سەرهەڵدانی شۆڕشی فەڕەنسا و ئەو هۆکارە گرنگانەی کە بوونە دەستپێکی ئەو شۆڕشە:

سەرهەڵدانی شۆڕشی فەڕەنسا و ئەو هۆکارە گرنگانەی کە بوونە دەستپێکی ئەو شۆڕشە:

شۆڕشی فەڕەنسا لە سەردەمێکدا ڕوویدا کە گۆڕانکاری بنچینەیی لە قەبارەی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەو وڵاتەدا هاتبووە ئاراوە، کە بە هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پاشایەتی بۆ کۆماری کۆتایی پێ دەهات، بەڵام کاریگەرییەکانی ئەم شۆڕشە لەسەر دونیایی ئەمڕۆ بە ڕوونی و ئاشکرا دیارە.

سیستەمی فیودالیزم و کەم دەرامەتی و…هتد وای کرد خەڵک بۆ شۆڕشێکی لەپێشینە خۆی ئامادە بکات، شۆڕشی فەڕەنسا دژایەتییەک بوو دژ بە دەسەڵاتی پشتاوپشتی پاشایەتی و خوشگوزەرانی ئەو خان و بەگزادە و ئاغایانەی کە ژیانی ئاسایان لە خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت تێکدابوو و تیکۆشانێکیش بوو بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و یەکسانی، کە لە کۆتایدا توندوتیژی و کۆمەڵکۆژی لێکەوتەوە و جەنگ و شەڕەکانی ((ناپۆلیۆن بۆناپارت))یش هاتە ئاراوە و پاشانیش سیستەمی پاشایەتی سەریهەڵدایەوە.

ئەو هۆکارانەی کە بوونە هۆی ئەوەی شۆڕشی فەڕەنسا سەرهەڵبدات:

شۆڕشی فەڕەنسا، هەڵسووڕانێک بوو لەو وڵاتەدا کە فەڕەنسای لە ساڵی ١٧٨٩ەوە تاکوو ١٧٩٩ی.ز تووشی ڕووداوگەلێکی کاریگەر کرد و ئەم ڕووداوانە لە ساڵی ١٧٨٩ی.ز گەیشتە ئەوپەڕی خۆی و هەر لەبەر ئەمەشە کە سەر هەڵدانی شۆڕشی گەورەی فەڕەنسا بە ساڵی ١٧٨٩ی.ز ناوی دەرکردووە.

ناتوانرێت هۆکارێکی دیار بۆ ئەم شۆڕشە گەورەی فەڕەنسا دەستنیشان بکرێت و بگوترێت تەنیا لەبەر یەک هۆکار ئەو شۆڕشانە ڕوویداوە، بەڵکوو هۆکارگەلێکی جیاواز دەستیان داوەتە دەستی یەکەوە و بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی وڵاتی فەڕەنسا.

وڵاتی فەڕەنسا پاش شەڕەکانی سەدەی ١٨ی.ز و ئەو قەرزە گەورە و قورسانەی کە کردبووی و ناکارامەی دەسەڵات و شکستی سوپای پاشا، بارودۆخی ئەو وڵاتەی بەرەو هەڵدێر برد، بەگشتی بارودۆخی ئابووری ناجێگیر و قەرزە کەڵەکەبووەکان هۆکاری تێکچوونی شیرازەی ئەو وڵاتە بوون.

سەرباری گوشاری ئابووری ناجێگیر لەسەر خەڵکەکە، چینی دەوڵەمەند، بەتایبەتی لویسی شازدەیەم و ماری ئانتوانت لە “وەرسا” دەستیان بە ئابووری و داهاتی ئەو وڵاتەوە نەدەگرت.

بەرزبوونی ڕێژەی بێکاری و زیادبوونی نرخی نان بووە هۆی ئەوەی خەڵک دەرامەتی خۆی لە خواردندا خەرج بکات و هەلی گونجاوی نەبێت تا داهاتی خۆی لە بەشەکانی دیکەی ئابووریدا ببینێتەوە.

-ئابڵۆقەی ئابووری و کەمی خواردەمەنی، تووشبوونی خەڵک بە نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان هۆکارێکی گەورەی دیکە بوو بۆ لەناوچوونی خەڵک.
-بێزاری لە دەسەڵاتی پشتاوپشتی پاشایەتی.
-ناڕەزایەتی خەڵکی شار و شارۆچکەکان و کرێکاران لە ئاغاکان و بەگزادەکان.
-تووڕەیی خەڵک لە دەسەڵاتی راهیبەکان-کەسە ئاینییەکان (داوای ئازادی دینیان لێ دەکردن).
-مەیلی خەڵک بە ئاراستەی ئازادی و دەسەڵاتی کۆماری.
-تووڕەی خەڵک لە دەست پاشا بەهۆی دەرکردنی سیاسەتوانانی وەک (ژاک نکر-Jacques Necker) کە بۆ مافی خەڵکی دەکۆشا.
-ناتوانی لویسی شازدەیەم و دەسەڵاتەکەی بەرامبەر ئەم هەموو کێشانەی کە باسمان کردن.

تووشبوونی پاشا بە بارودۆخێکی ناهەموار:

کێبڕکێی ئابووری توند لە کۆتایەکانی ساڵی ۱۷۰۰ی.ز سێبەری خستبووە سەر وڵاتی فەڕەنسا و یارمەتی دانی فەڕەنسا بە ئەمریکا و زێدەڕۆییەکانی لویسی شازدەیەم و دەسەڵاتدارانی پێش ئەو، ئەو وڵاتەی بەرەو شکستی ئابووری برد و لویسی شازدەیەمیش بەناچاری داوای یارمەتی ماڵی لە ڕاوێژکارانی ئابووری وڵاتەکەی خۆی دەکرد.

تەواوی ئەو خەڵکە یەک داواکاریان هەبوو، هەموویان گەیشتنە ئەو ئاکامەی کە وڵاتی فەڕەنسا پێویستی بە ڕێگەچارەیەکی نوێیە بۆ دەستنیشانکردنی داهاتی نەتەوەیی.

پاشا یەکەم جار ئەم پێشنیارەی قبۆڵ نەکرد و لە کۆتایدا ملکەچی بڕیاری خەڵکی وڵاتەکەی بوو و بە گوێرەی بڕیارە نوێیەکەش پارە و داهات و سامانی لەو بەرپرس و کاربەدەست و میر و بەگزاداە و ئاغایانە وەردەگرت کە لەوە پێشتر بڕیاری دانی داهات و سامانیان لەسەر نەبوو، بەڵام ئەوان ئەم بڕیارانەیان قبوڵ نەکرد و لەو شوێنەی کە ڕاهیبەکان-کەسە ئاینییەکانی ئەو سەردەمە وا بڕیاریاندابوو کە پێویستیان بەدانی داهات و سامان نییە، دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ پەیداکردنی چارەسەرێکی گونجاو بۆ کەسە ئاینییەکان کارێکی دژوار بوو.

ناڕەزای گشتی خەڵک:

وڵاتی فەڕەنسا دابەشببووە سەر سێ چینەوە:

بەگزادەکان و کەسە ئاینییەکان و کومەڵگای خەڵکی مامناوەند، هەرچەندە چینی سێیەم بەشێکی زۆری خەڵکی فەڕەنسایان پێکدەهێنا، بەڵام دوو چینەکەی یەکەم کە باسمان لێیەوە کردن لە چینی سێیەم دەستڕۆێشتووتر و لەپێشینەتر بوون.
ئەم نادادپەروەریە بووە هۆی دەرکەوتنی جیاوازی لە کۆمەڵگادا و چینی سێیەم توانیان (( کومەڵەی نەتەوەیی)) دابمەزرێنن، هەندێک لە ئەندامانی چینی یەکەم و دووەم خۆیان خزاندە ناو گرووپی شۆڕشگێڕانی تازە دامەزراوەوە. کومەڵەی نەتەوەیی پەیمانیان بەیەکدا تا کاتی هەموار کردنەوەی دەستوور لە یەک جیا نەبنەوە.

هێرشکردنە سەر قەڵای باستیل و سەردەمی ترسە گەورەکە:

هەرچەندە خەڵکی پاریس خۆشحاڵ بوون لە کەم بوونەوەی دەسەڵاتی پاشا، بەڵام هەندێک گومان هەبوو لەسەر کوودەتای نیزامی لەو وڵاتەدا، بۆیە دڵەڕاوکێی لای خەڵک دروست کردبوو، ترسێکی دیکەش بوونی هەبوو لەسەر پیلانی ئاغاکان بۆ دروستکردنی بارودۆخێکی برسییەتی لەو وڵاتەدا، ئەم کارەش بووە هۆکاری ناولێنانی ئەم سەردەمە بە ((ترسە گەورەکە))، لە کۆتایشدا گرووپێک لە شۆڕشگێڕەکان پێکەوە بەرەیەکی یەکگرتوویان پێکهێنا تاکوو هێرش بکەنە سەر قەڵای باستیل بۆ ئەوەی دەستبگرن بەسەر چەک و تەقەمەنی و بارووت لە قەڵاکەدا، زۆرێک لە خەڵک ئەم هێرشکردنە سەر قەڵای باستیلە بە دەستپێکی شۆڕشی فەڕنسا دەزانن، ڕۆژێکی پشووی نەتەوەی لەو وڵاتە دیارکراوە بەناوی دەستبەسەرداگرتنی قەڵای باستیل. ئەم شۆڕشە دزەی کردە ناو ئەو شار و شارۆچکە و ناحیانەوە کە لەلایەن بەگزادە و ئەشرافەکانەوە ساڵانێک بوو دەستیان بەسەردا گیرابوو، شۆڕشگێڕان ئاگریان لە ماڵی ئەرباب و پاسەوانانی کۆکردنەوەی ماڵیات و داهات بەردا، ئەم شۆڕشە بووە هۆکاری وەدرنانی ئەو دەسەڵاتدار و بەگزادە و ئاغایانە کە حوکمی ئەو وڵاتەیان بەدەستەوە گرتبوو، تا لە ساڵی ١٧٨٩ی.ز بۆ هەمیشە کۆتایی بە دەسەڵاتی فیوداڵیزم لەو وڵاتەدا هات.

هەڵاتنە سەرنەکەوتووانەکەی پاشا:

لویسی شازدەیەم و مەلەکە ماری ئانتوانت بڕیاری هەڵاتنیان لە شاری پاریسدا و تاکوو ئازادی خۆیان دەستەبەر بکەن و ئاسیاشی گیانیان پارێزراو بێت، بەم هۆیەش بنەماڵەی پاشا لە ٢٠ی ژوئەنی ساڵی ١٧٩١ی.ز، جلکی خزمەتکارانیان لەبەر کرد و جلەکانی خۆیان کردە بەر خزمەتکاران، بەم فێڵ و پیلانەوە توانیان لە “کۆشکی تویلری” هەڵبێن و خۆیان دەرباز بکەن، ئێستاش کە ئێستایە خەڵک دەتوانن بچن سەردانی ئەو کۆشکە بکەن بۆ دیتنی کەرستە و شێوازی ژیانی ئەو سەردەمە، ڕۆژی دواتر پاشا لە نزیکی (Varennes) ناسرایەوە و دەستبەسەر کرا و بە بنەماڵەوە گەڕێندرانەوە بۆ شاری پاریس.

جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ و شارۆمەندی:

کۆمەڵەی نەتەوەیی، بڕیارنامەیەکی لە یاسای دیمۆکراتی لە ژێر ناوی (( جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ و شارۆمەندی)) ڕێکخست کە لەژێر بۆچوونی فەلسەفەی سیاسی ڕووناکبیرانێکی وەک “ژان ژاک ڕۆسو”. ئەم بەڵگەیە گەواهیدەری پەیمانی کۆمەڵەی نەتەوەیی بوو تا جێگرەوەیەک بۆ ڕژێمی پێشوو بدۆزێتەوە لەسەر ڕەخساندنی یەکسانی و ئازادی بیروبۆچوون و دانی دەسەڵات بە خەڵکی ئاسایی، بەڵام ژنان و کوێلەکان لەم مافانە بێبەش بوون. نووسینی یاسای ڕەسمی پێویستی بە داڕشتنەوەیەکی جوان هەبوو بۆ نموونە ئەم بۆچوونە هاتبووە ئاراوە کە کێ دەبێت ببێتە بەرپرسی نوێنەرە هەڵبێژردراوەکان. یان ئەوەی کە دەبێ تا چ جێگایەک دەسەڵات بدرێت بە پاشای هەڵاتوو، چونکە دەسەڵاتی پاشای هەڵاتوو پاشی هەڵاتنەکەی کەمتر کرا ببووەوە. لە کۆتایدا یاسای دەستووری فەڕەنسا لە ساڵی ١٧٩١ی.ز نووسرایەوە. بەگوێرەی ئەم یاسایە پاشایەتی بەمەرج دەتوانێ حوکمی وڵات بکات و “مافی ویتۆ” کردنی هەبوو و دەیشیتوانی وەزیرێک بۆ خۆی دەستنیشان بکات. بەڵام سوودەکانی ئەم یاسایە بەدڵی هەندێک شۆڕشگیڕی بەتوانا نەبوو وەک: «ماکسی میلیان رۆبسپیر» و «ژرژ دانتون» کە بەشوێن دەوڵەتێکی کۆماری و دادگای کردنی لویسی شازدەیەمدا دەگەڕان.

زێدەڕۆی لە شۆڕشی فەڕەنسادا:

((کۆمەڵەی یاسادانان)) کە تازە هاتبووە ئاراوە، لەساڵی ١٧٩٢ی.ز شەڕی دژ بە نەمسا و پرۆس ڕاگەیاند، لەبەر ئەوەی وای بۆ دەچوون کە پەنابەرانی فەڕانسەوی لەو وڵاتانە خەریکی دامەزراندنی گرووپێکی دژبە شۆڕشگێڕانن. ئەوان هیوایەتیان ئەوە بوو کە بتوانن بە ئاکامەکانی ئەو شۆڕشە جەنگێکی-شەڕێکی گەورە لە تەواوی ئەورووپا ڕابگەینن. لە هەمان کاتدا گرووپێک لە شۆڕشگێران لە سنوورەکانی ناوەوەی وڵات بە ڕابەری ((ژاکبۆنەکان)) چوونە شوێنی نیشتەجێیبوونی پاشا و هێرشیان کردە سەری و تا لە ساڵی ١٧٩٢ی.ز دەستبەسەر کرا. شۆڕشگێڕەکان سەدان نەفەر لەو کەسانەیان کۆمەڵکۆژکرد کە بە دژبەری شۆڕش ناوزێدکرابوون و لەو سەردەمەدا کۆمەڵەی یاسادانانیش جێگرەوەی (( پەیمانی نەتەوەیی فەڕەنسا)) بوو کە پەیمانی هەڵوەشاندنەوەی پاشایەتی و مانەوەی شۆڕش وەکوو خۆی بەجێ بگەینێت.
لە کۆتایدا لە ساڵی ١٧٩٣ی.ز لویسی شازدەیەمیان بە بۆنەی خیانەت بە وڵات بە مەکینەی سەربڕین سەربڕی و پاش نۆ مانگیش هاوسەری لویسی شازدەیەم (ماری ئانتوانت)یش بە هەمان شێوە لەسێدارە درا.

سەردەمی ترس و دڵەڕاوکێ:

پاش لە سێدارەدانی پاشا، شەڕ لەگەڵ وڵاتە زلهێزە جیاوازەکانی ئەورووپایی وەکوو ئیسپانیا و هولەندا و بەریتانیا هاتە ئاراوە، چەند گرووپێک لە ناو پەیمانی نەتەوەیی بوونەنە هۆی ئەوەی تا شۆڕشی فەڕەنسا ئاراستەی خۆی بگۆڕێت و بگاتە ئاستی دڕندەی خۆی. ژاکبۆنەکان، کونتڕۆڵی پەیمانی نەتەوەیییان لە کۆماریخۆازەکانی وەک ژروندنەکان بەدەستەوە گرت و کردەوەگەلێکی زێدەڕۆیانەی زیادیان ئەنجامدا وەک: دروستکردنی ساڵنامەی نوێ و بنبڕکردنی ئایینی مەسیحیەت. ئەوان ناوبانگی سەردەمی “١٠مانگە” ((سەردەمی توندوتیژی))یان هێنایە ئاراوە و هەرکەسێکی گومانلێکراوی دژبە شۆڕشیان بدۆزیباتەوە ئەوا بە مەکینەی سەبڕین لە سێدارەیان دەدا. پتر لە ١٧.٠٠٠٠ هەزار کەسیان لە دادگا مەحکەمە کرد و لە سێدارەیاندا و زۆرکەس بە شاراوە و نادیار لە گرتووخانەکان گیانیان سپارد و بێ مەحکەمە لە دادگا بڕیاری نابەجێیان بەسەردا سەپێنرا. زۆرترینی ئەم کوشتارانە بە فەرماندەیی و دەستووری ((ماکسی میلیان رۆبسپیر)) ئەنجام دەدرا و ساڵی ١٧٩٤ی.ز یش بە دەستپێکی سەردەمی ترمیدۆر (Thermidorian Reaction) دەزانرێت. لە کۆتایدا بە ناڕەزایی خەڵکی ئەو وڵاتە ئەو زێدەڕەویانە بەرەو کەمی دەڕۆیشت.

کۆتایی هاتنی شۆڕشی فەڕنسا: هاتنە سەر دەسەڵاتی ناپلیۆن:

لە ساڵی ١٧٩٥ی.ز، زۆرترین ئەندامی پەیمانی نەتەوەیی لە ((ژیرۆندەکان)) پێکهاتبوو، کە لە سەردەمی دڕندەیەکەدا بە سەلامەتی ڕزگاریان ببوو و یاسایەکی نوێیان هێنایە ئاراوە کە یەکەمین سیستەمی یاسادانانی دوو پەڕلەمانی بوو لە وڵاتی فەڕەنسا. لەو سەردەمە، هێزی جیبەجێکار لە ٥ ئەندام پێکدەهاتن بەناوی دیراکتۆر(Directoire) کە لەلایەن ئەندامانی پەڕلەمانەوە هەڵبژێردرابوون. ژاکبۆنەکان و لایەنگرانی شاهەنشاهی دژایەتی ئەم یاسا نوێیەیان دەکرد، بەڵام ((ژێنەڕاڵ-جێنەڕاڵ ناپلوێن بۆناپارت))ی گەنج و سەرکەوتوو بە خێرایی ناڕەزایەتی ئەوانی لە ساواییەوە بنبڕ کرد. ئەندامانی دیراکتۆر پاش ماوەیەک تووشی قەیرانی ماڵی و ناڕەزایەتی خەڵک و بە زۆریش فەسادی سیاسی بوونەوە و لە کۆتایی ساڵی ١٧٩٠ی.زیشدا بۆ مانەوەی هێزەکانیان خۆیان بە ئەرتەشەوە گرێدا. لە ساڵی ١٧٩٩ی.ز پاش سەرهەڵدانی ناەڕەزایەتییەکی زۆر، ناپلیۆن کوودەتایەکی ڕێکخست و ڕژێمی دیراکتۆری ڕووخاند و خۆی کرد بە یەکەم بالیۆزی وڵاتی فەڕەنسا. ئەم کارە، بە کۆتایی شۆڕشی فەڕەنسا و دەستپێکی سەردەمی ناپلیۆن دێتە ئەژمار کە فەڕەنسا توانی لەو کاتەدا، زۆرترین ناوچەی ئەورووپا داگیر بکات.

کاریگەرییەکانی شۆرشی فەڕنسا لە سەر وڵاتانی دیکە:

پاش هاتنە سەر دەسەڵاتی ناپلیۆن، ئازادی سیاسی بە خەڵک نەدرا؛ بەڵام زۆربەی ئەو ئاڵوگۆڕە سیاسیە باشانەی کە شۆڕشی فەڕەنسا لەگەڵ خۆیدا هێنابووی وەکوو خۆی مابووەوە بۆ نموونە: هەموو خەڵک بەرانبەر یاسا مافێکی یەکسانیان هەیە و مافی کار کردنیش تەنیا بۆ کەسانی خاوەن دەسەڵات و کاربەدەست نییە و پەیوەندە بە لێهاتووی کەسەکەوە.
ڕاهیبەکان و ئاغاکان و بەگزادەکان ئیدی لە کەسە گرنگەکانی ناو کۆمەڵگا نەدەهاتنە ئەژمار و چینی بۆرژوا بوونە جێگرەوەی ئەوان.

ئەمڕۆ بە تێپەڕبوونی چەند سەدە لە سەردەمی ناپلیۆن، کاریگەرییەکانی ئامانجەکانی شۆڕشی فەڕەنسا لەسەر شێوەی ژیانی خەڵکی بە ڕوونی دیارە. ئەم گۆڕانکاریانە زیاتر لە وڵاتانی ئەورووپایی و ئەمریکا و کەنەدا و ئەوسترالیا بەرچاو دەکەوێت کە بە شێوەیەکی دیمۆکراتیک بەڕێیەوە دەبرێن. خەڵک لە هەڵبژاردنی ڕابەران و شێوەی خۆبەڕێیەوەبردندا نەخشیان هەیە و لە مافی یەکسانی و ئازادی دەربڕیندا خاوەنی بڕیاری خۆیانن. زۆرێک لە خەڵک شۆڕشی فەڕەنسا بە ڕووداوێکی گرنگ دەزانن چۆنکە گرنگی بە ئایدیۆلۆژییەکان داوە، بەگشتی دەتوانین بڵێین شۆڕشی فەڕەنسا لە ڕووداوە هەرە گەورەکانی مێژووی پاریسە. ئەم شۆڕشە کۆتایی بە سیستەمی پشتاوپشتی پاشایەتی و فیوداڵی هێنا و ئاراستەی ئازادی و شارۆمەندی و دیمۆکراسیەتی بۆ خەڵکی بەدیهێنا. هەرچەندە شۆڕشی فەڕەنسا نەیتوانی بەتەواوەتی خاڵە گرنگەکانی ئەو شۆرشە بەجوانی جێبەجێ بکات، بەڵام زۆرێک خەڵک لەو رێگایەدا گیانی خۆیان بەخت کرد، بەڵام ئەو ڕەوتە، کاریگەری گرنگی هەبوو لە کۆمەڵگا پیشکەوتووەکان و هێزی خواستی کۆمەڵانی خەڵکیشی بە جیهان پیشاندا.

مافی ئەم بابەتە پارێزراوە بۆ ماڵپەڕی کوردزانست

تعليقات