چەند بڕیارێكی نوێی بۆ مۆڵەتی شۆفێری دەردەكرێت

چەند بڕیارێكی نوێی بۆ مۆڵەتی شۆفێری دەردەكرێت.


پێشنیار كراوە بۆ پشكنین پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناو و چاو و دەروونی هەبێت، بۆ ئەوەی كەسێك كە دەخرێتە سەر شەقام و ئۆتۆمبێلی دەدرێتە دەست، لە هەموو بوارەكان تەواو بێـت و كارەسات دروست نەكات
بەرپرسێكی هاتوچۆ ئاشكرای دەكات، سیستەمی مۆڵەتی شۆفێری یەك دەخرێت و بۆ پێدانی مۆڵەتیش دەستكاریی مەرجی تەمەن دەكرێت.
زاهیر محەمەد، بەڕێوەبەری هاتوچۆی كۆیە بە (باس)ی راگەیاند، نووسراوێكی داوەتە وەزیری ناوخۆ تا یاسای هاتوچۆ هەموار بكرێتەوە، گوتی: “یەكێك لەو خاڵانە یەكخستنی پێدانی مۆڵەتی شۆفێرییە، چونكە ئێستا لە ٧ شوێن لە هەرێمی كوردستان بە شێوەی جیاجیا مۆڵەتی شۆفێری دەدرێتە هاووڵاتییان و سیستەمی مۆڵەت پێدانەكەش جیاوازە، دەبێ ئەو سیستەمە یەك بخرێت”.
لە ئاماژە بەوەش دا کە لە نووسراوەكەدا جەخت كراوەتەوە لە پێدانی مۆڵەت دەستكاریی مەرجی تەمەن بكرێت، گوتی: “داوام كردووە دەستكاریی مەرجی تەمەن بكرێت، بە تایبەت بۆ مۆڵەتی گشتی، چونكە ناكرێت گەنجێك كە تەمەنی دەگاتە ٢٠ ساڵی مۆڵەتی شۆفێریی گشتیی پێ بدرێت، لەو تەمەنە بچووكەدا ناتوانێت لۆریی بارهەڵگر و گەڵابە و تانكەر لێ بخوڕێت، بۆیە پێشنیارمان كردووە بۆ پێدانی مۆڵەتی گشتی، مەرجی تەمەن لە ٢٠ساڵەوە بكرێتـە ٢٤ ساڵ”.
لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار كەس مۆڵەتی  شۆفێرییان پێ دراوە.
بەرپرسەكەی هاتوچۆ ئاشكراشی كرد، دەستكاریی چەند میكانزمی پشكنینی چاو دەكرێت، گوتیشی: “بۆ مۆڵەتی شۆفێری تەنیا پشكنینی چاو دەكرێت، ئەوەش هەڵەیە، بەڵكوو دەبێ پشكنینی گشتی بۆ كەسەکە بكرێت، بە تایبەت بۆ باری دەروونی، تەنانەت مۆڵەتی شۆفێری بە هەندێك كەس دراوە كە نەخۆشیی لەهۆشخۆچشوونیان هەیە، یان باری دەروونییان تەواو نییە”.
زیاتر گوتیشی: “پێشنیار كراوە بۆ پشكنین پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناو و چاو و دەروونی هەبێت، بۆ ئەوەی كەسێك كە دەخرێتە سەر شەقام و ئۆتۆمبێلی دەدرێتە دەست، لە هەموو بوارەكان تەواو بێـت و كارەسات دروست نەكات”.
نووسراوەكەی ئەو بەرپرسەی هاتوچۆ لەلایەن وەزیری ناوخۆ دراوەتە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان تا لیژنەیەكی بۆ پێک بهێنرێت.
زاهیر محەمەد پێشنیازی ئەوەشی هەیە: “بۆ ئەوەی سزاکان کاریگەر بن و هەر بیر لە سزا داراییەکان نەکرێتەوە، باشترین لێپرسینەوە بەرامبەر شۆفێران پێدانی ڕەسیدە بە شۆفێران بۆ مۆڵەتی شۆفێری”.
ساڵانە لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە ٨بۆ ١٠ هەزار کەس بەهۆی رووداوەكانی هاتوچۆوە بریندار دەبن، هەروەها نزیکەی ٨٥٠ كەسیش گیان لەدەست دەدەن.
خاڵس قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی جەخت دەكاتەوە، رێژەی مردن بە رووداوی هاتوچۆ مەترسیدارە: “رۆژانە ٣ كەس گیان لەدەست دەدەن و ٢٨كەسیش بریندار دەبن”.

تعليقات