گۆڕان: پێشمه‌رگه‌ ده‌توانێ بارودۆخى كه‌ركووك چاک کاتەوە

گۆڕان: پێشمه‌رگه‌ ده‌توانێ بارودۆخى كه‌ركووك چاک کاتەوە.


جێگرى سكرتێرى جڤاتى گشتیى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، ئاماژە بەوە دەدات، کە‌ داعش ده‌ستى به‌ جووڵه‌ى سه‌ربازى كردووه‌ته‌وه و مەترسی بۆ سەر شاری کەرکووک دروست کردووە.

ساڵح ژاژڵه‌یی، جێگرى سكرتێرى جڤاتى گشتیی بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، به‌ (باسنیوز)ى ڕایگه‌یاند: "ناكۆكیه‌كانى شعه‌ و سوننه‌ له‌ عێراق وای كردووه‌ دۆخى ئه‌منى شارى كه‌ركووك تێك بچێت، لەگەڵ ئەوەش ئه‌مریكا ئه‌وه‌نده‌ دۆخه‌كه‌ى به‌لاوه‌ گرنگ نییه،‌ بۆیه‌ به‌هۆى ناكۆكیه‌كانى كورد و عه‌ره‌ب ڕه‌نگه‌ نه‌توانرێت ڕێگرى له‌ جموجۆڵه‌كانى داعش بكرێت، به‌ڵكو له‌و نێوه‌نده‌دا داعش زیاتر گه‌شه‌ ده‌كات“.

جێگرى سكرتێرى جڤاتى گشتیی بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، ئەوەشی خستە روو، کە ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر کارێکى خراپ بووه‌، ئێستاش ‌ داعش ئه‌وه‌نده‌ به‌هێز نییه‌ كه‌ بتوانێ وه‌ك جاران شه‌ڕ بكات، لەگەڵ ئەوەش هه‌وڵى ئه‌نجامدانى كارى تێكده‌رانه‌ ده‌دات، زیاتر هه‌وڵى ئه‌نجامدانى ته‌قینه‌وه‌ و كوشتنى خه‌ڵكى سڤیل ده‌ده‌ن، بۆئه‌وه‌ى دۆخه‌كه‌ به‌ سه‌قامگیرى نه‌مێنێته‌وه‌ زیاتر ئاڵۆزى به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا، هه‌رچه‌نده‌ ماوه‌ى چه‌ند مانگێكه‌ سوپای عێراق بارودۆخى ئه‌منى شارى كه‌ركووكى به‌ده‌سته‌وه‌یه،‌ به‌ڵام خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌  ڕووبه‌ڕووى مه‌ترسی بوونه‌ته‌وه‌، دەشڵێت: ”ئه‌وه‌ پاراستنى پێ ناگوترێت، كه‌ هه‌موو ڕۆژێك له‌ناو كه‌ركووك كارى ته‌قینه‌وه‌ ڕووبدات، یان خه‌ڵكى سڤیل بكوژن و بڕفێنن، بۆیه‌ باشتره‌ داوا له‌ كورد بكرێت، بۆئه‌وه‌ى به‌ هه‌ماهه‌نگى پارێزگارى له‌ دۆخى ئه‌منى شارى كه‌ركووك بكرێت“.

ساڵح ژاژڵه‌یی، جێگرى سكرتێرى جڤاتى گشتیی بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، بۆ (باسنیوز) باسی له‌وه‌ش كرد: ”ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ناوماڵى خۆمان ڕێكبخه‌ینه‌وه‌، به‌باشى ده‌زانم هێزى پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ شارى كه‌ركووك، بێگومان ئه‌وكاته‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ ده‌توانێ پارێزگاى له‌ بارودۆخى شارى كه‌ركووك بكات“.

لە 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، سوپای عێراقی و حەشدی شەعبی، بە یارمەتی گرووپەکی خیانەتکار، کەرکووک و ناوچەکانی کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیان داگیرکرد.

Comments