دەرکەوتنی محەممەد عەلی لە میسر ١٨٠٥ی.ز:

دەرکەوتنی محەممەد عەلی لە میسر ١٨٠٥ی.ز:


دوابەدوای کشانەوەی فەڕنسییەکان لە میسردا، عوسمانییەکان دەسەڵاتیان بەسەر میسردا سەپاندەوە، بەڵام زۆری نەبرد میسرییەکان شۆرشیان لە دژیان بەرپاکرد، ئەوەبوو محەممەد عەلی لە ساڵی ١٨٠٥ی.ز بوو بە والی میسر.

پاشان بانگی سەربەخۆییدا و دەستیکرد بە ئەنجامدانی چەندنین چاکسازی بەتایبەتی لە بوارەکانی سوپایی و سەربازی و خوێندن و فێرکردن و چاپەمەنی و ڕێگا و هۆیەکانی هاتووچۆ و ڕژێمی زەوی و زار و کشتوکاڵ و بازرگانی و پیشەسازی، تا میسر وای لێهات بوو بە وڵاتێکی پێشکەوتوو.

محەممەد عەلی سنووری دەوڵەتەکی فراوان کرد، ئەوەبوو لە سەر داوای سوڵتان مەحموودی دووەم، لەشکرێکی لەژێر فەرماندەیی ئیبراهیم پاشای کوڕیدا لە ساڵی (١٨١٨ی.ز) ناردە سەر نیمچە دوورگەی عەرەب و داگیری کرد.

دواتر لە ساڵی (١٨٢٠ی.ز) لەشکرێکی تری بەسەرکردایەتی ئیسماعیل پاشای کوڕی ناردە سەر سۆدان-سوودان داگیری کرد.

هەروەها هێزەکانی میسر لەژێر فەرماندەیی ئیبراهیمی کوڕیدا لەساڵی (١٨٣١ی.ز) دەستیان بەسەر شامدا گرت.

ئەم پێشکەوتن و فراوانبوونەی دەوڵەتەی میسر وای لە هەریەکە لە دەوڵەتانەی (عوسمانی و ئەورووپییەکان بە تایبەتی بەریتانیا و ڕووسیا و نەمسا و پڕوسیا و فەڕەنسا) و تەنانەت قاجاڕیەکانیش کرد کە دژایەتی بکەن.

ئەوەبوو بەریتانیا عەدەنی داگیرکرد و جەنگی نێوان هێزەکانی میسر و هێزەکانی عوسمانی دەستیپێکرد، (شەڕی نەسیبین) لە ڕۆژئاوای کوردستان ساڵی ١٨٣٩ی.ز ڕوویدا و هێزەکانی میسر بە سەرکردایەتی ئیبراهیم پاشا تیایدا سەرکەوتن، دوای ئەم سەرکەوتنانە بەریتانیا بڕیاریدا بە توندی لە ڕووی محەممەد عەلیدا بووەستێ، ئەوەبوو لە ساڵی (١٨٤٠ی.ز)دا دەوڵەتی عوسمانی و بەریتانیا و ووسیا و نەمسا و پڕوسیا (پەیمانی لەندەن)یان بەسەردا سەپاند و بە پێی ئەم پەیمانەش چارەنووسی محەممەد عەلی دیاری کرا، محەممەد عەلی پەیمانەکەی ئیمزا کرد کە دەبێت دەسەڵاتی لەناو سنووری میسردا بمێنێتەوە و فەرمانڕەوایی لە بنەماڵەکەیدا پشتا و پشت بێت.

تعليقات