سوپای پاسداران هه‌ڕه‌شه ده‌كات؛ كۆیه بۆردومان ده‌كه‌ین
فه‌رمانده‌ی هێزی زه‌مینی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئیران به توندی هه‌ڕه‌شه له حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ده‌كات‌و ده‌ڵێت بنكه‌ی سه‌ره‌كییان بۆرده‌مان ده‌كه‌ن كه له‌هه‌رێمی كوردستانه.
له‌به‌رامبه‌ردا حزبی دیموكرات بێ باكی خۆی له هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران ده‌رده‌بڕێت‌و ئه‌وه‌ده‌خاته‌ڕوو هیچ بڕیارێكیان نییه بۆ راگرتنی شه‌ڕ، سه‌رچاوه‌یه‌كیش له‌حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ڵێت "ئێران‌و دیموكرات رێككه‌وتنیان هه‌یه كه چالاكی سه‌ربازیی دژی یه‌كتر ئه‌نجام نه‌ده‌ن".
سه‌ردار محه‌مه‌د پاكپور، فه‌رمانده‌ی هێزی زه‌مینی سوپای پاسداران به پێگه‌ی سوپای پاسدارانی ڕاگه‌یاندوه "بنكه‌ی سه‌ره‌كی حیزبی دیموكرات(كۆیه) له هه‌رێمی كوردستان بۆردومان ده‌كه‌ین".
بنكه‌ی حزبی دیموكرات له شاری كۆیه‌یه له‌سنوری پارێزگای هه‌ولێر.
پاكبور ئاماژه‌ی به بنكه‌و باره‌گاكانی حیزبی دیموكرات له هه‌رێمی كوردستان كردوه‌و ته‌ئكیدی كردووه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كان نه‌بن‌و ڕێگری نه‌كه‌ن له جموجۆڵی سه‌ربازی، ئه‌وا پێگه‌ی حیزبی دیموكرات له‌هه‌ر شوێنێك‌و هه‌ر جێگایه‌ك بێت ده‌كه‌وێته به‌ر هێرشی هێزه‌كانیان.
هه‌رچه‌نده فه‌رمانده‌ی هێزی زه‌مینی سوپای پاسداران ئاماژه‌ی به‌وه‌نه‌كردوه ئایا حكومه‌تی هه‌رێم ده‌بێت پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانی بێت یان حزبی دیموكراتی كوردستان، به‌ڵام سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌حكومه‌تی هه‌رێم بۆ خه‌ندان ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو "ڕێكه‌وتنێك له نێوان حزبی دیموكرات‌و سوپای پاسداران به ئاگاداری لایه‌نێكی هه‌رێم هه‌یه‌و به‌پێی ئه‌و رێكه‌وتنه پێویسته حزبی دیموكرات چالاكی سه‌بازیی ئه‌نجام نه‌دات‌و له‌به‌رامبه‌ریشدا ئێران دژی باره‌گاو ئه‌ندامانی دیموكرات كرده‌وه‌ی سه‌ربازیی ئه‌نجام نادات".
ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی ئێران بۆسه‌ر دیموكرات دوای ئه‌وه‌دێت جموجۆڵی سه‌ربازی له‌رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌ستیپێكردوه‌ته‌وه‌و پێشمه‌رگه‌كانی حزبی دیموكرات چه‌ندجارێك توشی شه‌ڕ بوون له‌گه‌ڵ هێزه ئه‌منییه‌كانی ئێران‌و كوژراو و بریندار له‌هه‌ردولا هه‌بوون.
له‌باره‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی سوپای پاسدارانه‌وه، كاوه به‌هرامی ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران به خه‌ندانی ڕاگه‌یاند"ئێمه به پرسی فه‌رمانده‌یی سوپا چالاكیه سه‌ربازیه‌كانمان ده‌ست پێنه‌كردوه، تا به پرسی ئه‌وان كۆتایی پێ بهێنین".
به‌هرامی وتیشی"تائه‌م كاته‌ی قسه ده‌كه‌م، هیچ بڕیارێك بۆ ڕاگرتنی شه‌ڕ نیه‌و باكمان له بۆردومانی باره‌گاكانمان نییه".
سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆش تۆپخانه‌كانی ئێران ده‌ستیانكرد به تۆپبارانكردنی سنوری سیده‌كان‌و چۆمان سه‌ر به پارێزگای هه‌ولێر، به‌هۆیه‌وه پێنج كه‌س برینداربوون.
بۆردومانه‌كه سنوری گونده‌كانی (بێركمه و ده‌رهۆڵ و بنپه‌رێزو كه‌تینه‌و به‌ربزێن‌و به‌نێ)ی گرتووته‌وه، به‌وته‌ی كاروان كه‌ریم خان به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سیده‌كان ئێستا ئه‌و گوندانه خه‌ڵكی تێدا نیشته‌جێ یه، ئه‌گه‌ر بێت و به‌وشێوه‌یه تۆپباران به‌رده‌وام بێت دانیشتوانی گونده‌كان دیسانه‌وه ناوچه‌كانیان جێده‌هێڵن.
هاوكات عه‌بدولواحید گوانی قایمقامی قه‌زای چۆمان به‌خه‌ندانی راگه‌یاند: تۆپباران سنوری گوندی ئالانه‌ی گرتووه‌ته‌وه له قه‌زای چۆمان كه هاوسنوره له‌گه‌ڵ ئێران.
به‌هۆی بۆرودومانه‌كه‌ی گوندی ئالانه‌وه پێنج بریندار گه‌یه‌نرانه نه‌خۆشخانه‌ی قه‌زای چۆمان، یه‌كێكیشیان ره‌وانه‌ی هه‌ولێر كرا.
كه‌نعان كانه‌بی به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی چۆمان به‌خه‌ندانی راگه‌یاند"پێنج بریندار گه‌یه‌نراونه‌ته نه‌خۆشخانه، یه‌كێكیان كه كوڕێكی گه‌نج بووه به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه كه پارچه‌یه‌ك به‌ر ملی كه‌وتبوو ره‌وانه‌ی هه‌ولێر كراوه".
xendan
Comments
Post a Comment