قه‌ره‌یلان هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات: سه‌رۆك شاره‌وانیه‌ نوێیه‌كانی‌ باكور ده‌كه‌ینه‌ ئامانج



موراد قه‌ره‌یلان، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل (هه‌په‌گه‌) –باڵی‌ سه‌ربازی‌ په‌كه‌كه‌- هه‌ڕه‌شه‌ی‌ كردنه‌ ئامانجی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كرد، كه‌ بڕیاره‌ حكومه‌تی‌ توركیا له‌جێگه‌ی‌ سه‌رۆك شاره‌وانیه‌كانی‌ باكوری‌ كوردستان دایانبنێت.

هه‌ڕه‌شه‌كه‌ی‌ قه‌ره‌یلان دوای‌ ئه‌وه‌دێت، حكومه‌تی‌ توركیا بڕیاریدا به‌لابردنی‌ ژماره‌یه‌ك سه‌رۆك شاره‌وانی‌ ناوچه‌كانی‌ باكوری‌ كوردستان له‌پشكی‌ پارتی هه‌رێمه‌كانی دیموكراتیك (ده‌به‌په‌-كورد) به‌چه‌ند تۆمه‌تێكی‌ جیاواز، ده‌یه‌وێت له‌جێگاكانیاندا كاندیدی‌ پارتی‌ داد‌و گه‌شه‌پێدانی‌ ده‌سه‌ڵاتدار (ئه‌كه‌په‌) دابنێت.

موراد قه‌ره‌یلان، كه‌ هاوكات ئه‌ندامی كۆمیته‌ی به‌رێوه‌به‌ری پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌)یه‌، له‌چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ئاسمانی ستێرك –نزیك له‌حزبه‌كه‌ی‌- هۆشداری‌ توندی‌ دا له‌باره‌ی‌ هه‌نگاوه‌ی‌ ئه‌كه‌په‌‌و توركیا، ئه‌وه‌ش به‌پێی‌ ئاژانسی فورات نیوز.

قه‌ره‌یلان ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر پارتی دادو گه‌شه‌پێدان ده‌ستبگرێت به‌سه‌ر سه‌ر شاره‌وانیه‌كانی پارتی هه‌رێمه‌كانی دیموكراتیك (ده‌به‌په‌)، هه‌ركه‌سێك له‌جێگای ئه‌وان بكات به‌ سه‌رۆك شاره‌وانی له‌باكوری كوردستان ئه‌وا ده‌بنه‌ ئامانجی ئێمه‌‌و لێیانده‌ده‌ن".

حكومه‌تی توركیا، سه‌رۆك شاره‌وانیه‌كانی ده‌به‌په‌ له‌باكور، به‌لایه‌نگری‌‌و هاوكاری‌ په‌كه‌كه‌ تۆمه‌تبارده‌كات‌و ده‌یه‌وێت روبه‌ڕوی‌ دادگایان بكاته‌وه‌، له‌مانگی‌ حه‌وتی‌ ساڵی‌ رابردووشه‌وه‌ تائێستا، زیاتر له‌ 18 هاوسه‌رۆكی شاره‌وانی‌ له‌پۆسته‌كانیان دوورخستووه‌ته‌وه‌.

ئه‌وه‌ش له‌چوارچێوه‌ی‌ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا دێت، كه‌ حكومه‌تی‌ توركیا دژ به‌سه‌ركرده‌‌و په‌رله‌مانتارانی‌ كورد له‌وڵاته‌كه‌ی‌ ده‌ستیپێكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ روبه‌ڕووی‌ دادگایان بكاته‌وه‌، له‌ئێستاشدا سه‌دان دۆسیه‌ی‌ بۆ زیاتر له‌ 50 په‌رله‌مانتاری‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ گه‌لان (هه‌ده‌په‌) كردووه‌ته‌وه‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ پارێزبه‌ندییان له‌سه‌ر هه‌ڵگیرا.

فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هه‌په‌گه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌ "حكومه‌تی پارتی دادو گه‌شه‌پێدان شه‌ڕ فروانتر ده‌كات، هه‌مو پرده‌كانی نێوان كورد و توركه‌كان ده‌ڕوخێنێت، ئه‌وان شه‌ر ده‌فرۆشن به‌ ئێمه‌‌و ئێمه‌ ناچار به‌شه‌ڕێكی فراوانتر ده‌كه‌ن".

وتیشی‌ "ئه‌ردۆغان سه‌ددامی سه‌رده‌می نوێیه‌، دوژمنایه‌تی گه‌لی كورد له‌ باكور و باشور و رۆژهه‌ڵات‌و رۆژئاوای كوردستان ده‌كات".

ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی‌ حكومه‌تی‌ توركیا، هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی‌ شه‌ڕ‌و پێكدادانه‌كانی‌ نێوان سوپای‌ ئه‌و وڵاته‌‌و په‌كه‌كه‌، كه‌ له‌مانگی‌ حه‌وتی‌ ساڵی‌ رابردووه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه‌‌و زۆربه‌ی‌ ناوچه‌كانی‌ باكوری‌ كوردستانی‌ گرتووه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش دوای‌ دووساڵ له‌ئارامی‌ هات به‌هۆی‌ پرۆسه‌ی‌ ئاشتیه‌وه‌ كه‌ ئێستا به‌ته‌واوی‌ په‌كیكه‌وتووه‌.

خەندان

Comments