"پلانداڕێژەری" كودەتاكە ئاشكرادەكرێت... 400 سەرباز دەستیان لەكودەتاكەی توركیادا هەبووە

راوێژكاری یاسایی سەرۆكایەتی ئەركانی سوپای توركیا بە "پلانداڕێژەری"، كودەتاكەی سوپا دادەنرێت، ئەوەش بەپێی ماڵپەڕی سەباحی توركی نزیك لەڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمار.

ئەمشەو هەینی، دەستەیەك بەناوی (سەرۆكایەتی ئەركانی سوپای توركیا)، كودەتای لەو وڵاتە راگەیاند، لەگەڵ ئاماژەدان بە"دەستبەسەراگرتنی تەواوی جومگەكانی دەسەڵات لەتوركیا", لەبەیاننامەیەكدا.

بەپێی ماڵپەڕی سەباحی توركی، 400 سەربازی سەر بەفەرماندەی گشتی جەندرمەو هێزی ئاسمانی‌و سوپای توركیا بەشدارییان لەو كودەتایەدا كردووە‌و هاتووە "محەرەم كوسی، راوێژكاری یاسایی سەرۆكایەتی ئەركانی سوپای توركیا پلانداڕێژەری كودەتاكە بووە".

جگە لەمحەرەم كوسی كە پلەی عەقیدی هەیە، لەنێو 400 سەربازەكەدا، هەشت ئەفسەری تر پلەی عەقید-یان هەیە، هەروەها پێنج موقەدەم‌و یەك نەقیب‌و سێ‌ رائید‌و 15 مولازم ئەوەل‌و سێ‌ ملازم.

ئەوانە سەر بەسوپای توركیاو جەندرمەو هێزی ئاسمانی بوون.

لەبەیاننامەی راگەیاندنی كودەتاكەدا هاتووە "تەواوی هێزە چەكدارەكانی توركیا، بۆ پاراستنی سیستمی دەستوور‌و دیموكراسی‌و مافی مرۆڤ، هەروەها بۆ زامنكردنی ئازادی‌و گەڕانەوەی سەروەریی یاسا‌و بۆ پاراستنی سیستمی ئەمنی وڵات دەستمان بەسەر هەموو بەڕێوەبەرایەتی وڵاتدا گرتووە".

دوای ئەوەش رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری  داوای لەهەوادارانی پارتەكەی‌و خەڵكی توركیا كرد بەچونیان بۆ شەقامەكان دژایەتی ئەو هەوڵە بكەن‌و بەهۆیەوە لایەنگرانی رژانە شەقامەكان‌.

دوای نزیكەی پێنج كاتژمێر لەو بەیاننامەیە، بینالی یەڵدرم، سەرۆك وەزیرانی توركیا، شكستهێنانی ئەو هەوڵەی راگەیاندو بۆ ئەوەش سوپاسی تەواوی خەڵكی توركیاو پارتە سیاسییەكان كرد، بەوەی بۆ پاراستن‌و یەكێتی وڵات دژی كودەتا وەستانەوە.

تائێستا ئاماری وردی زیانە گیانییەكان لەو كودەتایەو روبەڕوبونەوەكان بڵاونەكراوەتەوەو نەزانراوە، بەڵام لەبنكەیەكی پۆلیسدا لەئەنقەرە 17 ئەفسەر كوژران، بەهۆی بۆردومانی فڕۆكەیەكی سەربازی سوپاوە.

هەریەكە لەپارتەكانی جەهەپەو مەهەپەو هەدەپە دژایەتی كودەتای سەربازییان كرد لەتوركیا.


xendan

Comments