(هێرشی ناپلیۆن بۆ سەر میسر ١٧٩٨ی.ز):

(هێرشی ناپلیۆن بۆ سەر میسر ١٧٩٨ی.ز): 


 فەڕەنسا لە داگیرکردنی میسردا چەند مەبەستێکی هەبوو لەوانە:

١- داگیرکردنی میسر بە واتای دەستگرتن بوو بەسەر ڕێگای هاتووچۆی هیندستان، بەمەش بەڕژەوەندییەکانی بەریتانیای دەخستە مەترسییەوە.

٢- شوێنی جوگرافی میسر کە کەوتبووە ناوەڕاستی هەر سێ کیشوەری ئاسیا و ئەفریقیا و ئەورووپا.

٣- دەست بەسەرداگرتنی میسر ڕێگای خۆش دەکرد بۆ داگیرکردنی ناوچەکانی تری خۆرهەڵات و دامەزراندنی ئیمپراتۆرییەکی گەورە.

٤- دەست بەسەرداگرتنی خێر و سامانی میسر.

هێزەکانی ناپلیۆن لە بەندەری (تۆلۆن) لە باشووری فەڕەنسا بەرەو میسر کەوتنە پێشڕەوی کردن دوای داگیرکردنی شاری ئەسەکندەرییە لە کەنارەکانی میسر بەرەو قاهیرە بەڕێکەون، بەڵام ئەم هێزانە لە ڕێگایان بەرەو قاهیرە تووشی زۆر سەغڵەتی بوون لەوانە: بەرزی پلەی گەرما و کەمی ئاو و خۆراک و بەربەرەکانێتی خێڵە عەرەبییەکان.

لە ساڵی ١٧٩٧ی.ز لە نزیک هەرەمەکانی جیزە هەردوو سوپای ناپلیۆن و مەمالیک ڕووبەڕووی یەکتری بوونەوە و جەنگی (ئەمبابە) لە نێوانیاندا ڕوویدا و ئەنجامەکەی بە تێکشکانی سوپای مەمالیک و داگیرکردنی قاهیرە لە لایەن ناپلیۆنەوە کۆتای هات.

ناپیلۆن ڕایگەیاند کە هاتووە بۆ ڕزگارکردنی گەلی میسر، نەک بۆ داگیرکردنی، ئاشتی و برایەتی و یەکسانی لەنێو گەلی میسردا بڵاو دەکاتەوە و ڕێز لە ئایینی ئیسلام دەگرێت، لە هەمان کاتدا هەڕەشەی لە هەموو ئەوانە کرد، کە بەربەرەکانێی دەکەن.

دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک بەسەر داگیرکردنی میسر، هێزە دەریاییەکانی بەریتانیا بە سەرکردایەتی (نلسون) لە شەڕی ئەبی قیر نزیک ئەسەکندەرییە پەلاماری هێزەکانی فەڕەنسای دا و زیانێکی زۆری پێگەیاند، ئەم شکستە کاری زۆری کردە سەر ئامانجەکانی ناپلیۆن لە هێرشەکەی بۆ سەر میسر، وەک لەناوبردنی ئامانجی سەرەکی هێرشەکە کە بریتی بوو لە مەترسی خستنە سەر هیند و دەرکردنی هێزەکانی بەریتانیا تیایدا، وێڕای بڕینی ڕێگای پەیوەندی نێوان فەڕەنسا و ناپلیۆن کە ئیتر ناپلیۆن ناچار بوو خواردەمەنی سوپاکەی پشت بە میسر ببەستێت، هەروەها ئەم سەرکەوتنەی بەریتانیا وایکرد سوڵتانی عوسمانی لە ڕووسیا و بەریتانیا کە دوو دەوڵەتی نەیاری فەڕەنسا بوون نزیک بێتەوە، ئەنجامێکی تری ئەم تێکشکانەی فەڕەنسا بریتی بوو لە پەرەسەندنی بەربەرەکانێی گەلی میسر و شۆڕشی قاهیرەی یەکەم نموونەی ئەم پەرەسەندنە بوو.

شۆرشی یەکەمی قاهیرە چەند ئەنجامێکی لێکەوتەوە لەوانە: ناپلیۆن بۆی دەرکەوت لە خاکێکدا دەژی خەڵکەکەی بە دەسەڵاتەکەی ئەو ڕازی نییە، چونکە وەک داگیرکەر سەیری دەسەڵاتەکەیان دەکرد، نەک وەک ڕزگارکەر، جگە لەوە بڕوا و متمانەی نێوان گەلی میسر و سوپای فەڕەنساش لە میسر نەما.

دوای ئەوەی ناپلیۆن لە داگیرکردنی شام سەرکەوتوو نەبوو لەبەردەم گوشار و بەرهەڵستی خەڵکەکەیدا گەڕایەوە بۆ میسر، ئینجا بڕیاریدا بگەڕێتەوە بۆ فەڕەنسا، چونکە بارودۆخی فەڕەنسا تێکچووبوو، ئەمە لە لایەک، لەلایەکی تریشەوە دەوڵەتە ئەورووپییەکان کەوتبوونە گەلە کۆمەکی لە فەڕەنسا.

ناپلیۆن بە نهێنی میسری جێهێشت و گەڕایەوە بۆ فەڕنسا و (جەنڕاڵ کلیبەر)ی لە جێی خۆیدانا.

گەلی میسر ڕاپەڕینێکی تریان بەپاکرد، هەرچەندە فەڕەنسییەکان توانیان دای بمرکێننەوە، بەڵام بۆ کڵیبەر دەرکەوت، کە مانەوەیان لە میسردا بێ کەڵکەکە، بۆیە لە گەڵ عوسمانییەکان دەستیکرد بە گفتوگۆ و ئەنجامەکەی مۆرکردنی پەیماننامەی (عەرەیش) بوو لە نێوانیاندا لەساڵی ١٨٠١ی.ز، کە تیایدا بڕیاردار بە کشانەوەی هێزەکانی فەڕەنسا لە میسر بە هەموو کەلوپەلێکیانەوە.

لە سەرەتادا ئەم پەیمانە جێبەجێنەکرا، چونکە بەریتانیا لە بەرامبەریدا وەستایەوە و پێی وابوو کە دەبێت سوپای فەڕەنسا لە میسر خۆی بدات بە دەستەوە، بەڵام دواتر هەردوولا (فەڕەنسا و بەریتانیا) لە یەکتری نزیکبوونەوە ئیتر فەڕەنسا سوپاکەی بە هەموو کەلوپەلێکەوە لە میسر کشایەوە.

ئەنجامەکانی هێرشی ناپلیۆن بۆ سەر میسر:-

هێرشەکەی فەڕەنسا بۆ سەر میسر لەدوای خۆیەوە گەلێ ئەنجامی گرنگی بۆ سەر میسر بەتایبەتی و ناوچەکە بەگشتی بەجێهێشت، کە دەکرێت گرنگترینیان بەم جۆرە دەست نیشان بکەین:

– پەلامارەکەی سەر میسر بوو بە مایەی وریاکردنەوەی گەلانی ناوچەکە بەگشتی و گەلی میسر بەتایبەتی بۆ ڕزگار بوون لە دەسەڵاتی بێگانە و بەدیهێنانی قەوارەیەکی سیاسی سەربەخۆ.

– فەڕەنسا شانبەشانی سوپاکەی ژمارەیەک زانا و پسپۆڕیان لەگەڵ خۆیان هێنابوو بۆ میسر ئەمانە دەستیانکرد بە لێکۆڵینەوە لە هەموو بارێکی وڵاتەکە و ئەنجامەکەی هاتنە کایەی پڕۆژەی نۆکەندی سویس بوو کە لە ساڵی ١٨٦٩ی.ز تەواو بوو، وێرای ئەوەی هێرشەکە دەزگای چاپی لەگەڵ خۆیدا هێنانە میسر و چاپخانەیەکیان لە قاهیرە دامەزراند.

تعليقات