جەلال مەلەکشا هەڵبەستوان و نووسەری ناوداری کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆچی دوایی کرد.

جەلال مەلەکشا هەڵبەستوان و نووسەری ناوداری کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆچی دوایی کرد.


جه‌لالی مه‌له‌كشا، هەڵبەستوان و نووسەری ناوداری رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ ته‌مه‌نی 69 ساڵیدا بە جەڵتەی دڵ كۆچی دوایی كرد.

مه‌له‌كشا هەڵبەستوانی بەناوبانگی کورد، لە ١٩-٠٣-١٩٥١ لە گوندی مەلەکشای سەر بە شاری سنە لە دایک بووە و هه‌ر لە منداڵییەوە هۆگری هەڵبەست و نووسین بووە.
سه‌ره‌تا بە نووسینی هەڵبەست، په‌خشان و چیرۆکی فارسی ده‌ستی پێكرد، لەبەر هێز و به‌هره‌كه‌ی لە نووسیندا بە بێ ئەوەی کتێبی چاپکراوەی هه‌بێت، بووه‌ ئەندامی (کانوونی نووسەرانی ئێران).
دوای ساڵی ١٩٧٩ قه‌ڵه‌می نووسینه‌كه‌ی دەگێڕێتەوە بۆ ناو زمانی کوردی و لە کوردیشدا زۆر سه‌ركه‌وتوو بوو. بۆ ماوەی ١٤ ساڵ وەکوو نووسەر و رۆژنامەنووس دەبێتە ئەندامی گۆڤاری سروە و گرنگی زۆر بە زمان و ئەدەبی کوردی دەدات.
شایانی باسە هەڵبەستەکانی جەلال مەلەکشا بە چەند زمان لەوانە فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی، سویدی و چەندین زمانی دیکە وەرگێڕدروان.

که خۆم ناسی !
وتم :دایه ئەمن کێم و چیم؟
خەڵکی کام شار، کام وڵاتی سەر زەویم؟
وتی رۆڵه:
تۆ کوردی و دیل و هەژاری
نیشتمانت کوردستانه
بەڵام ناوی نیشتمانت له سەر نەخشەی
جوغرافیایی جیهان نییه بێ نیشانه.
وتم: دایە باوکم کوانێ؟
بۆچی هەرگیز دەستی حەزی نەگووشیوم؟
بە کام تاوان من هەتیوم؟
وتی: ڕۆڵە ڕۆژێ کاتێ داگیرکەران شاریان سووتاند
تفەنگی مافی کردە شان
ڕووی کردە ئاسۆی سەربەستی
لێزمەی خوێنی گەشی لەشی
بە سەر لێوی خاکا پژاند.
وتم: دایە ئەی براکەم؟
شەپۆلی خەم ئاوی ماتەم،
گۆمی چاوی پڕ کرد لە ئەستێرەی فرمێسک
وتی: ڕۆڵە لە کازیوەی وەرزی ڕەشا
لاشەیان کردە نیشانە
سەری کاسی خەمەکانی بردە ژێر خاک
گیانی پاکی کردە فیدای، سەربەستی ئەو کوردستانە
وتم: دایە ئەی من چ بکەم
هەستا سەر پێ
تفەنگێکی بڕنۆ کورتی بزمار ڕێژی دایە دەستم
وتی: ڕۆڵە هەی هۆی ئاوات و مەبەستم
دەیان ساڵە لە چوار لاوە کوردستان دیل و یەخسیرە
دەست و پێی زەنجیر کراوە
ڕێبازی خوێن بگرەو و بڕۆ
دۆعای گەلی چەوساوەی کورد لە پشتی تۆ
سنوورەکان بشێوێنە
کوردستانم بۆ بێنەوە
با بە دەوریا بسووڕمەوە
کوردستانم بۆ بێنەوە
با دانیشم لەتە لەتە وڵاتەکەم بدورمەوە.

تعليقات