چوكلێتی كینده‌ر مه‌ترسی شێرپه‌نجه‌ زیادده‌كات


چوكلێتی كینده‌ر مه‌ترسی شێرپه‌نجه‌ زیادده‌كات
دوای ئه‌وه‌ی ده‌ركه‌وت جۆره‌ رۆنێكی تێده‌كرێت كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ تووشبوون به‌ شێرپه‌نجه‌وه‌ هه‌یه‌، داواده‌كرێ چوكلێتی "كینده‌ر" له‌ بازاڕ بكشێندرێته‌وه‌ و كۆمپانیا درووستكه‌ره‌كه‌ش ره‌تیده‌كاته‌وه‌.

ده‌زگایه‌كی چاودێریی خۆراك له‌ ئه‌ڵمانیا به‌نێوی " فوود وۆچ " بۆی ده‌ركه‌وتووه‌ له‌ پێكهاته‌ی چوكلێتی "كینده‌ر ریجێڵ" و هه‌ندێكی دیكه‌دا، جۆرێك له‌ رۆن هه‌یه‌ به‌نێوی "هایدرۆكاربۆنه‌ ئه‌رۆماتییه‌كان" كه‌ ئاژانسی سه‌لامه‌تیی خۆراك له‌ ئه‌وروپا ده‌ڵێ ره‌نگه‌ ببێته‌هۆی تووشبوون به‌ شێرپه‌نجه‌.

جۆن هیگ، له‌ دامه‌زراوه‌ی (فوود وۆچ)ه‌وه‌  له‌باره‌ی رۆنه‌ زیانبه‌خشه‌كه‌، به‌ رۆژنامه‌ی (لۆكاڵ)ی گوتووه‌ " ناتوانی بیبینی، ناتوانی تامیشی بكه‌ی، به‌ڵام له‌ پێكهاته‌ی خۆراكه‌كه‌دا هه‌یه‌".

هیگ بانگه‌وازی خه‌ڵكی ده‌كات "داوا ده‌كه‌ین ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ نه‌كڕن، چونكه‌ ئاستی ئه‌و مادده‌ زیانبه‌خشانه‌ تێیاندا رێگه‌پێدراو نییه‌ بۆ خواردن". له‌ لێدوانێكی دیكه‌شدا كۆمپانیاكانی درووستكردنی ئه‌و چوكلێتانه‌ی به‌ "كه‌مته‌رخه‌میی گه‌وره‌" تۆمه‌تبار كردووه‌.

له‌ ماڵپه‌ڕی دامه‌زراوه‌ ئه‌ڵمانییه‌كه‌دا له‌باره‌ی ئه‌و رۆنه‌ی له‌ چوكلێتی (كینده‌ر) و (فیۆریتۆ نۆگا مینی) هه‌یه‌، هاتووه‌ "ئه‌و جۆره‌ رۆنانه‌ ره‌نگه‌ ببنه‌هۆی شێرپه‌نجه‌ و شێواندنی جینی، كه‌چی درووستكه‌رانی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ بازاڕ بیكێشنه‌وه‌".

به‌پێی راگه‌یێندراوی (فوود وۆچ)، ئه‌و پشكنینانه‌ی له‌ مانگی ته‌مموزی ئه‌مساڵ ئه‌نجامدراون، ده‌ركه‌وتووه‌ بڕی رۆنه‌ مه‌ترسیداره‌كه‌ له‌و چوكلێتانه‌ی ناوبران، له‌وه‌ زیاتره‌ كه‌ رێگه‌ی پێدراوه‌ له‌ خۆراكی مرۆڤدا هه‌بێ.

لای خۆیه‌وه‌ كۆمه‌ڵه‌ی (فیریرۆ) كه‌ چوكلێته‌كانی كینده‌ر درووستده‌كات نه‌یشاردووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌رهه‌مه‌كانیان ئه‌و جۆره‌ رۆنه‌ی تێدایه‌، به‌ڵام گوتوویه‌تی ئه‌و مادده‌یه‌ له‌ زۆر به‌رهه‌می دیكه‌ و له‌ ژینگه‌ش له‌ زۆر شوێنی دیكه‌دا هه‌یه‌، هیوایشی خواست هه‌موو لایه‌ك هه‌ر له‌ درووستكه‌رانی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌وه‌ تاكو پیشه‌سازانی خۆراك و دابینكه‌رانی مادده‌ سه‌ره‌تاییه‌كان، به‌شداربن له‌ هه‌وڵه‌كانی باشتركردنی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌.


رووداو

Comments