پەرلەمانی سوێد یاسایەكی نوێ سەبارەت بە پرسی پەنابەران دەردەكات و فینلاندیش لەسەر هەمان رێچكەی سویدە. ئەوە لەكاتێكدایە كە هەردوو وڵات ژمارەیەكی زۆری كۆچبەرانیان دیپۆرتی ئەو وڵاتانە كرد كە پەنجەمۆریان لێ وەرگیراوە.
بەرەو وڵاتی یەكەم
ماوەی زیاتر لە 16 مانگ بوو دۆسیەی ئەو كۆچبەرانە راگیرابوو كە لە وڵاتانی دیكە پەنجەمۆریان هەبوو، بەڵام لە هەنگاوێكی تازەدا ژمارەیەكی زۆریان لێ دیپۆرتكرانەوە بۆ ئەو وڵاتەی پەنجەمۆری لێ وەرگرتوون، ژمارەیەكیشیان راستەوخۆ بۆ كوردستان نێردرانەوە.
زۆرینەی ئەو كۆچبەرانە ئەوانەن كە بە ڤیزای شنگن چوونەتە ئەو وڵاتانە، لە نێویاندا جیهادی و بەرپرسی باڵای حكومی و هونەرمەند و سەرنووسەری رۆژنامە و بازرگانی ناسراوی باشووری كوردستان هەیە.
(ف.ت) سەرنووسەری پێشووی یەكێك لە رۆژنامەكانی كوردستان، دوای مانەوەی نزیكەی ساڵێك لە فینلاند، ناچار كرا بەرەو فەرەنسا بگەڕێتەوە و لەوێش چارەنووسی دیار نییە. ئەو ئامادە نییە هیچ لێدوانێك بدات، بەڵام بەپێی زانیاریی كەسانی نزیكی، پەنجەمۆرەكەی ئاشكرا بووە.
بەپێی ئەو رێسایانەی وڵاتانی ئەوروپا لەسەری رێككەوتوون، ئەوانەی بە ڤیزای شنگن دەچنە هەر وڵاتێكی دیكە بۆ داوای مافی پەنابەرێتی، دەبێت بۆ وڵاتی یەكەم بنێردرێنەوە.
كۆتایی هەفتەی رابردووش حكومەتی سوێد هەشت كۆچبەری كوردی ناردەوە ئەڵمانیا. زانیار هادی كە یەكێك بوو لەو كۆچبەرانە بە (رووداو)ی گوت "ئاشكرابووین بە ڤیزای ئەڵمانی هاتووینەتە ئەوروپا و حیسابی كۆچبەرمان بۆ نەكرا". گوتیشی "ڤیزاكەمان لە بازاڕی رەش كڕیبوو، پەیمانمان پێدرابوو كە پەنجەمۆرمان نەبێت، بەڵام لەگەڵ داخڵبوونمان بە فڕۆكەخانەی میونشن، پەنجەمۆرمان وەرگیرا، زیاتر لە ساڵێك لە فینلاند ماینەوە، دواتر ئاشكرا بووین كە بە ڤیزا هاتووینەتە ئەوروپا".
زانیار و هەر پێنج هاوڕێكەی ئێستا لە ئەڵمانیا لە چاوەڕوانیدان. ئەو دەڵێت "ئەگەرێكی بەهێز هەیە دیپۆرت بكرێینەوە بۆ كوردستان".
سەهەند ناوی خوازراوی یەكێك لەو كۆچبەرانەیە كە لە كوردستان بەڕێوەبەری گشتی بووە، لە سوێد خۆی تەسلیم كردووە و پاشان رووی كردووەتە فینلاند، بەڵام دوای ئەوەی ئاشكرا دەبێت بە ڤیزا هاتووە، دەنێردرێتەوە بۆ سوێد و پاشان فەرەنسا.
ئەو ئێستا لە فەرەنسا نیشتەجێیە و لە رەوشێكی خراپدایە، چونكە هیچ خزمەتگوزارییەك نایگرێتەوە. سەهەند لە رێگەی بەشداریكردنی لە خولەكانی پێگەیاندن چەند جارێك سەردانی فەرەنسای كردووە، بۆیە ئاسانتر ڤیزای دەستكەوتووە.
سەهەند كە تەمەنی 48 ساڵە، دەیەوێ بە هەر رێگەیەك بێت جارێكی دیكە بگەڕێتەوە ئەوروپا "بە هەر رێگەیەكی دیكە بێت دەگەڕێمەوە، بەڵام ئێستا كاتەكە گونجاو نییە، بۆیە دەچمەوە كوردستان".
بەپێی زانیارییەكانی سەهەند كە پێشتر لە دوو كەمپی گەورەی فینلاند و سوێد نیشتەجێ بووە "دەیان كەسی ناسراو و دیاری كوردستان، لە بەرپرسی حزبی و حكومی و بازرگان روویان لە ئەوروپا كردووە". گوتیشی "زۆربەیان وەك من بە ڤیزا هاتوون، بۆیە دەبێت ئارەزوومەندانە وڵاتەكە جێبهێڵن، یان بەزۆر دیپۆرت دەكرێنەوە".
سەڵاح مەجید، پارێزەر و شارەزای دۆسیەی پەنابەران، قسەكانی ئەو كۆچبەرەی پشتڕاست كردەوە و گوتی "كەسانی زۆر ناسراوی تێدا بوو، هەندێكیان زیاتر لە 250 هەزار یۆرۆیان پێبوو، كەچی لە كەمپەكان بوون". سەڵاح كە لە هێڵسنكی كاری وەرگێڕانی بۆ بەشێك لەو كۆچبەرانە كردووە، گوتیشی "هونەرمەند و رۆژنامەنووسی وای تێدا بوو، پێشتر بە ئاواتەوە بووم بیانبینم".
بەپێی رێساكانی ئەو وڵاتانە، دەبێت كارمەندانی دامەزراوەی كۆچ بۆ مێدیاكان نەدوێن، بۆیە خۆیان لە گوتەی فەرمی دەپاراست، بەڵام كادرێكی مەیدانی ئەو دامەزراوەیەی فینلاند، بە (رووداو)ی گوت "یۆنان و ئیسپانیا و چەند وڵاتێكی دیكە، ئاسانكاری ڤیزای شنگنیان بۆ ئەو كەسانە كردووە كە ئێستا وەك كۆچبەر خۆیان تەسلیم كردووە، بەڵام دڵنیا بن هەموویان دەردەكرێن".
ناردنەوەی ژمارەیەكی زۆری كۆچبەری خاوەن ڤیزا بۆ وڵاتانی وەك ئەڵمانیا و فەرەنسا سەرەتایەكی نوێیە لە مامەڵەی فینلاند و سوێد بۆ پرسی كۆچبەران. سەڵاح مەجید دەڵێت "پێموایە ئەو هەنگاوە كۆتایی پرسی پەنابەریە لەم وڵاتانەدا".
توندترین یاسای سویدی
هەفتەی رابردوو پەرلەمانی سوێد یاسایەكی تازەی بۆ پرسی پەنابەران دەركرد، دوای سوێد، پەرلەمانی فینلاندیش كەوتە خۆی و بەنیازە یاسایەكی تازە دەربكات. سەڵاح مەجید دەڵێت "ئامادەیی فینلاند و سەركەوتنی سوێد لەو یاسایە، نەرویج و دانیماركیش دێنێتە سەر خەت".
كرۆكی یاساكەی سوێد كە فینلاندیش دەمێكە گفتوگۆی لەسەر دەكات، بریتییە لە مانەوەی كاتی، سنوورداركردنی خزمەتگوزارییەكان و سەندنەوەی مافی هێنانی كەسوكار. یاسا نوێیەكە كە رۆژی 21ی ئەم مانگە لە پەرلەمانی سوێد دەنگی لەسەر درا، هەموو ئەو كۆچبەرانە دەگرێتەوە كە بەر لە 25/11/2015 هاتوونەتە سوێد.
بەپێی یاسا نوێیەكە، هەتا سێ ساڵ مافی مانەوە بەو كۆچبەرانە دەدرێت، بە كۆمەڵێك خزمەتگوزاریی سنوورداری ژیان. لە حاڵەتی باشنەبوونی وڵاتی ئەو كۆچبەرە، ئەگەری ئەوە هەیە بەر لە ناردنەوەی مافی مانەوەكەی بۆ سێ ساڵی دیكە درێژ بكرێتەوە، بەڵام ئەوانەی لەدوای 25ی نۆڤەمبەری رابردووەوە هاتوون، هەرگیز نابنە پەنابەری هەمیشەیی و بۆیشیان نییە كەسوكاریان بهێننە سوێد.
مایا ئیندرشۆن، چالاكڤانی بواری پەنابەران لە سوێد رەخنەی توند لەم یاسایە دەگرێت و دەڵێت "دژی رێساكانی مافی پەنابەران و رێككەوتننامەكانی بواری پەنابەران و رێساكانی مافی پەنابەرێتییە لە سوێد". گوتیشی "لە مێژوی سوێد و سكەندناڤیا، یەكەمجارە یاسایەكی توندی لەو شێوەیە دژی پەنابەران دەربكرێت".
بەپێی زانیارییەكانی مایا، بەهۆی ئەو یاسایەوە پەرلەمان رێگەی بۆ حكومەتی سوێد خۆش كردووە، بۆ ناردنەوەی 162 هەزار كۆچبەر كە ئێستا لە سوێد چاوەڕێی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتین.
زۆربەی پەرلەمانتاران دەنگیان بە یاساكە دا تەنیا پارتی چەپ نەبێت. میكائیل ڤاڵت كە كادیری پارتی چەپە دەڵێت "لە سوێد شتێك نەماوە بەناوی مافی مرۆڤ، بەتایبەت لە بواری مافی پەنابەران كە پێشتر جێگەی شانازیمان بوو وەك سوێدییەك".
rudaw
Comments
Post a Comment