بەشی پەنجا و شەشەمی ئەدەب؛ شێخ محەممەدی عەبدە (١٨٤٩-١٩٠٥):

شێخ محەممەدی عەبدە کوڕی شێخ حەسەن خێروڵڵای کوردییە، باوکی هەر بە ناوبانگی کوردییەوە ناوی دەرکردبوو.

وڵاتە خۆشەویستەکەمان جێی نزرگەی پیاو چاکان و زانایان و پاڵەوانان و قارەمانانە و گەلێک ڕۆڵەی زیرەک و بەهۆش و پڕ زانست و زانستخوازی پەروەردە کردووە، وە بە هۆی ئەوەی کە زاناکانمان بە دوای زانست و خوێندندا وڵاتیان بەجێ هێشتووە و لە ناو وڵاتەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەواتا لە ناو وڵاتە موسڵمانەکاندا بڵاوبوونەتەوە، گەلێک زانا و بلیمەتمان هەیە کە لە دەرەوەی وڵات لە دایک بوون و بەڵام پەیوەندی ئایینی ئیسلامی پیرۆز و گیانی برایتی و خۆشەیستی وای لێ کردوون کە خۆیان بە بێگانە نەزانن و هەوڵ و کۆششیان بریتی بێ لە خزمەتی زانست و زانستخوازی و ڕێی ڕاست پیشاندان بۆ هەموو هاوڵاتیان و هاوبیر و باوەڕانیان.

شێخ محەممەد عەبدە یەکێکە لەوانە کە هەتاهەتایە وەک ئەستێرەی پرشنگدار لە ئاسمانی مۆرڤایەتی و ئیسلامیدا دەدرۆشێتەوە.

شێخ محەممەدی عەبدە کوڕی شێخ حەسەن خێروڵڵای کوردییە، باوکی هەر بە ناوبانگی کوردییەوە ناوی دەرکردبوو، محەممەد عەبدە لە گوندی (شترا) لە وڵاتی میسر هاتووەتە دونیاوە، لە پاش خوێندنی قورئان و سەرەتایی زانیاریی عەرەبی، چووەتە (طنطا) پاشان بۆ (زانکۆی ئەزهەر) لە قاهیرە، ئیزنی زانایی لە ئەزهەر وەرگرتووە، پاش وەرگرتنی دبلۆمی/دیپلۆمی زانستی لە دام و دەسگای دەوڵەتدا کاری کردووە.

بەهۆی ئەو بیروباوەڕە تازە و پێشکەوتوویەکەیەوە، کە هەیبووە دوور خراوەتەوە بۆ گەلێک شوێن.

بەتایبەتی لەبەر ئەوەی کە لە مەشخەڵ هەڵگرەکانی شۆڕشی (عرابی پاشا) بووە، ئیدی لە میسر جێی نەبووەتەوە و چووە بۆ سووریا، لەسەرداواکردنی مامۆستا خۆشەویستەکەی (جمال الدین ئەفغانی) چووە بۆ پاریس و لەوێ پێکەوە (عروة الوثقی)یان دەرکردووە، پاشان گەڕاوەتەوە بۆ (بێروت) و ئینجا بۆ میسر.

لە گەلێک پایەی دەوڵەتیدا کاری کردووە، تا لە دواییدا کراوە بە (موفتی/مفتی دیاری میسر)ی و لەم ئەرکەیدا ماوەتەوە تا ساڵی ١٩٠٥ لە ئەسکەندەرییە بە نەخۆشی سەرەتانی دڵ کۆچی دووای کردووە و لە قاهیرە نێژراوە.

شێخ محەممەدی عەبدە یەکێکە لە پیاوە زانا هەرە بەرزەکانی سەدەی نۆزدەیەم لە جیهانی دەرەوەدا.

بیروباوەڕ و زانیارییەکەی لە هەموو لایکەوە بە پەنجە ئاماژەی بۆ دەکرا، کە (جمال الدین) ئەفغانی شوێن هەواری گواستەوە بۆ میسر، شێخ محەممەد عەبدە بوو بە قوتابییەکی دڵسۆزی ئەو و ئەویش بوو بە مامۆستایەکی جگەر سۆزەی ئەم لە هەموو ڕوویەکەوە، ئەو وانە وەرگرتنەوەی لەو مامۆستا بەرزەی کردیە کارێک کە ئاسۆی بیروباوەڕی ئەوەندەی تر فراوان بێتەوە و ڕوون بێتەوە، لە ماوەی ژیانیدا داواکاری ڕێکۆپێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بووە لە جیهانی ئیسلامیدا، دوو باوەڕی بەرز لە مێشکی (شێخ محەممەد عەبدە)دا چەسپی بوو، یەکێک پێویستی بە نێوانی حکوومەت و گەل.

کە حکوومەت دەبێت داد و عەدل بەرامبەر بە گەل بنوێنێت و گەلیش دەبێت فەرمانبەرداری ئەو حکوومەتە بکات، جگە لەمانەش لەگەڵ هاوڕێکەیدا قاسم ئەمینی کورد یەکێک بوو لە داواکەرانی ئازادی بۆ ئافرەت.

ئەم بیروباوەڕانەی بوو کە لاپەڕەی ڕۆژنامەکانی میسر و سووریا و پاریس باوەشیان بۆ دەگرتەوە، هەر ئەم بیروباوەڕانەی بوو کە جێگای پێ لەق دەکرد لە وڵاتی میسردا.

شێخ محەممەد عەبدە بێجگە لەو وتارانەی کە لە بارەی ئیسلامەوە لە ڕۆژنامەکاندا بەتایبەتی لە (الوقائع المصریە) و (عروة الوثقی)دا بڵاوی دەکردەوە ئەم بەرهەمانەی تریشی لە ماوەی ئەو تەمەنە کەمەدا لە شوێن خۆی بەجێ هێشتووە:

١- تەفسیری قرئان.
٢- رسالة التوحید.
٣- شرح نهج البلاغة.
٥- شرح مقامات بدیع الهمدانی.
٦- الاسلام و الرد علی منقدیة.
٧- الاسلام و النصرانیة مع العلم و المدنیة.
٨- الثورة العرابیة.

تێبینی: شێخ محەممەد عەبدە شارەزایی تەواوی هەبوو لە زمانەکانی دیکە وەک: فارسی و عەرەبی و فەڕەنسیدا.

لێکدانەوەی وشەکان:

جێ نزرگە: شوێن هەوار، شوێن.
زانا: دانا
دام و دەسگا: بەڕێوەبەرایەتی.
چەسپی بوو: جێگیربوو.

تعليقات