عەلی رەزا نووری زادە: هێرشی دووژمنکارانە دژ بە کوردستان هێڵی سوورە
عەلی رەزا نووری زادە، سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەی ئێرانی - عەرەبی، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی رادیۆ تەلەڤزیۆنی رووداو، لەبارەی هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان رایگەیاند "رێگەم پێبدەن یەکەم شت داوای لێبووردن لە گەلی کوردستان بکەم بەهۆی ئەو پەیامە هەڕەشەئامێزەی عەمید سەلامی ئاراستەی هەرێمی کوردستانی کرد، دووەم مەسەلەیەکی فارسی هەیە دەڵێت: سەیر بکە چی دەگوترێت، نەوەک سەیر بکەی کێ چی گوت. عەمید سەلامی کێیە؟ عەمید سەلامی لەماوەی 48 کاژێری رابردوودا بە زمانی چەک و هەڕەشە قسەی کردووە، هەردەم دەڵێت مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل و لوبنان بکرێت".
عەلی رەزا دەڵێت: "راستە ئێران بە بایەخەوە پشتیوانی لە سوپاکەی خۆی دەکات، بەڵام ئەو هەڕەشەیەی لە کوردستان دەیکات، لە هەرێمێک دەیكات رۆژ لەدوای رۆژ گەشەسەندنی یەکجار زۆر بەخۆیەوە دەبینێت، کرانەوەی دیموکراسی بەخۆیەوە دەبینێت، شتێکی نامۆیە ببێتە جێی هەڕەشەی عەمید سەلامی".
سەبارەت بە خەباتی چەکداری حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، عەلی رەزا نووری زادە دەڵێت" حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و پارتەکانی دیکەی کوردستانی ئێران جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە، نیازی ئەوەیان نییە ئەو وڵاتە وێران بکەن یان بیشکێنن، بەڕێز عەبدولرەحمان قاسملۆ، کاتێک خەباتی دەکرد دانوستاندنی لەگەڵ رژێمی ئێران دەکرد، ئەو تەنیا داوای دەستەبەرکردنی مافی کوردی لەچوارچێوەی خۆبەڕێوەبەرییەک لە ئێران دەکرد".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش كرد "کوردی ئێران، بەتایبەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی کۆمەڵە، ئەوانە لە پێشینەی ئەو کەسانەبوون بەرگریان لە هەرێمی کو ردستان کردو دژ بە داعش جەنگان و خوێنیشیان لەو پێناوەدا رشت، هاوکات خوێنیان لەگەڵ کوردانی باشوور و باکوور و رۆژئاواش تێکەڵکرد، بەهیچ شێوەیەک ناکرێت باس لەوە بکرێت هەرێمی کوردستان داوا لە کوردانی رۆژهەڵات بکات بچنە دەرەوە و واز لە هەرێمی کوردستان بهێنن، ئەمە لە بنەما ئەخلاقییەکانی نەوەكانی بارزان و مام جەلالدا نییە، ئەگەرچی دەبێت هەڕەشەکانی ئێران بەجددی وەربگیرێن، بەڵام ئێران ناتوانێت هیچ کارێکی دوژمناکارانە دژ بە کوردستان ئەنجام بدات، ئەمە هێڵی سوورە".
عەلی رەزا راشیگەیاند "كوردستان هێڵی سوورە، چونکە یەکەم شت لەنێوان کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لێکتێگەیشتنێک هەیە، هاوکات حکومەتی فیدراڵی عێراق بەرپرسە لە پاراستنی خاکی کوردستان، بەداخەوە قاسم سولەیمانی رێڕەوی بڕیارەکانی بەغدا بەڕێوەدەبات، لە هەمان کاتدا خەڵکی بەشەرەف و نیشتمانپەروەر لە حکومەتی عێراق هەن، لەسەروویانەوە حەیدەر عەبادی، بەڵام کێین ئەوانەی بەرگری لە کوردستان دەکەن، ئەگەر هاتوو کوردستان رووبەڕووی هەر هەڕەشەیەکی ئێران ببێتەوە، بە بڕوای من رۆڵەکانی کوردستان، ئێرانی بن یان عێراقی، تورک بن یان سووری، ئەوانەی بەرگری لە خاکەکەیان دەکەن و داعش راودەنێن، ئەوانەن دەتوانن بەرپەرچی عەنتەریات و پاڵەوانەتییەکانی سەید سەلامی و غەیری ئەو بدەنەوە".
Comments
Post a Comment