بەشی بیست و شەشەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ جوگرافیای شاڵاوەکانی ئەنفال:

بەشی بیست و شەشەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ جوگرافیای شاڵاوەکانی ئەنفال:


وەک لە پێشەوە ئاماژەمان بۆکرد، سەرانی ڕژێمی عێراقی دەستکردی داگیرکەر هەر لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقدا، بەردەوام بوون لەسەر سیاسەتی پاکتاوکردنی ڕەگەزی کورد، چونکە لە هزری ناسیۆناڵیستیاندا، کورد مەترسی بوو لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی عەرەب، بۆیە ڕۆژ لە دووای ڕۆژ تاوانەکانیان گەورەتر دەبوون و زیانەکانی گەلی کوردیش بەهەمان شێوە گەورەتر دەبوو، تاکوو ساڵی ١٩٨٨ی.ز ڕژێم بێ پەروا هەرچی هێز و توانا و تەکنۆلۆجیا-تەکنۆلۆژیا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی بە دەستەوە بوو، بەرامبەر گەلی کورد بەکاری هێنا، ئەم جارەیان لە ژێر ناوی (ئەنفال).

تاوانەکانیش بە چەند قۆناغێک دەستیپێکرد کە بریتین لە:ئەنفالی یەک: ئەنفالی دۆڵی جافایەتی، لە (٢٣ی شوبات تاکوو ١٩ی ئاداری ١٩٨٨ی.ز خایاند).

ئەم شاڵاوە بە هێرشکردن بۆ سەر گوندەکانی سەرگەلۆ و بەرگەلۆی دۆڵی جافایەتی لە ٢٣ی شوباتی ١٩٨٨ی.ز دەستیپێکرد.

لە چەند قۆڵێکەوە بە درێژایی (٨٠)کم لە بنگردەوە بۆ لای ڕۆژهەڵاتی دەریاچەی دووکان و شارۆچکەی دووکان، لەوێیشەوە بۆ شاری سلێمانی و شارۆچکەی ماوەت و چوارتای گرتەوە.

ئامانجی ئەم هێرشە لەناوبردن و وێرانکردنی (٢٥-٣٠) گوندی دۆڵی جافایەتی و داگیرکردنی بارەگاکانی سەرکردایەتی هێزی پێشمەرگە بوو لەم ناوچەیەدا.

ئەم هێرشە بربڵاوە سنووری شارۆچکەکانی (سورداش، دووکان، بنگرد، سەرچنار، قەڵاچۆاڵان و چوارتا)ی گرتەوە، بەسەر پەرشتی وەزیری بەرگری (سوڵتان هاشم بوو).

هێزە بەشداربووەکانی ئەم شاڵاوە پێکهاتبوون لە (٢٠) لیوا و شەست فەوج و دەیان فەوجی جاشی سووک و مەفرەزە تایبەتەکان، بە نوێترین چەکی قوڕس و بەخەستی چەکی کیمیاوی لەم هێرشەدا بەکار هات، لە ئەنجامدا چەندین گوند و ناوچە وێرانکران.

بۆ نموونە (قەمچۆغە، شاخەڕەش، دوڵە ڕووت، قزڵەر، قەرەسەرد، ئاسۆس، قەرەچەتان، شەدەڵە، پیرمەگروون، زێوێ، گەڕەدێ، دابان، مەرگە و شارستێن)، هەروەها کانی توو، یاخسەمەڕ، قەیوان..هتد، بەشێوەیەک هیچ گوندێکی ئەم دەڤەرە ڕزگاری نەبوو.

لە کۆتایی شاڵاوەکەدا سەرجەم ناوچەکە داگیرکرا و گشت گوندەکان ڕووخێندران و وێرانکران و ماڵ و سامانیشیان لە لایەن سوپای عێراقەوە بەتاڵان بردرا.

کاتێ گوندەکان داگیرکران، دانیشتوانی ناوچەکە بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەڵاتن، هەندێکیش بەرەو سلێمانی چوون، بۆیە گوندنیشنانی دۆڵی جافایەتی بەشێکی زۆریان دەرباز بوون، بەڵام ئەوانەی بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕایانکرد بەهۆی سەرما و بەفر و بارانەوە زۆریان لە ڕێگادا مردن، ئەو خەڵکەی کە دەرباز نەبوون و مابوونەوە هەموویان گیران و شوێنبزرکران.




تعليقات