بەشی سی و پێنجەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی ژینۆساید:

بەشی سی و پێنجەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی ژینۆساید:


بەهۆی ئەو تاوانە گەورانە و کۆمەڵکۆژیانەوە، کە لە دژی مرۆڤایەتی ئەنجامدرا، چ لە نێوان جەنگی دووەمی جیهانی یان لە دووای جەنگەکە، کە بە ملیۆنان مرۆڤ بوونە سووتەمەنی سیاسەتی ڕەگەزپەرستان بۆ لەناوبردنی نەتەوە ژێردەستەکان.

جا بۆ ئەوەی ڕێگا لە دووبارە بوونەوەی شەڕ و نەهامەتییەکان بگیردرێت، هەر لەم چوارچێوەیەدا کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە دەسپێکی ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی تاوانی ژینۆسایددا بە بڕیاری ژمارە (٩٦)ی ڕۆژی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٤٦ی.ز بە پێی یاسا، ژینۆسایدیی بە تاوانێکی نێودەوڵەتی داناوە، چونکە ئەو تاوانە پێچەوانەی ئامانجەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانە.

لەبەر گرنگی ئەو ڕێککەوتننامەیە، ئاماژە بە ناوەڕۆکی مادە گرنگەکان دەکەین:

مادەی یەک: لایەنەکانی ڕێککەوتننامەکە ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە ژینۆساید تاوانێکی نێودەوڵەتییە، چ لە کاتی شەڕ یان لە ئاشتیدا ئەنجامدرابێت، بۆیە بەڵێنی قەدەغەکردنی تاوانی ژینۆساید و سزادانی ئەنجامدەرانیان داوە.

مادەی دوو: ژینۆساید ئەم تاوانەی خوارەوە دەگرێتەوە، کە بە مەبەستی لەناوبردنی بەشێک یان کۆمەڵە نەتەوەیەک یان ڕەگەزێک ئەنجام درابێت، بریتین لەمانە:

١. کوشتنی ئەندامانی کۆمەڵێک.
٢. زیان پێگەیاندنی جەستەیی یا گیانی بە ئەندامانی کۆمەڵێک.
٣. جیاکردنەوەی کۆمەڵە خەڵکێک لە هەل و مەرجێکی بژێوی دژوار و سەخت، بۆ لەناوبردنی بەشێکیان یان هەموویان.
٤. کۆسپ دانان لە بەردەم زیادبوون واتە: (زاوزێ) لە کۆمەڵێکدا.
٥. دابڕینی منداڵان لە دایک و باوکیان واتە: (خێزان)، بۆ کۆمەڵێکی تر.
مادەی سێ: ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانەی خوارەوە سزا دەدرێن.

١. ئەنجامدانی ژینۆساید.
٢. پیلان گێڕان بۆ ئەنجامدانی ژینۆساید.
٣. هاندانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ ئەنجامدانی ژینۆساید.
٤. هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی ژینۆساید.
٥. بەشداریکردن لە ژینۆساید.

مادەی چوار: هەر تاوانێک لەو تاوانانەی کە لە مادەی سێدا ئاماژەی پێکراوە بە پێی ڕێککەوتننامەکە سزا دەدرێن، ئینجا ئەو کەسانە دەسەڵاتداری دەستووری یاخود فەرمانبەری گشتی یان خود تاکی ئاسایی بن.

ئەنجامدەرانی تاوانەکە لە هەر پۆستێک بن لەوانەی ئاماژەی پێکراوە، پارێزراو نابن (حصانة)، لەو تاوانانە نابەخشرێن.

مادەی پێنج: هەموو ئەو وڵات و لایەنانەی کە ڕێککەوتننامەکەیان مۆر کردووە، پابەندی خۆیان و وڵاتەکانیان دووپات کردووەتەوە بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ڕێککەوتننامەکە، بەتایبەتی سزادانی ئەنجامدەرانی تاوانی ژینۆساید و هەر تاوانێک لەو تاوانانەی مادەی سێ.

مادەی شەش: ئەنجامدەرانی هەر تاوانێک کە لە مادەی سێی تاوانی ژینۆسایددا هاتووە، لەبەردەم دادگایەکی ناوخۆی تایبەتی ئەو وڵاتەی کە تاوانەکەی لەسەر خاکەکەی ئەنجامدراوە دادگایی دەکرێن، یا خۆد لەبەردەم دادگایەکی تاوانی نێودەوڵەتی دادگایی دەکرێت، ئەگەر نەتوانرا لە دادگایەکی ناوەخۆ دادگایی بکرێت.

مادەی حەوت: ئەو تاوانانەی کە لە مادەی سێی ژینۆساید، ئاماژەی پێکراوە بە تاوانی سیاسی دانانرێت و ئەنجامدەرانی تاوانەکە ناتوانن لە وڵاتانی تر مافی پەنابەری سیاسی وەربگرن، چونکە ئەو دەوڵەتانەی ئەندام لەم ڕێککەوتننامەیە بەڵێنیان مۆرکردووە، کە تاوانبارانی ژینۆساید و تاوانەکانی تریش ڕادەستی وڵاتەکانیان بکەنەوە.

مادەی هەشت: هەر لایەنێکی ڕێککەوتننامەکە بۆی هەیە داوا لە دامەزراوە تایبەتمەندەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بکات، کە بەپێی پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان هەر ڕێوشوێنێکی گونجاو بگرێتەبەر بۆ قەدەغەکردن و سەرکوتکردنی تاوانەکانی ژینۆساید یاخود هەر تاوانێک لە تاوانەکانی مادەی سێی ڕێککەوتننامەکە.

مادەی نۆ: لەسەر داوای هەر لایەنێکی ناکۆک بۆ کێشەکانی نێوان ئەندامانی رێککەوتننامەکە دەتوانرێت داوا لە دادگای نێودەوڵەتی بکرێت، پەیوەست بە شیکردنەوە یاخود جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێککەوتننامەکە یاخود پەیوەست بەو کێشانەی پەیوەندی بە لێپرسراوێتی هەر دەوڵەتێکەوە هەیە لە بواری ژینۆساید یا خود هەر تاوانێک لەو تاوانانەی لە مادەی سێی ڕێککەوتننامەکەدا هاتووە.

مادەی دە: بەپێی ڕێککەوتننامەی بەسەر نەچوونی تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی، تاوانی ژینۆساید بە تێپەڕبوونی کات بەسەرناچێت.

واتە تاوانی ژینۆساید چەند کۆنیش بێت، بەسەرناچێت و ئەنجامدەرانی دادگایی دەکرێن.

ژینۆساید لە یاسای نێودەوڵەتی وەکوو تاوانێکی سەربەخۆ، کە تایبەتمەندی جیاوازی هەیە لەگەڵ تاوانەکانی تر، بۆیە لە تاوانی ژینۆساید دوو پێکهاتەی زۆر گرنگ هەیە:

١. ئامانج: ئەم تاوانە لە تاوانی تر جیاوازە، چونکە مەبەستی سەرەکی ژینۆساید لەناوبردنی بەشێک یا سەرجەمی کۆمەڵە مرۆڤێکە، بۆیە ئامانجی نەهێشتنی کۆمەڵە مرۆڤێک، بەشێکی بێت یا سەرجەمی، تایبەتمەندی بە ژینۆساید دەدات و لە تاوانی دیکەی جیا دەکاتەوە.

٢. لە ڕووی ژمارە: لەبەر ئەوەی ژینۆساید، ئامانجی لەناوبردنە، بۆیە ژمارەی قوربانیان لەبەر چاو ناگیردرێ، کەواتە تەنیا پێشنیارکردن بۆ لەناوبردنی هەر کۆمەڵە مرۆڤێک بێت، ئیدی مەبەستەکە دروست دەبێت.

ئەنجامدانی تاوانەکەش مەرج نییە، ژمارەی قوربانی زۆری هەبێت، کەم و زۆر گرنگ نییە و لەبەرچاو ناگیردرێت بۆ دیاریکردنی تاوانی ژینۆساید، وە ئەنجامدەرانی تاوانەکە مەبەستە.



تعليقات