بەشی سی و حەفتەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ تاوانەکانی ژینۆسایدی گەلی کورد لە باشووری کوردستان:

بەشی سی و حەفتەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ تاوانەکانی ژینۆسایدی گەلی کورد لە باشووری کوردستان:


هەر وەک لە بەشی یەکەم ئاماژەمان پێکرد، لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقی داگیرکەر و لکاندنی باشووری کوردستان بە وڵاتی عەرەبی عێراقەوە، کێشەی کورد بووەتە کێشەی سەرەکی لەم وڵاتەدا.حکوومەتە یەک لە دووای یەکەکانی عێراق نکۆڵیان لە مافی گەلی کورد کردووە لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆی، سیاسەتێکی بەرنامە بۆداڕێژراویان داناوە بۆ تواندنەوەی نەتەوەی کورد لە بۆتەی (عەرەب بوون)دا، واتە: لە چێوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی عەرەبیدا.

لە ساڵانی ١٩٣٣تاکوو ١٩٣٤ی.ز بۆ دامرکاندنەوەی ڕاپەڕینی بارزان لە ناوچەکانی (بەڕۆژ و مزووری و شێروان)، (٧٩-حەفتا و نۆ) گوندیان وێرانکرد.لە سەرەتای هاتنە سەر حوکمڕانی داگیرکەرانی حەرەس قەومییەکان لە ساڵی ١٩٦٣ی.ز نزیکەی (٢٠٠-دووسەد) گوند سووتێندرا و زیاتر لە (٢،٠٠٠-دوو هەزار) کەسیش کوژران، هەر لەم ماوەیەدا بە سەدان کەس لە تەمەن و چین و توێژە جیاوازەکانی کورد دەستبەسەرکران.

لە دەشتی کەندێناوەی سەر بە پارێزگای هەولێر، ژمارەیەک گوند سووتێندران و وێرانکران.

لە دەورووبەری شاری کەرکووک نزیکەی (٤٠.٠٠٠-چل هەزار) کەس لە زێدی خۆیان دەرکران و خێڵی عەرەبیان لە جێگایان نیشتەجێکردن.

خوێندن بە زمانی زگماکی کوردی قەدەغەکرا، ناوی گوندە کوردییەکان بە عەرەبی کران.

ئەم تاوانانە ناوچەی شەنگالیشی بە چڕی گرتەوە، هەر وەک لە بابەتەکانی پێشوو ئاماژەمان پێکردووە.

لەساڵی ١٩٦٨ی.ز لە دووای دەست بەسەر دەسەڵات داگرتنی عێراق لەلایەن بەعسییەکانەوە تاوانەکە زیاتر تەشەنەیکرد.

لە ساڵی ١٩٦٩ی.ز سوپای عێراق هێرشی سەرتاسەری بۆ سەر ناوچە ئازادکراوەکان ڕاگەیاند، هەرچی کەوتە سەر ڕێگایان تاڵانیان کرد و ئاگریان تێبەردا، هەتا مرۆڤی ناوچەکەش لەو سووتاندنە ڕزگاریان نەبوو، تەنیا لە ئەشکەوتی (دەکا)، کە دانیشتوانی دوو گوندی ئەم ناوە لە ترسی سوپا خۆیان تێدا حەشار دابوو، (٦٧-شەست و حەوت) کەس، لە ژن و منداڵی لە ناو ئەشکەوتەکە بە دەستی بەعسی عێراقی بە زیندوویەتی سووتێندران.

لە ساڵانی (١٩٧١تاکوو١٩٧٣)ی.ز، عێراقییەکان دەستیان کردە تاوانی دەرکردنی کوردە فەیلییەکان بۆ ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها سەندنەوەی ڕەگەزنامەی عێراقی لێیان، دەرکردنی کرێکار و فەرمانبەر و خێزانە کوردەکان لە کەرکووک و خانەقین.

لە ساڵی ١٩٨٣ی.ز دەزگاکانی ڕژێم لە کۆمەڵگە زۆرەملێیەکانی دەورووبەری هەولێر (٨،٠٠٠-هەشت هەزار) نێرینەی بارزانییان برد و شوێنبزریان کردن.

لە ساڵانی (١٩٨٧تاکوو ١٩٨٨)ی.ز تاوانەکانی ژینۆساید گەیشتە لووتکە، بەشێوەیەکی فراوان چەکی کیمیاوی لە کوردستان بەکارهات، کە هەزاران کەس بوونە قوربانی.

ئەم بابەتانەمان بە درێژی لە بەشەکانی پێشوو باسکردووە، کە بە ئاشکرا تاوانەکانی ژینۆسایدی گەلی کورد دەسەلمێنێ، تاکوو ئێستاش ڕزگاربووانی ئەم تاوانە پێوەی دەناڵێنن.



تعليقات