاندا.
ئەگەر بینی ئیمام و پێش نوێژێک لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و پێش نوێژی و پێشڕەوی گەل و هۆزێکی دەکرد، واتای ڕەحمەتە بەسەر خەڵکی ئەو سەرزەوییە.
ئەگەر بینی لەسەر مردوو نوێژی دەکرد، ئەوا لەلایەن فەرمانڕەوای وڵاتەوە، فەرمانڕەوایی بەدەست دینێ.

تعليقات