10 باوترین هۆكاری جیابوونەوەی هاوسەرەكان لە جیهاندا

10 باوترین هۆكاری جیابوونەوەی هاوسەرەكان لە جیهاندا
پرۆسەی هاوسەرگیری یەكێكە لە گرنگترین پرۆرسەكانی پەیوەندی لەژیانی مرۆڤدا، بەڵام هەندێکجار هاوسەرگیری دەبێتە ئەزموونێكی نەخوازراو لەژیاندا و جیابوونەوەی لێدەكەوێتەوە، ئەوەش بەهۆی هەڵەی یەكێك یان هەردوو هاوسەرەكەوە، هۆكارەكان زۆرن بۆ جیابوونەوەی هاوسەرەكان، بەڵام لەم بابەتەدا 10 باوترین هۆكار دەخەینە ڕوو لە جیهاندا كە دەبنەهۆی كۆتاییهاتنی ئەم پەیوەندییە:
-ناپاكی هاوسەری: ئەم هەڵەیە هیچ پاساوێكی بۆ ناهێنرێتەوە، لەگەڵ ئەنجامدانی ئەم هەڵەیەدا لەلایەن یەكێك لە هاوسەرەكانەوە، دەستبەجێ كۆتایی بە پەیوەندی هاوسەرگیری دێت.

-
مشتومڕكردنی لەڕادەبەدەر: ڕەنگە مشتومڕكردن بەشێكی ئاسایی بێت لەژیانی هاوسەرەكاندا كە مەبەست لێی بەرەوپێشچوون و لێكتێگەیشتنە، بەڵام مشتومڕكردنی زۆر و بەردەوام لەسەر هەموو بابەتێك ئاماژەیەكی دیارە بۆ نەبوونی خاڵی هاوبەش لەنێوان هاوسەرەكاندا كە دواجار پەیوەندیەكی ناتەندروست دێنێتە كایەوە و ڕەنگە بە جیابوونەوە كۆتایی پێبێت.


-
پێشبینیكردنی بەرامبەر: كارێكی زۆر هەڵەیە هاوسەرەكان لە مێشكی خۆیاندا پێشبینی بۆ یەكتر بكەن كە شێواز و سروشتی مامەڵەیان بەشێوازێكی دیاریكراو بێت، لەپرۆسەی هاوسەرگیریدا هەمیشە هاوسەرەكان پێشبینی دەكەن ئەوی تریان بەجۆرێك بێت، بەڵام دواتر كەمێك جیاواز دەردەچێت، بۆیە باشتر وایە واز لە پێشبینیكردن بهێرێت و پێكەوە كار بۆ بەرەو پێشچوون بكەن.


-
ئازاردانی جەستەیی: یەكێكە لە ترسناكترین هۆكارەكان كە دەبنەهۆی جیابوونەوە، هەندێك هاوسەر، بەتایبەتی پیاوان، توانای گفتوگۆكردنیان نییە، بۆیە پەنا دەبەنە بەر ئازاردانی جەستەیی بەرامبەرەكەیان كە زۆرجار جیابوونەوە بەدوای خۆیدا دێنێت.


-هاوسەرگیری پێشوەخت: چوونە ناو ژیانی هاوسەرگیری لە تەمەنی هەرزەكاریدا ڕەنگە کاریگەری خراپی هەبێت لەدواڕۆژدا، بەپێی توێژینەوەیەكی سەنتەرەكانی "خۆپاراستن و كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشیەكان" چانسی بەردەوامبوونی پرۆسەی هاوسەرگیری نێوان دوو هاوسەر كە لەتەمەنی هەرزەكاریدا ژیانیان پێكهێناوە، تەنها %35ە.


-نەبوونی یەكسانی: بەتایبەتی لە دابەشكردنی ئەركەكاندا، گەر هاتوو ئەركی یەكێك لە هاوسەرەكان بە بەراورد لەگەڵ ئەوی دیكەدا دوو هێندە و سێ هێندە بوو، ئەوا ڕەنگە كێشەی گەورە لەنێوانیاندا دروست ببێت.


-
دەستتێوەردانی باوانی هاوسەرەكان: بەزۆری لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدات كە پشتبەستن بە كلتوور تێیاندا زۆر باوە، ئەم دەستتێوەردانە كێشە بۆ هاوسەرەكان دروستدەكات، بەو پێیەی لایەنی ناكۆك بۆ كێشەكان دروستدەكات، هەتاوەكو لایەنەكانیش زۆربن لە مشتومڕەكاندا، ئەوا گەیشتن بە چارەسەر قورستر دەبێت. هەروەك باوانی هاوسەرەكان زۆرجار هەوڵنادەن لە ڕاستی كێشەكان تێبگەن، ئەوان زیاتر بەچاوی سۆزەوە لەكێشەكان دەڕوانن و بەرگری لە كچەكەی خۆیان یان كوڕەكەی خۆیان دەكەن.
-ماوەی دەزگیرانی: ئەم ماوەیە هەستیارترین و قورسترین ماوەیە، لەبەرئەوەی دوو هاوسەرەكە تازە بە هەڵسوكەوتی یەكتر ئاشنا دەبن. لەم ماوەیەدا قبوڵكردنی بەرامبەر زۆر ئاستەمە، لەكاتی بوونی خاڵی جیاوازدا ڕەنگە هاوسەرەكان پەنا بۆ جیابوونەوە ببەن.
-جیاوازی كەسایەتی و ئامانجەكان: هەموو كەسێك لە ژیاندا ژمارەیەك ئامانجی دیاریكراوی هەیە، بەڵام كاتێك هاوسەرەكان هەست بەوە دەكەن كە ئامانجەكانیان جیاوازن و دوورن لەیەكەوە، ئەوا هەر كەسەیان بۆخۆی كار دەكات و ئەوكات هاوسەرگیریەكەیان مانای نامێنێت.

خەندان

تعليقات