بەشی بیست و پێنجەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ هۆکارەکانی ئەنجامدانی شاڵاوەکانی ئەنفال:

بەشی بیست و پێنجەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ هۆکارەکانی ئەنجامدانی شاڵاوەکانی ئەنفال:


بۆیە شاڵاوەکانی ئەنفال زیاتر گوند و لادێیەکانی کوردستانی گرتەوە، چونکە بەسەرچاوەی سەرەکی و بژێوی دانیشتووان و شوێنی داڵدەدانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دادەنرا.

هۆکاری ئەنجامدانی شاڵاوەکانی ئەنفال بۆ لە ناوبردن و قڕکردنی گەلی کورد، ئەمانەی خوارەوەن:

یەکەم: گرنگی شوێنی جوگرافی هەرێمی کوردستان:

ئەم شوێنە گرنگی و تایبەتی ژیۆپۆلەتیکی-جیۆپۆلەتیکی هەیە، کە بایەخ بە دوو بنەمای سەرەکی (سرووشتی و مرۆیی) دەدات، لە ئەنجامی لێکدانی هەردوو بنەما، بنەمای ئابووریش دێتە ئاراوە.

ئەلف؛ بنەمای سرووشتی:

کوردستان بەسەر (٤) چوار دەوڵەتی دەستکردی وەک ئێران و عێراق و سووریا و تورکیای داگیرکەردا دابەشکراوە، ئەم بەناو دەوڵەتانەش بەردەوام لە ململانێی یەکتر دان.

هەرچەندە شوێنی جوگرافی لەسەر زەوی نەگۆڕە، بەڵام لە ڕووی ژیۆپۆلەتیکەوە -جیۆپۆلەتیکەوە لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمەکانی تر بەهۆی کاریگەری هۆکارە ئابووری و سیاسیەکان دەگۆڕدرێت، هەرێمی کوردستان کەوتووەتە نێوان هەر چوار دەوڵەتی (عێراق و ئێران و تورکیا و سووریا)ی داگیرکەر، بۆیە وای لێهاتووە هەردەم کێشەی ئالۆزبێت و دەنگی ڕەوای گەلەکەی نەگاتە جیهانی دەرەوە.

هەرێمی کوردستان گرنگی زۆری هەیە، کە بریتین لە:

١. ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە پترۆڵ و گازی سرووشتی و سامانە کانزاییەکانی تر.

٢. زەوی بە پیت و سەرچاوەی ئاوی زۆر، وایکردووە ببێتە هەمە چەشنەی بەروبوومی کشتوکاڵی، کە دەتوانرێت بە سەبەتەی خۆراکی عێراقی داگیرکەر دابنرێت و کاریگەری لەسەر ئاسایشی خۆراکی گشتی هەبێت.

بایەخی ژیۆپۆلەتیکی-جیۆپۆلەتیکی هەرێمی کوردستان، بە هۆکارێکی گرنگ و سەرەکی دادەنرێت بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانە، چونکە ئەگەر عێراقی داگیرکەر هەرێمی کوردستانی لێ جیابێتەوە، دەبێتە وڵاتێکی هەژار و کەم ئاو و کەم دەرامەتی سرووشتی، کەواتە کوردستان مەرجی بەهێزبوونی ئەم دەوڵەتە داگیرکەرەیە.

بە؛ بنەمای مرۆیی:

ژمارەی دانیشتوان بایەخێکی زۆری هەیە لە پێوەری بەهێزی و لاوازی دەوڵەت لە دیمۆگرافی هەرێمی کوردستان، ئەگەر سەیری دانیشووانەکەی بکەیت لە سەرژمێری گشتی عێراق، ڕێژەی لەدایکبوون، لەم هەرێمە زۆرترە بە بەراورد لەگەڵ ناوەڕاست و باشووری عێراق ڕێژەی مردنیش کەمترە، لەبەر کاریگەری ئاو و هەواکەی و تایبەتمەندی ژنی کورد کە بە وەچەترە، واتە (خصوبة)، ئەمەشیان بە یەکێک لە هوکارە گرنگەکانی دیمۆگرافی دادەنرێت بۆ گەلی کورد.

هەر لەبەر ئەم هۆیەشە ڕژێمی عێراق لە ڕووی ئاسایشی نەتەوەییەوە بیری لێکردووەتەوە و نەخشەی داڕشتووە بۆ لەناوبردنی توێژی گەنجانی کورد، کە بە ئەنجامدانی شاڵاوەکانی ئەنفال بە هەزاران پیاو و ژنی گەنجی کورد لە ناو بردران.

دووەم: تێکچوونی هاوسەنگی تەمەن لە نێوان گەنجانی کورد و گەنجانی ناوەڕاست و باشووری عێراقی داگیرکەردا.

شەڕی درێژخایەنی نێوان (عێراق و ئێران) بووە هۆی لەناوبردنی هەزران گەنج لە بەرەکانی شەڕدا، بەتایبەتی گەنجانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، کە شوێنەواری خراپی (ئابووری و کۆمەڵایەتی و سوپایی) لەسەر کۆمەڵگەی عێراقی هەبووە.

سێیەم: ناوچەیەکی زۆری کوردستان لەژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا بووە، بەتایبەتی ناوچە شاخاویە سەختەکان، کە بۆ بەرنگاری و شەڕ لە بەرژەوەندی پێشمەرگەدا بوو.

حکوومەتی عێراقیش بە مافێکی یاسایی خۆی دەزانی، کە دووبارە ئەم ناوچانە بخاتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی، سوپای عێراقیش لەو لاتر سەرقاڵی بەرەکانی جەنگی ئێران بوو، نەیدەتوانی بە ئازادی ڕووبەڕووی ئێران ببێتەوە، لەبەر گورزی کوشندەی هێزی پێشمەرگە.

بۆیە شاڵاوەکانی ئەنفال زیاتر گوند و لادێیەکانی کوردستانی گرتەوە، چونکە بەسەرچاوەی سەرەکی و بژێوی دانیشتووان و شوێنی داڵدەدانی هێزی پێشمەرگەی دادەنرا.

چوارەم: لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق داگیرکەردا، حکوومەتە یەک لە دووای یەکەکانی عێراق نەتەوەی کوردیان وەک کۆسپ و ڕێگر لەبەردەم یەکێتی نەتەوەی عەرەبدا دادەنا.

بە بیروبۆچوونی سیاسەتمەدارانی عێراق کێشەی کورد مەترسیە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی عەرەب، بۆیە تا بۆیان کرابێت هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ توناندنەوە و لەناوبردنی ئەم مەترسییە، ئەنفالیش بە تۆڵەی هەوڵەکانی پاکتاوکردنی نەژادی گەلی کورد لە عێراق دادەنرێت.

پێنجەم: پەیوەندییە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکانی عێراق.

حکوومەتی عێراقی داگیرکەر لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی بیست، وڵاتێکی دابڕاو نەبوو لەڕووی پەیوەندیە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکانەوە، بەڵکوو پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و جیهانیدا هەبوو، بۆیە لە ڕووی سەربازییەوە لە ماوەی جەنگی هەشت ساڵەی لەگەڵ ئێرانی داگیرکەردا ببوو بە وڵاتێکی بەهێز لە ناوچەکەدا.

پاڵپشتی دەرەوە و جیهان وای لە حکوومەتی عێراق کردبوو، کە گوێ بەهیچ یاسا و بڕیارێکی نێودەوڵەتی نەدات لە دابەزاندنی سیاسەتێکی وێرانکەرانە دژی ناوچەکانی کوردستان.

بۆ نموونە کاتێ حکوومەتی عێراق بەوپەڕی فراوانی و خەستی چەکی کیمیاوی لە شاڵاوەکانی ئەنفال بەکار دەهێنا، حکوومەتی سۆڤیەت داکۆکی لە هەڵوێستی عێراق دەکرد.

جگە لەمەش حکوومەتی تورکیای داگیرکەر بۆ شێواندنی ڕاستییەکان ڕۆڵێکی گرنگی دەگێڕا لەم بارەیەوە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیای داگیرکەر ڕایگەیاند، کە شارەزایانی پزیشکی تورکیا پەنابەرە کوردەکانیان پشکنیوە، هیچ جۆرە شوێنەواری چەکی کیمیاویان بەسەرەوە دیار نەبووە، هەروەها بە داواکاری نەتەوە یەکگرتووەکان ڕازی نەبوو، بۆ ناردنی پسپۆڕانی تەندروستی بۆ پشکنینی پەنابەرە کوردەکان.

شەشەم: نالەباری بارودۆخی کورد، کورد لەم قۆناغەدا زۆر بێکەس بوو، هیچ هێز و وڵاتێک نەبوو پشتگیری و داکۆکی لە مافەکانی بکات و گوشار بخاتە سەر حکوومەتی عێراق بەرامبەر بەو هەموو پێشلکارییە نامرۆڤانەی پەیڕەو دەکرا لە پاکتاوی رەگەزی دژی گەلی کورد، بەتایبەتی لە ساڵی ١٩٨٨ی.ز کە هەموو ناوچەکانی کوردستانی گرتەوە.



تعليقات