شتێک بە ناوی کوردستانی ڕۆژئاوا نامێنێت و ڕادەستی ڕژیمی سووریا دەکرێتەوە.

ساڵح موسلیم، بە (فورات نیوز)ی نزیک لە پەکەکەی راگەیاندووە، بە رێککەوتن لەنێوان تورکیا و رژێمی سووریا بووە، کە عەفرین کەوتووەتە دەستی تورکیا.
بەپێی ڕۆژنامەی (سپۆتینگی) ڕووسی چەکدارانی یەپەگە (باڵی سەربازیی پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان، چەکەکانی خۆیان لە بازاڕی ڕەش دەفرۆشنەوە و بەپێی رێککەوتنێک ناوچە کوردستانییەکانی ژێر کۆنتڕۆڵیان رادەست بە ڕژێمی سووریا دەکەنەوە. سەرکردەیەکی کوردیش لە سووریا ئاماژە بەوە دەدات، کە ڕێککەوتنی پێشووی ھاوپەیمانان لەگەڵ پەیەدە، تەنیا بۆ پارە و پێدانی چەک بووە و شەڕی داعشیان بەو ھێزانە کردووە، ئێستا کە پێویستیان پێیان نەماوە، داوایان لێ کردوون چەکەکانیان رادەست بکەنەوە.‌
چاودێرانی سیاسی لە سووریا پێیان وایە، دۆخی سیاسی و ئیداریی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ھێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، باڵی سەربازی پەکەکە، لە رۆژئاوای کوردستان بەتەواوی گۆڕانکاریی بەسەردا دێت و تەواوی ناوچەکان ڕادەست بە رژێمی سووریا دەکرێنەوە.
بەپێی زانیارییە ڕۆژنامەوانییەکان، ئێستا ئەو ھێزانەی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە، ڕەزامەندییان نیشان داوە، لەگەڵ حکوومەتی سووریا بۆ ئەو پرسە بگەن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، بەو ھۆیانەشەوە ئێستا لە بازاڕی ڕەشی چەکفرۆشتن، لەلایەن چەکدارەکانی یەپەگەوە، دەست کراوە بە فرۆشتنی چەکەکانیان.
پێنجشەممەی رابردووش شاندێکی ئەنجومەنی سووریای دیموکراتی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە، بۆ مەبەستی گفتوگۆ و چۆنیەتیی گەڕانەوەی دامەزراوە و گەڕانەوەی سەربازەکانی رژێمی سووریا سەردانی (دیمەشق)یان کرد و لەگەڵ حکوومەتەکەی بەشار ئەسەد کۆ بوونەوە.
بەپێی ماڵپەڕی (روسیا الیوم)، شاندە کوردییەکە ڕەزامەندیی بە گەڕانەوەی دەسەڵاتەکانی حکوومەتی سووریا بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی پەکەکە داوە.
لە لێدوانێکیشیدا بۆ کەناڵە رووسییەکە، ئیلھام ئەحمەد ئەندامی شاندەکە رای گەیاندووە، شاندەکەیان بۆ وتوێژ لە کاروبارە سیاسی و سەربازییەکان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سووریا، گەیشتووەتە دیمەشق.
بەپێی زانیارییەکانی (باس)، ھەر لە دوای گەیشتنی ئەو شاندە بۆ دیمەشق، وێنەکانی ئۆجەلان و شەھیدانی یەپەگە لە شەقامەکانی شارەکانی رۆژئاوای کوردستان لێ کراونەتەوە و بەپێی رێککەوتنەکەش کێڵگەی نەوتی ڕمێلان بەتەواوی رادەست بە رژێمی سووریا دەکرێتەوە و ناو و ئاڵا و لۆگۆی ئاسایشی رۆژئاوا دەگۆڕدرێت و دەبێت بە بەشێک لە دەزگا ئەمنییەکانی سووریا.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا پێوەند بە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ھێزەکانی سووریای دیموکرات (ھەسەدە) ڕای گەیاند، دەرگاکان لەبەردەم دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ ھێزەکانی سووریای دیموکرات کراوەن، بە ھیوای گەیشتن بە ئەنجامێکی قبووڵکراو.
گوتیشی: “ئەگەر دانوستانەکان بێ ئەنجام بن، ئەوا بەدەر لە بوونی ھێزەکانی ئەمەریکا لەو ناوچانە یان نەبوونیان، ڕێگەچارەی سەربازی بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانە دەگرنە بەر”.
لەبارەی فرۆشتنی چەکیشەوە، ڕۆژنامەی (سپۆتینگی) ڕووسیا بڵاوی کردووەتەوە، دوای کشانەوەی ھێزەکانی یەپەگە لە منبج بۆ ڕۆژھەڵاتی فورات، ‌ئێستا چەکدارانی یەپەگە چەکەکانی خۆیان لە بازاڕی ڕەش دەفرۆشنەوە، چونکە دەزانن پێویستە ئەو چەکانەی بۆ شەڕی داعش وەریانگرتووە، ‌ڕادەستی بکەنەوە.
لەم بارەیەوە، د. کاوە ئازیزی، ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا بۆ (باس) ڕاگەیاند، ئەمەریکا بڕیاری داوە ھێزەکانی یەپەگە بکشێنەوە و ئەو چەکەی پێشیان دراوە ھەمووی ڕادەست بکەنەوە، چونکە وەکوو خۆیان باسی لێوە دەکەن، ئەوان بۆ شەڕی داعش چەکیان داوە بە یەپەگە و بۆ ئەو مەبەستە ڕێککەوتنیان لەگەڵیدا کردووە.
گوتیشی: “پەیەدە لەگەڵ ئەمەریکا و ڕووسیا لە رابردوودا تەنیا بۆ ئەوە ڕێک کەوتوون چەک و پارەیان پێ بدرێت. ھیچ ڕێککەوتنێکی دیکەی سیاسییان بۆ مانەوە لەو شوێنانەی کۆنتڕۆڵی دەکەن نەبووە، ئێستاش کە شەڕ کۆتایی ھاتووە، داوای چەکەکانیان لێ کردوونەتەوە.”
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، ئاشکراشی کرد: “ھێزەکانی یەپەگە کەوتوونەتە دۆخێکەوە کە دەبێت بچنەوە پاڵ ھێزەکانی ڕژێمی سووریا، چونکە ھیچ لایەنێکیان لەپشت ئەوان نەماوە، نە رووسیا و نە ئەمەریکاش پشتیوانی لە کانتۆنەکانیان ناکەن، ھەر بەو ھۆیەشەوەیە کە داوای گفتوگۆی بێ مەرجیان بۆ رادەستکردنی ئەو ناوچانە لە ڕژێمی سووریا کردووە و بەم نزیکانە خۆیان بە بەشێک لە ڕژێمی سووریا دەناسێنن.”
بەڵام، ساڵح موسلیم، بە (فورات نیوز)ی نزیک لە پەکەکەی راگەیاندووە، بە رێککەوتن لەنێوان تورکیا و رژێمی سووریا بووە، کە عەفرین کەوتووەتە دەستی تورکیا، رێککەوتنەکەش لە تاران ئەنجام دراوە، کە ئەوەش دیارە تاران ڕەزامەند بووە بەو ھێرشە.
گوتووشیەتی: “ئەگەر ڕژێم بیەوێت خۆی بە دیموکرات بکات، ئێمە دەتوانین لەگەڵی ڕێک بکەوین”.
ئەوەش بە بڕوای چاودێرانی سیاسی لە سووریا بەو مانایەیە، بۆ رادەستکردنی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵیان لەنێوان تورکیا و سووریا، رژێمی سووریا ھەڵدەبژێرن.
لەم بارەیەوە، عەلی ساڵح، چاودێری سیاسی لە رۆژئاوای کوردستان بۆ (باس) جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، ئەوان پێشبینی دەکەن تەواوی ئەو ناوچانەی بە دەستی ھێزەکانی سووریای دیموکراتەوە (پەکەکە)ەوە ماون، ڕژێمی سووریایان بۆ بگەڕێتەوە.
جێی باسە رژێمی سووریا تۆمەتبارە بە کوشتن و جینۆسایدکردنی میللەتەکەی و لە بەھاری عەرەبیدا خۆپیشاندانەکان بۆ گۆڕینی ئەو رژێمە ھەموو شارەکانی سووریای گرتەوە، دواتریش بووە شەڕی چەکداری و رووسیا و ئێران پشتیوانیی توندیان لە مانەوەی رژێمی بەشار ئەسەد کرد، بەپێی رێککەوتنێکیش رژێمی سووریا رۆژئاوای کوردستانی رادەست بە پەکەکە کرد و ئێستا وەریان دەگرێتەوە.

تعليقات